هەرێم نیوز
سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دەنگێک هەیە بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نەکات.
جەمال حاجی محەمەد سەرۆکی جڤاتی گشتی و ئەندامی دەسلەکارکێشاوەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا رایگەیاندووە، " ئەوە ڕاستە کە دەنگێک هەیه لەناو گۆڕان لەسەر بەشدارینەکردنی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان".
دەشڵێت، "ئەوانیش مافی خۆیانە وابڵێن، چونکە ئەگەر هاتوو ئێمە خۆمان ڕێکنەخەینەوە منیش ترسم هەیە. ترسمان لەوە هەیە دەنگی پێویست نەهێنین".
سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم، جەمال حاجی محەمەد ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەمە دەنگێکی گەورەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، بەڵام دەبێت هەموومان تاوتوێی بکەین و بزانین کشانەوەمان لە قازانجماندایە یاخود مانەوەمان".
سەبارەت بە ئاشتکردنەوەی لایەنگران و سەرکردەکانی گۆڕان، جەمال حاجی محەمەد ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ عوسمانی حاجی مەحمود و سەرکردە ناڕازییەکانی تری گۆڕان لە گفتوگۆدان، وتیشی: جارێ لە وتووێژداین، بۆیە نامەوێت زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە باس بکەم.