دواین هەواڵ

کوردستان‌

 17/11/2022

سەرۆک کۆماری عێراق: پێویستە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەگوێرەی دەستور چارەسەر بکرێن

هەرێم نیوز

سەرۆک کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، هیوادارە لایەنەکان بتوانن کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاوڵاتیان کاری لەپێشینە بێت، لەو چوارچێوەیەشدا بەگرنگی دەزانن کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەگوێرەی دەستور چارەسەر بکرێن.

د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی-کوردستان لە دهۆک وتارێکی پێشکەش کرد و ئەوەشی خستەڕو، "پاراستنی ئارامی و ئاسایشی عێراق کاری لەپێشینەمان دەبێت و لەو چوارچێوەیەشدا هیوادارم بتوانین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەگوێرەی دەستور چارەسەر بکرێن، لەو چوارچێوەیەشدا پشتیوانی دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز دەکەین کە هەردو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ داوای پەسەندکردنی دەکەن".

سەرۆک کۆماری عێراق داواشیکرد پرسی ئاو جێگەی بایەخی حکومەت و هاوڵاتیان بێت و بەباشی بەڕێوەببرێت، لەم بارەیەوە وتی، سەرەرای ئەوەی جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکرێن، لە هەمانکاتیشدا پرسی پاراستنی ئاو، ژینگە و گەرەنتیکردنی ئاسایشی ئاویش پێویستە کاریان بۆ بکرێت و جێگەی بایەخی دەوڵەت بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP