دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 15/03/2023

ئازاری مل و بەشی دواوەی كاسەی سەر

د. هەڤین كەمال شاه محەمەد - پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج

مل ئێشە و ئازاری بەشی پشتەوەی سەر، یەكێكە لەو ئازارە باوانەی كە ڕەنگە زۆربەی كەس بناڵێنێت بەدەستییەوە، چونكە بڕبڕەكانی مل پێكهاتەیەكی ئاڵۆزەو لە حەوت بڕبڕە و كۆمەڵێك بەستەر و ماسولكە و دەمار پێكهاتووە ؛ بوونی هەندێك كێشە لە ملدا ئازاری مل و بەشی پشتەوەی سەر دروست دەكات.

ـ گەلێك جار مل ئێشە و ئازاری بەشی پشتەوەی سەر ڕەنگە كێشەیەكی سادە بێت، بەڵام ئەگەر ئازارەكە باڵ و دەستی گرتەوە، یان نیشانەی تری لەگەڵدا بوو، یان بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ بەردەوام بوو، پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت.

گرنگترین هۆكارەكانی:

۱ ـ گرژبوونی (تەشەنوج) ماسولكەكانی مل:

ڕەنگە بەهۆی جوڵەیەكی كتوپڕ و خێراوە ڕوو بدات كاتێ ماسولكەكان ئامادە نین ؛ یان بەهۆی كارەساتی هاتووچۆە (whiplash injury )، یان لەكاتی وەرزشدا.

۲ ـ شێوازی وەستانی هەڵەی جەستە:

ئەگەر ڕۆژانە ماوەیەكی زۆر بەسەر بەریت بەدیار شاشەی كۆمپیوتەرو لاپتۆپەوە، یان هەر ئامێرێكی تر و سەرت بۆ پێشەوە بچەمێنێتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی هیلاكییەكی زۆر بۆ جەستەو بەستەر و جومگەی بڕبڕەكان و ماسولكەكانی مل، دواتر بێ هێزی و ڕەقبوونی ئەو ماسولكانەی لێدەكەوێتەوە كە ئازار دروستدەكات.

۳ ـ سەوەفان و داخورانی جومگەی نێوان بڕبڕەكانی مل و دروستبوونی ئێسكی زیادە.

٤ ـ نەرم بوونەوەی ئێسك.

٥ ـ ئینزلاقی دیسكی نێوان بڕبڕەكانی مل.

٦ ـ نەخۆشی شێرپەنجە لە مل دا: لەناو بڕبڕەكان و ماسولكەو دەمارەكان، یان لوكیمیا یان لیمفۆما.

٧- نەخۆشی فایبۆمایەڵجیا و مایۆفەشیاڵ پەین سیندرۆم (myofacial pain syndrom)، كە دوو نەخۆشین تەنیا بە نیشانەكانیاندا دەناسرێنەوەو ئازاری بەردەوام و گرژی لە ماسولكەكان و شانەی دەوری ماسولكەكان دروست دەبێت، نەخۆشەكە بەدەست ئازاری بەردەوامەوە دەناڵێنێت، بەڵام پشكنینەكانی پاكن و هیچیان تیا نییە، زۆرجار نیشانەی نەخۆشی شەقیقەشی لەگەڵدا دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP