هەرێم نیوز
ئەنوەر ئیبراهیم لە تەمەنی 75 ساڵیدا و دوای رووبەڕووبوونەوەی چەندین نوشست و هەوراز لە ژیانی سیاسیدا دواجار لە هەڵبژاردنی چەند ڕۆژی ڕابردوو بە هێزێکی زۆری جەماوەری گەڕایەوە و زۆرترین دەنگی بەدەست هێنان و ئەمڕۆ 24-12-2022 کرا بە دەیەم سەروەک وەزیرانی مالیزیا.
ئەنوەر ئیبراهیم،لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو شان بەشانی سەرۆک وەزیران مهاتیر محمد لە هەوڵی بونیادنانی مالیزیادا کاری کردوە، جێگری سەرۆک وەزیران، و وەزیری دارایی بووە.
وا چاوەڕوان دەکرا لە ساڵی 1998 جێگای مهاتیر محمد بگرێتەوە و ببێتە سەرۆک وەزیران، بەڵام بابەتەکە تەواو گۆڕا ! ناکۆکیەک دروست بوو لەنێوانیان.
لە ساڵی 1998 ئەنوەر لە هەموو پۆستە سیاسییەکانی دوورخرایەوە، دوای ئەوەی بە چەند تۆمەتێک تۆمەتبار کرا، لەوانە تۆمەتی "گەندەڵی دارایی و ئیداری" و تۆمەتی "نێربازی"، بردیانە زیندان، هەروەها دادوەر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند لە ساڵی ١٩٩٩ بە تۆمەتی گەندەڵی. تا هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە لە ساڵی ٢٠٠٤.
دواتر لە هەوڵەکانی بەردەوام بوو بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و حیزبێکی نوێی دانا و وەک ئۆپۆزسیۆن بەردەوام بوو، بەڵام بەردەوام ڕێگری بۆ دادەنرا و تۆمەتی "نێربازی" لەسەر مابوو، دوای چەند دادگاییکردنێک بۆ جاری دووەم بێتاوان دەرچوو، لە ڕۆژی چوارشەممە 16/5/2018 ئەنوەر ئیبراهیم ئازاد کرا.
ئەنوەر ئیبراهیم و مەهاتیر محمد هاوپەیمانیەکیان ڕاگەیاند بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، جارێکی تر ڕیزەکانیان یەکخستەوە بۆ ئەوەی خۆیان لەو هەڵبژاردنەدا کاندید بکەن لە ساڵی 2018 ، توانیان لە هەڵبژاردن بیبەنەوە، بەبەڵێنی مەهاتیر دەبوو دوای دوو ساڵ و لە 2020 ئەنور ئیبراهیم بچێتە جێگای مەهاتیر و ببێتە سەرۆک وەزیران، بەڵام وەک جاران بەهۆی ناکۆکی ڕێگای پێنەدرا.
راستە دوای ئەو هەموو ساڵە پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرت بەڵام ئەنوەر ئیبرایم ئاڵنگاریی زۆری لەپێشە، لەوانە ئابووری وڵات کە بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و هەروەها ئەو پێویستی بە هاوکاری بەشێک لە سەرسەخترین رەقیبە سیاسییەکانێتی.