دواین هەواڵ

ئابوری‌

 01/12/2022

داهاتی نەوتی عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە

هەرێم نیوز

داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم، یەک ملیار دۆلار کەمیکردووە، هۆکارەکەیشی بۆ کەمیی هەناردە و دابەزینی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراوی مانگی رابردوو (تشرینی دووەم) رایگەیاند، "بەپێی ئاماری کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق - سۆمۆ، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا گەیشتووەتە 99 ملیۆن و 867 هەزار و 946 بەرمیل نەوت. داهاتی ئەو نەوتەش 8 ملیار و 231 ملیۆن دۆلارە."

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، "تێکڕای نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی رابردوودا 97 ملیۆن و 204 هەزار و 696 بەرمیل بووە. هاوکات هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 363 هەزار و 20 بەرمیل."

بە تێکڕا رۆژانە، بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی نەوت، سێ ملیۆن و 329 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتەش بە (82,416) دۆلار فرۆشراوە.

هۆکارەکانی کەمبوونەوەی داهاتی عێراق دوو هۆکارن؛ یەکێکیان ئەوەیە لە مانگی تشرینی یەکەمدا 104.8 ملیۆن بەرمیلی هەناردە کردووە و هەر بەرمیلێک نەوتیشی بە 88.5 دۆلار فرۆشتووە، بەڵام لە مانگی تشرینی دووەمدا، پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی کەمتر فرۆشراوە و نرخی هەر بەرمیلێکیش شەش دۆلار کەمتر بووە. 

لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەمیش، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامارەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاوی لە مانگی تشرینی یەکەم بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردبوو، "بەپێی ئاماری کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق - سۆمۆ، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا گەیشتووەتە 104 ملیۆن و 831 هەزار و 120 بەرمیل نەوت؛ داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە نۆ ملیار و 281 ملیۆن و 647 دۆلار."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP