د. پشتیوان فەرەج
لە توێژینەوەیەكی نوێدا دەركەوتوە كە هاندانی منداڵ بۆ ئەوەی خەونی گەورە ببینێت گرنگی زیاتری هەیە وەك لە زیرەكی و ئای كیو و دەوڵەمەندی خێزانەكەی.
ئەو توێژینەوە داتای ٦٤ ساڵی كۆكردۆتەوە و لە ئیلسیفەر بڵاوکراوەتەوە بۆیان دەركەوتوە تا خەونی منداڵ گەورەتر بێت دواتر لە ژیاندا سەركەوتنی گەورەتر بەدی دەهێنن لەچاو لەو منداڵانەی خەونی بچوك دەبینن بۆ ئایندەیان یان لە خێزانێكی دەوڵەمەندن و خەونیان نیە.
لەسەر ئاستی جیهاندا خێزانەكان زۆرجار دڵیان زۆر بەوە خۆش دەبێت كاتێك منداڵەكانیان دەڵێن كە گەورە بوین دەبین بە سەرۆكی وڵات، یان ئەستێرەیەكی هونەری ناودار یان زانا یان چوون بۆ سەرمەریخ.
هەندێك خێزان گرنگی بەوەنادەن منداڵەكانیان خەون بەچیەوە دەبینن و وایان لێدەكەن ئەو خەونەیان نەبێت بە ڕاستی چونكە خۆیان لە ژیان سەركەوتێكی ئەوتۆیان بە دەست نەهێناوە. زۆر لە خێزانەكان دەزانن ژیان لەدەرەوەی خێزان چەند قورسە و هانى منداڵەكانیان دەدەن خەونەكانیان بچوك یان لە ئاستی خۆیاندا زیاتر لە واقیعەوە نزیكتر بێت.
بەڵام بەپێ ی توێژینەوەیەك كە داتای ٦٤ ساڵی بەكارهێناوە و زانیاری نزیكەی ١٧٠٠٠ حەفدەهەزار منداڵی وەرگرتوە و ١٠ جار ئەو توێژینەوە دوبارە كراوەتەوە لە ساڵی ١٩٥٨ تا ساڵی ٢٠٢٢ دەركەوتوە خێزان و مامۆستا ڕۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەیە لە دیاریكردنى خەونی گەورە یان بچووك و ئەگەر خێزان و مامۆستا هانی خوێندكار بدەن بۆ ئەوەی خەونی گەورەببینن ئەوا ئەو خەونانە دێنە دی و بەپێچەوانەشەوە. بەپێ ی ئەوتوێژینەوە هەبوونی خەونی گەورە لە زیرەكی و ئای كیو و دەوڵەمەندی و بەهرەی خێزانەكان گرنگترە.
بۆچی دەبێت هانی منداڵەكەت بدەی خەونی گەورە ببینێت؟
بەداخەوە لە بەشێكی توێژینەوەكەدا دەركەوتوە كە منداڵی خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكان بە گشتی خەونێ بچوكتر دەبینن بەبەراورد بە خێزانە دەوڵەمەندەكان. بۆ نمونە لە تەمەنی ٧ ساڵیدا تەنها %٢٠ ێ منداڵی خێزانە هەژارەكان خەونی ئەوەیان هەبوە كە زانكۆ تەواو بكەن كەچی %٤٠ ێ منداڵی خێزانە دەوڵەمەندەكان پلانی تەواوكردنی زانكۆیان هەبوە. بەگشتی دەركەوتوە منداڵی هەژار خەونی بچوك و منداڵی دەوڵەمەند خەونێ گەورەتر دەبینن.
ئەمەش هیچ خەتای منداڵەكانی تیا نیە و دایكان و باوكیان لەوە بەرپرسن. هەربۆیەش منداڵی هەژارەكان كە گەورە دەبن تەنهادوای خەونە بچوكەكان دەكەون بەبەراورد بە مناڵی دەوڵەمەندەكان. دەزانم زۆربەی خوينەر ئەم ڕاستیەی پێ ناخۆشە بەڵام هەواڵێكی دڵخۆشكەرانەی ئەم تویژینەوە ئەوەیە كە دەڵێت ڕاستە باری دارای و كۆمەڵایەتی خێزان كاریگەری زۆری هەیە كە منداڵەكان گەورە بوون دەبن بەچی بەڵام پێچەوانەكەشی ڕاستە.چونكە ئاستی گەورەیی خەون بینینی منداڵ ئایندەی ئەو منداڵە دیاری دەكات و خێزانو مامۆستاش ڕۆڵی زۆرگەورەیان هەیە لە دیاری كردنی ئەو خەونانە و هاندانی منداڵ بۆ ئەوەی گەورەبیر بكەنەوە.
چونكە ئەگەر خەونێ گەورەیان هەبوو ئەوا پلان و بەرنامەی بۆ دادەنێن و لە بەدیهێنانی خەونەكانیان نزیك دەبنەوە. بە پێ ی توێژینەوەیەكی كۆمەڵگای توێژینەوەی دەروونناسی بەریتانی دەڵێت هاندان و تەشجیعكردنی منداڵ لەلایەن دایك و باوك و مامۆستا گرنگی زیاتری هەیە وەك لە دەوڵەمەندی و باشی دۆخی دارایی خێزانەكان.
تا سەقفی خەونی منداڵ گەورەتر بێت لەئایندەسەركەوتوو تر دەبن، ئامانجی گەورە گرنگی زیاتری هەیە بەبەراورد بە زیرەكی و دەوڵەمەندی خێزانەكان.ئەنجامێكی دیكەێ ئەم توێژینەوە ئەوەیە ئەگەر منداڵی كچ هانبدرێت خەونێ گەورە ببینێت ئەوا ڕێژەی سەركەوتنی زیاتر دەبێت لەومنداڵە كوڕانەێ كە خەونی گەورە دەبینن.
بەڵام توێژینەوەكە دەڵیت تەنها هاندانی منداڵ بەتەنها بەس نیە بۆ ئەوەی خەونی گەورە ببینن بەڵكو دەبێت لە ماڵەوە و قوتابخانە فێری ئەوە بكرێن كە كۆمەڵگا پڕە لە ناعەدالەتی و نایەكسانی و و سترەكچەرێكی داپۆلۆسێنەر لە جیهانی سەرمایەداریدا هەیە دەبێت كاربكەن بۆ گۆڕینی ئەو سترەكچەر و سیستەمەی كە دەرفەت بۆمنداڵی هەژار و كەمدەرامەت كەمتر دەكات و وەهاپەروەردە بكرێن كە گەورە بوون هەوڵ بدەن بەشێكی كەمی ئەو ناعەدالەتی و نایەكسانیە كەم بكەنەوە ئەویش بە ئاشناكردنیان بە مافەكانی خۆیان وەك مافی دەنگدان و كاری خۆبەخشی و كاری ڕێكخراوەیی بكەن.
توێژینەوەكە دەڵيت هەرگیز نەكەن لە خەونی منداڵەكانتان بدەن یان بچوكیان بكەنەوە بۆ نمونەئەگەر كچەكەت ویستی كە گەورە بوو ببێت بەیاریزانی تۆپی پێ بەڵام نازانێت چۆن شووت لە تۆپێك بدات یان كوڕەكەت ویستی ببێت بە گۆرانیبێژێكی بەناوبانگ باشتر وەهایە هەرگیز ساردیان نەكەنەوە و دڵیان نەشكێنن بەڵكو هەر هاندەریان بن و تەنانەت ئەگەر گەورەش بوون و خەونەكەیان نەهاتە دی تەنها بۆ ماوەیەك دڵیان دەشكێ، گرنگ نیە خەونەكەیان دەكەن بە ڕاستی یان نا گرنگ ئەوەیە خەونێ گەورە ببینن.