دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 04/03/2023

ڕۆژانە چەندە پلاستیک دەخۆین..؟

نوسینی: لوقمان حەوێز

لەگەڵ هەموو سودەکانی پلاستیک لە بەکارهێنانەکان بەڵام یەکێک لە خراپترین داهێنانەکانی مرۆڤ بووە...

بەداخەوە هەموومان ڕۆژانە هەریەکەمان بەبێ ئەوەی ئاگاداربین و بزانین ڕۆژانە سەدەها و ساڵانە هەزارەها تەنۆچکەی زۆر وردی پلاستیک لەشێوەی مایکرۆپلاستیک دەخۆین و دەخۆینەوە لەگەڵ خواردن و خواردنەوەکانمان...

لەوەتەی ساڵی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو تاوەکو ئێستا ئێمەی مرۆڤ تێکڕا بە هەمووی پتر لە 8 ملیار تۆن پلاستیکمان بەرهەم هێناوە لە سەرانسەری جیهان بەهەموو جۆرەکانی، تا ئێستاش بەردەوامین، واتە هەشت هەزار ملیۆن تۆن، ئەگەر هەموو ئەو بڕە زۆرە وەربگرین لەسەرەتاوە تاوەکو ئێستا تەنیا بڕی 9% ی لێ ڕیسایکل کراوەتەوە لە هەموو جیهان، ئەوی تر تێکەڵ بە خاک و ئاو بووە لە سەر زۆربەی هەرە زۆری پانتاییەکانی سەر ڕووی هەسارەکەمان، لەلاتان سەیر نەبێت هەندێکیشی بەشێوەی تەنۆچکەی مایکرۆسکۆپی تێکەڵی هەوا بووە...

زۆربەی جۆری پلاستیکەکان دوای ئەوەی فڕێدەدرێن و ماوەیەک کە لەژینگە دەمێننەوە بەهۆی تیشکی خۆر یان گەرمی یاخود کارلێکە کیمیاییەکان لەگەڵ خاک و ئاو و توخمەکانی تر لە ژینگە کارلێک دەکەن و شیدەبنەوە و دەبنە پارچەی وردتر، بڕێکیشیان دەبنە تەنۆچکەی زۆر ورد کە بە مایکڕۆپلاستیک دەناسرێت، واتە تەنۆچکەی زۆر زۆر ورد لە پلاستیک، ئەو جۆرە وردە بەئاسانی تێکەڵ بە خواردنەکان دەبن لەکاتی بەرهەمهێنانیان، یان لەکاتی هەڵگرتن و پاراستنیان، دەچنە نێو لەشی گیاندارە کێوی و خۆماڵیەکان و ماسیەکانیش...

لە لێکۆڵینەوەیەک کە لە ئەمەریکا ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری زانستەکانی ژینگە و تەکنەلۆژیا بڵاوکرایەوە دەرکەوتووە هەر تاکێک لە ئەمەریکا ساڵانە نزیکەی 70 هەزار تەنۆچکەی مایکرۆپلاستیک دەخوات و دەخواتەوە لەگەڵ جۆرەکانی خواردن و شلەمەنیەکان، ئەو بڕەش ساڵانە دەکاتە چەند گرامێک لە پلاستیک، بێ گومان بارودۆخەکە لە شوێنەکانی تری جیهانیش ئەگەر خراپتر نەبێت باشتر نیە...

لێکۆڵینەوەکە دەڵێت تاوەکو ئێستا بە وردی هەموو وردەکاری زیانەکانی خواردن و خواردنەوەی مایکرۆپلاستیک نازانین لەسەر تەندروستی مرۆڤ، بەڵام بەدڵنیاییەوە زیانی هەیە چونکە ئەو تەنۆچکانەی پلاستیک جۆرەها ئاوێتە و توخمی ژەهراوی دروست دەکەن لەناو لەش و هەندێکیشیان دەمێننەوە لەنێو خانەکانی لەش...

لەئێستادا باشترین جێگرەوەی پلاستیک بۆ هەڵگرتن و پاراستنی خواردەمەنیەکان و ئاو شوشە و سیرامیکە، زەرفی کاغەزیش جێگرەوەیەکی زۆر‌باشتری زەرفی پلاستیکە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەم جێگرەوانە تەواوێک گرانترن و پلاستیک زۆر زۆر هەرزانترە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP