هەرێم نیوز
مەزڵوم کۆبانی رایگەیاند، رووداوی نقوومبوونی بەلەمی کۆچبەرانی خەڵکی رۆژئاڤا لە جەزائیر، کارەساتێکە پێشانیدەدات کە پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێش هەمووان هەوڵی زیاتر بگرێتە بەر بۆ دابینکردنی داهاتوویێکی باشتر بۆ خەڵکی ناوچەکە.
ئەمڕۆ سێشەمە، مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "رووداوی نقوومبوونی بەلەمی کۆچبەرانی خەڵکی رۆژئاڤا لە جەزائیر، کارەساتێکە پێشانیدەدات کە پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێش هەمووان هەوڵی زیاتر بگرێتە بەر بۆ دابینکردنی داهاتوویێکی باشتر بۆ خەڵکی ناوچەکە."
مەزڵوم کۆبانی، داوا لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دەکات "بەرپرسیاریەتییەکە هاوبەش بکات و لە باشکردنی دۆخی خەڵک بەشدار بێت،دەشڵێت، "ناسەقامگیریی سیاسی، قەیرانی ئابووری و هێرشە بەردەوامەکانی داگیرکاری تورک رۆژانە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵکی سڤیل و ئاوارەکانی ناوچەکە."
ئەوەش هاتووە، مەزڵوم کۆبانی داوا لەو هاونیشتمانییانە دەکات کە لە جەزائیر گیریان خواردووە، "هەموویان بگەڕێنەوە و بەڵێنی هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین و یارمەتیی پێویستیان پێ دەدەین بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بگەڕێنەوە."
بە گوێرەی میدیاکانی فەلەستین، زیاتر لە 62 کۆچبەری خەڵکی سووریا کە 50یان خەڵکی شاری کۆبانێن و ژن و منداڵیان لەنێودایە، لە لایەن حکومەتی جەزائیرەوە "بێ ئاو و نان" نێردراونەتە بیابانی جەزائیر.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژانی 3 و 4ی ئۆکتۆبەر، لە نزیک جەزائیر، دوو بەلەمی کۆچبەران کە بە ئامانجی گەییشتن بە ژیانێکی خۆشتر بچن بۆ ئیسپانیا، نقوومبوون و لە ئەنجامدا 13 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا یان بێسەروشوێن بوون کە بەشی هەرە زۆریان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و بەدیاریکراوی کۆبانێ بوون.