دواین هەواڵ

جیهان‌

 27/02/2023

دەزگاى هەواڵگریى ئەمریکا: چین ئامادەکاری دەکات بۆ داگیرکردنى تایوان

هەرێم نیوز

سی ئای ئەی، دەزگاى ھەواڵگری ناوەندی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکی چین، سوپای وڵاتەکەی راسپاردووە خۆیان بۆ داگیرکاری تایوان تا ساڵی ٢٠٢٧ ئامادەبکەن.

ویلیام بێرنز بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرایکرد، بە پێی راپۆرتە ھەواڵگیرییەکان، شی جین پینگ سەرۆکی چین، رێنمایی بۆ سوپای وڵاتەکەی دەرکردووە، کە ئامادەکاری بکەن بۆ لەشکرکێشی بۆ سەر تایوان تا ساڵی ٢٠٢٧، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نایەت کە لەو ساڵەدا داگیرکارییەکە ئەنجامدەدات یاخود نا.

ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت ئەمریکا ویستی سەرۆکی چین بۆ داگیرکردنی تایوان بەجدی وەربگرێت، تەنانەت ئەگەر پێکدادانی سەربازیش روونەدات. 

لەلایەکی دیکەوە، جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، بە تۆڕی "ئەی بی سی" نیوزی راگەیاندووە، پێدەچێت پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆکانی ئەمریکا و چین لەداھاتوویەکی نزیکدا رێکبخرێت. ناوبرا وتی، تا ئێستا ھیچ پلانێک دانەنراوە، بەڵام پێشبینی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەنێوان ئەو دوو سەرۆکەدا دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP