دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 پێش 2 هەفتە

وەزارەتی تەندروستی لەبارەی هاوردەکردنی دەرمانی بەسەرچوو لە ئوردن، روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

هەرێم نیوز

لەبارەی قسەکانی پزیشکێک بەناوی "دكتۆره‌ عەتییە"، كه‌ باس له‌ ناردنی دەرمانی فڕێدراو دەکات لەلایەن کۆمپانیایەکی دەرمان لە وڵاتی ئوردنەوە بۆ هەرێمی کوردستان،  بەڕێوەبەرایەتی کوالیتی کۆنتڕۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و رادەگەیەنێت، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی کوالیتی کۆنتڕۆڵی جۆری، هاووڵاتیان دڵنیادەکەینەوە، کەوا رێكکارەکانی هاوردەکردن و هێنانی دەرمان بەفەرمی و یاسایی بە زنجیرەیەک رێكکاری زانستیدا دادەڕوات.

ده‌قی روونکردنەوەیەکه‌:

دوای بڵاوبوونەوەی پارچە ڤیدیۆیەکی پزیشکێک بەناوی (د. عەتییە) باس له‌  ناردنی دەرمانی فڕێدراو دەکات لەلایەن کۆمپانیایەکی دەرمان لەوڵاتی ئوردن لەساڵی 2005، گوایە لەجیاتی فڕێ بدرێت، ئەو کات نێردراوە بۆ ھەرێمی کوردستان، وە دەڵێت تائێستاش بەردەوامە، دەرەنجام ئەم جۆرە لێدوانانە دڵەڕاوکێ و شڵەژانی دەروونی و بێ متمانەیی لەنێو هاووڵاتیان دروست دەکات.
ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی کوالیتی کۆنتڕۆڵی جۆری، هاووڵاتیان دڵنیادەکەینەوە کەوا رێكکارەکانی هاوردەکردن و هێنانی دەرمان بەفەرمی و یاسایی بە زنجیرەیەک رێكکاری زانستی و تۆمارکردن و دڵنیابوونی سەرچاوە و کارگەی بەرهەمهێنان و پشکنینی تاقیگەیی وورد دا دەڕوات، ئینجا ڕێگە بە هاوردەکردن و پێدانی مۆڵەتی بەکارهێنان دەدرێت، مەحاڵە لەئێستادا هەر دەرمانێک بەفەرمی رێگەپێدانی بەکارهێنانی پێ بدرێت ئەگەر تەواوی ڕاستی و دروستی کوالیتی نەبێت، وە پڕۆسەی چاکسازیکردن و کۆنتڕۆڵکردن لە ئێستادا ئاستی زۆرباشی بەخۆوە بینیوە.
ئەم بەڕێزەش پێویستە ئەم بابەتە پشتڕاست بکاتەوە و هەموو ڕاستی و دۆکیومێنتی ئەو قسانە بسەلمێنێ، تاوەکو بەرچاوڕوونیمان هەبێت و سوپاسی هەر کەس و لایەنێک دەکەین هاوکارمان بێت بۆ دۆزینەوەی هەر دەرمانێکی بێ کوالیتی و نافەرمی و هەر گومانێک کە هەبێت، بەپێچەوانەوە رێکكاری یاسایی دەگیرێتە بەر لە بەرامبەر فڕێدانی قسە و دروستکردنی گومان و دڵەڕاوکێ و لاوازکردنی متمانەی هاووڵاتییان وە دەبێت ئەم بەڕێزە بەپرسیار بێت لەبەرامبەر یاسا و دادگا و وەڵامی ڕای گشتی و بەرژەوەندی نەخۆش بدرێتەوە، چیدیکە قبوڵ ناکرێت بە قسە و پڕوپاگەندەی بێ بنەما سەر لە هاووڵاتی و نەخۆش بشێوێندرێت و ترس و دڵەڕاوکێ دروست بکرێت و غەدر لە نەخۆش بکرێت.
جارێکی دیکە هاووڵاتیان دڵنیادکەینەوە، کەوا دەرمانی فەرمی و پەسندکراوی کوالیتی کۆنتڕۆڵ هیچ کێشەیەکی نییە و هەمووان بەڕێگەی سیستەمی نوێی ئەلیکتڕۆنی و تەکنەلۆجیای دژەساختە دەتوانن چاودێر و پشتڕاست بن و لە هەر کێشەیەکیش دەتوانن لەڕێگەی هێڵی گەرمی راگەیاندراوی سەر دەرمانەکە پەیوەندیمان پێوەبکەن و ئاگادارمان بکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی کوالیتی کۆنتڕۆڵی دەرمان و پێداویستی پزیشکی KMCA
14 ئازار 2023



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP