دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 09/11/2022

د. بارزان جه‌وهه‌ر: سه‌در كارتێكی تری ده‌ستی ئێران بوو بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی شه‌قام

 محه‌مه‌د جه‌مال – هه‌ولێر

مامۆستایه‌كی زانكۆ ده‌ڵێت، كۆمه‌ڵێك هه‌ڕه‌شه‌ له‌به‌رده‌م كابینه‌كه‌ی سودانی دا هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌م كابینه‌یه‌ لاواز بێت و نه‌توانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.

د. بارزان جه‌وهه‌ر، مامۆستا له‌ كۆلێژی زانسته‌ سیاسییه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین بۆ هه‌رێم نیوز ڕایگه‌یاند، كۆمه‌ڵێك هه‌ڕه‌شه‌ له‌به‌رده‌م حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی هه‌یه‌، ده‌كرێ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێ كه‌ كابینه‌كه‌ی شیاع سودانی لاواز ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی سودانی له‌ گرووپی دووه‌می سیاسییه‌كانی عێراقه‌، واته‌ سه‌رۆكی حزب و كه‌سایه‌تییه‌ به‌هێزه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی نیيه‌ كه‌ بتوانێت بڕیار به‌ده‌ست بێت.

دەشڵێت:" هه‌میشه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌ دژی ئاماده‌یه‌‌، ئه‌ویش هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌در و سانسۆركردنی حكومه‌ت و سێبه‌ری ئه‌وان وا ده‌كات وه‌كو هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت بمێنێته‌وه‌.

وتیشی، یه‌كێك له‌ فاكته‌ره‌كانی زوو پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق، بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا ڕووبه‌ڕووی ئێران بۆته‌وه‌ و تاكو ئێستاش به‌رده‌وامه‌، چونكه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ وا له‌ ئێران ده‌كات زیاتر سه‌رقاڵی كێشه‌كانی ناوه‌خۆی بێت نه‌ك عێراق و وڵاتانی تری هه‌رێمی، بۆیه‌ په‌له‌ كرا له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق.

د. بارزان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ سه‌در یه‌كێك بووه‌ له‌ كارته‌كانی تری ئێران، ئه‌ویش بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی تری سیاسی به‌كارهێنرا له‌ ناوچه‌كه‌ دا، چونكه‌ ئێرانییه‌كان له‌ دوای سالی 2019ـه‌وه‌ تێگه‌یشتن كه‌ بۆشاییه‌كی سیاسی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌ عێراق دا، ئه‌ویش شه‌قامه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان حكومه‌تیان به‌ڕێوه‌ ده‌برد، به‌ڵام شه‌قامی عێراقییان پشتگوێ خستبوو.

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ ئه‌مریكا و ئیمارات و سعودیە و وڵاتانی تری نه‌یاری ئێران له‌ عێراق دا هه‌وڵیان دا ئه‌و بۆشاییه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ده‌ست ئێرانه‌وه‌ نه‌مابوو، ته‌نانه‌ت بودجه‌شیان بۆ خه‌رج كرد تاوه‌كو بتوانن شه‌قام له‌ دژی حكومه‌ت به‌كاربهێنن، وەتوانیان كۆتایی به‌ كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بهێنن، بۆیه‌ ئێران هه‌ستی كرد كه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ پێویسته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شه‌قام، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی سه‌دره‌وه‌ توانی شه‌قام به‌ده‌ستبێنێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستانیش، ڕوونی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و خاڵانه‌ی له‌ كابینه‌كه‌ی سودانی كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ دوو ته‌وه‌ر كۆبۆته‌وه‌، ئه‌ویش پرسی نه‌وت و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، ئه‌م دوو پرسه‌ش به‌شێكی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ و ده‌سه‌ڵاتی سودانی و ته‌نانه‌ت چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیشه‌، به‌ تایبه‌ت پرسی مادده‌ی 140 كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ و چه‌ندین وڵات، ته‌نانه‌ت "یوئێن"ـیش نه‌یتوانیوه‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات و یه‌كلایی بكاته‌وه‌.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP