دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 18/11/2022

ئەتۆمەکەى عێراق لە نێوان دوێنى و ئەمڕۆدا

لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە بەرپرسانى عێراقى بیریان لە دروستکردننەوەى دامەزراوە ئەتۆمیەکان کردوەتەوەو دەیانەوێت بیخەنەوە سەر پێ، بەڕاست لە ئێستادا دۆخی ئابوری، ئەمنی، سیاسی عێراق گەشتوەتە ئەو ئاستەى بیر لەوە بکەنەوە دامەزراوەى ئەتۆمی بونیاد بنێنەوە؟ ئەوە لە کاتێکدا لە ساڵی 1981 فرۆکە ئیسرائیلیەکان دامەزراوەی تەموزیان لە ناوەڕاستى عێراقدا بۆردومان کرد و دەرکەوت کە عێراق چەند ساڵێکە خەریکی بونیادنانى پرۆژەیەکی ئەتۆمییە.

پرۆسەى ئۆپێرا و پرۆژەى تەمووز

رۆژى 7/6/1981 دوو فرۆکەی ئیسرائیلی لەنێوان سنورى ئەردەن و بەسەر خاکی عەرەبستانى سعودییەدا هێرشیان کردە سەر پارێزگاى بابل لەناوەڕاستى عێراق و ناوچەیەکیان بۆردومان کرد و بە خێرایی گەڕانەوە کە دواتر دەرکەوت زانیارییە هەواڵگرییەکان پشتڕاستى ئەوەیان کردوەتەوە کە پسپۆڕە فەرەنسییەکان سەرگەرمی دامەزراندنى پێگەیەکی ئەتۆمی بوون لە گەڵ عێراقیەکان و لەو هێرشەدا 10 سەربازی عێراقی ئەندازیارێکی فەرەنسی کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون، هێرشەکە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە چەند هەفتەیەکی مابوو بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى کنێست (یاخود پەرلەمان)ى ئیسرائیل، هەرچەندە هێرشەکە کاردانەوەى جیاوازی لێکەوتەوە، بەڵام هیچیان لە جوغزی راگەیاندن و میدیا نەچونە دەرەوە.

سەرەتاى پرۆسەى ئەتۆمی عێراق

بە پێى بەدواداچونە میدیاییەکان پرۆژەى ئەتۆمی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشایەتى، بەڵام نەتوانراوە ئەکتیڤ بکرێت، بەڵام لە شەستەکانى سەدەى ڕابوردو و ناوەڕاستى حەفتاکاندا زۆر فراوان کراوە، سەرەتا حکومەتى عێراق بۆ بونیادنانى پرۆژەکەى پەناى بردوەتە بەر حکومەتى ئیتاڵیا بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوەو دواتر لە گەڵ حکومەتى فەرەنسیدا و گەشتونەتە ڕێککەوتنێک لە ساڵی 1975 دا 72 کیلۆگرام یۆرانێۆمیان پێ بفرۆشن و 93% ى پرۆسەکەشیان فێربکەن لەبەرامبەر 300 ملیۆن دۆلاری ئەو کات، لە ساڵی 1976 یش دا دامەزراوەى پیتاندنى یۆرانیۆمیان پێ بفرۆشن.

ئیسرائیلیەکان لە بۆسەدا بوون بۆ ئەوەى عێراق نەتوانێت پرۆسەکەى بە ئەنجام بگەیەنێت هەربۆیە (یەحیا مەشەد)ى پسۆڕی ئەتۆمی بەڕەگەز میسری و سەرپەرشتیارى پرۆسەکەیان لە ئوتێلێکی پاریس دا تیرۆرکرد و هەروەها ئەو کارگەیەش کە فەرەنسا ئامادەى کردبوو بیگەیەنێتە عێراق لەناوی برد هەرچەندە عێراق لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆمیش دابوو.

ئەتۆمەکەى عێراق و ئیسرائیل

لە کاتژمێر 3.45 خولەکی عەسری رۆژى 7/6/1981 بە هەشت فرۆکەى ئەمەریکی لە جۆری ئێف 16 هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر پرۆژەکە و لەناویاندا، بە پێى بەدوادا چوونەکان فرۆکەکان لە بیابانى سیناوە بە سەر خاکی عەرەبستانى سعودییەدا بەرەوعێراق پەڕیونەتەوەو لە بەرزایی 90 بۆ 150 مەتردا بە ناوخاکی عێراقدا هاتونەتە سەر پرۆژەکە تا هیچ ڕادارێکی عێراقى نەتوانن دەستنیشانیان بکەن و بیاندۆزنەوە. بۆردومانەکە کەمتر لە 2 خولەکی خایاند و 16 موشەکیان کێشا بە شوێنەکەدا، هەرچەندە بیناکە بە تەواوى نەڕوخا، بەڵام زیانێکى زۆری بەرکەوت، ئەو تەنها کەسە فەرەنسییەى کە لە پرۆسەکەدا پێوە بوو دواتر دەرکەوت کە یەکێک بووە لە سیخورەکانى دەزگاى هەواڵگری مۆسادى ئیسرائیلی و ئەو جێگەکەى بۆ دیاریکردون بەڵام تا ئێستا ڕوون نەبوەتەوە بۆچی بەر لە هێرشەکە ناوچەوکەى بەجێ نەهێشتووە.

ئەتۆمی سەردەمی سەدام

سەدام حسێن بەردەوام هەڕەشەى بەرکاهێنانى چەکی قورس و موشەکی دورهاوێژى دەکرد، هەربۆیە بۆ ماوەى 10 ساڵ لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بوو، لیژنەکانى پشکنینى نێودەوڵەتى 250 جار هاتنە عێراق و تەنانەت کۆشکەکانى سەدام حسێن یشیان پشکنى بەو قوتابخانەو مزگەوت و نەخۆشخانانەشەوە کە گومانیان لێدەکرد، بەڵام لە کۆتاییدا دەرکەوت ئەوەى سەدام دەیگوت هەرەشەیەک زیاتر نەبوو، ئەو پرۆژەیەش کە ناوى لێنابوو تەموزى 1 و 2 مەترسییەکی ئەوتۆیان نیەو سەرۆکی تیمی پشکنینیش لە 2003 و پێش لە روخانی رژێم ڕایانگەیاند، کە عێراق ناتوانێت مەترسی لەسەر ئاسایشى جیهان دروست بکات ، بەڵام سیاسیەکانى ئەمریکا باوەریان نەکرد و بە بیانووی هەبوونى چەکی قەدەغەکراو هێرشیان کردە سەرى و لە رۆژى 9/4/2003 کۆتایی بە دەسەڵاتى عێراق هات و هیچ کارگەیەکی ئەتۆمی یان موشەکێکی دوور هاوێژ نەدۆزرانەوە. ئەوەى کە دۆزرایەوە ساترێکی خۆڵ بوو بە بەرزایی 50 مەتر و درێژى 9 کیلۆمەتر و نیو کە بەدەورى کارگە کۆنەکەى توەیسەدا دروستکرابوو. 

ئێستای عێراق

لە دواى پرۆسەى ئازادی عێراق لە ساڵی 2003 زاناو پسپۆڕە ئەتۆمی و فیزیاییەکانى عێراق ئەگەر لە تیرۆر دەربازیان بوبێت ئەوا لەناوخۆدا نەماون و بەناچارى چونەتە دەرەوەى عێراق و نایانەوێت جارێکی دیکە بگەڕێنەوە عێراق و ناوێرن لەو هەلومەرجەدا خۆیان بکەن بە خاوەنى وەها پرۆژەیەکی مەترسیدار.

عێراق لە ئێستادا کە خاوەنی سەروەریی خۆی نیە و حکومەتەکەى ناتوانێت کۆڵانەکانى بەغداد کۆنترۆڵ بکات و لە دەرەوەى ناوچەى سەوز ناتوانێن مێشولەیەک لە ئاو بکات بە بێ ڕەزامەندی میلشیاکان لەکوێ دەتوانێت دەست بۆ بابەتێکی وەها مەترسیدارببات؟ ئەوە جگە لەوەى کە عێراقى ئێستا گیری بەدەست بێ ئاوییەوە خواردووە و ئێران و تورکیا زۆرینەى ئاوەکەیان گرتوەتەوە کە بۆ ساردکردنەوەو پێداویستیەکانی پرۆژەکە ئاو پێداویستییەکی سەرەکییە، ئەوە سەرەڕای ئەو ململانێ و ناکۆکییانەى لەنێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە لە عێراقدا و بەردەوام سنور و سەروەرییەکانى تێکدەشکێنرێت و هیچی پێناکرێت، هەربۆیە دوورە بتوانرێت وەها پرۆژەیەک بە بێ مەترسی بچێتە پێشەوە و ئەو خەیاڵە ببێتە واقیع.

لە لایەکی تریشەوە  لە ئێستادا عێراق 16%ى کارەباى دابینکراوى هەیەو ساڵانەش 15% پێداویستى و زیادەى مەسرەفى دێتە سەر، بەو پێیەش بروات لە 10 ساڵی داهاتوودا 100% پێداویستى کارەباى بۆ زیاد دەبێت، واتە دوو بەرامبەرى ئێستەى پێویست دەبێت کە ئێستا کەمێکی کارۆئاوییەو ئەوەى تری لە ڕێگەى نەوتەوە دابیندەکرێت.
لە ئێستاشدا بەرپرسانى عێراق باسیان لەوە کردوە کە بۆپرکردنەوەى ئەو بۆشاییە گەورەیەى کارەبا پێویستیان بە 8 وێستگەى ئەتۆمی هەیە تا 11 گێگاوات کارەبا دابین بکات بە بری 40 ملیار دۆلاری ئەمریکی بونیاد دەنرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ هەردوو ولاتى روسیا و کۆریاى باشور گفتوگۆیان کردووە.

پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا لەئەگەرى دروستکردنى پرۆژەى ئەتۆمی عێراقدا دەتوانرێت بەرگریی لێبکرێت و پێش لە کۆتایی نەکەونە بەرهێرشی درۆنەکانى یەکێک لە وڵاتانى دراوسێ، یان عێراقیش بەرەو وڵاتێکی ئەتۆمی هەنگاو هەڵدەگرێت و دەچێتە ریزی  ئەو وڵاتانەى بەشێکی زۆر لە کارەباکەى لەو ڕێگەیەوە دابین دەکات و لە نێوان ململانێ ناوخۆیی و هەرێمیەکاندا دەربازی دەبێت؟



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP