دواین هەواڵ

کوردستان‌

 03/11/2022

پارتی گۆڕانکاری لە پەیڕەو و پڕۆگرامدا دەکات

هەرێم نیوز

پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی 14، گۆڕانکاری لە پەیڕەو و پڕۆگرام دەکات و چەند پێشنیارێکیش بۆ گۆڕانکاری لە ئۆرگانەکانی پارتی خراونەتەڕوو.
عەلی تەتەر، ئەندامی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاندوە، ماوەی 12 ساڵە پارتی کۆنگرەی نەبەستووە، لەو ماوەیەدا گۆڕانکاری زۆر لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان روویانداوە، بۆیە پێویستە پارتی گۆڕانکاری لە زۆر شتدا بکات.

وتیشی: "هەندێک لە بەندەکانی پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتی دەگۆڕدرێن، ئەمەش بۆ ئەوەی باشتر خۆمان لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بگونجێنین، خۆم یەکێک بووم لەو حەفت ئەندامەی چەند ساڵێکە کارمان لەسەر گۆڕانکارییەکانی پەیڕە و پڕۆگرام کردووە، ئەو گۆڕانکاریانەی کراون بە راوێژ بووە لەگەڵ رێکخستنەکان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی پەیڕە و پڕۆگرام بگونجێت لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەو قۆناغە".

ئەوەشى خستۆتەڕو، "نوێنەرانی کۆنگرە بە گڕوتینەوە باس لە گۆڕانکارییەکان دەکەن و دەیانەوێت پارتی سەرکردایەتییەکی بەهێزتر و گەنجتری هەبێت، بەڵام ئەوە بە مانای کەسانی بە ئەزموون نییە، بەڵکو تێکەڵککێشانی هێزی کەسانی بە ئەزموون و توانای گەنجانە، هەروەها دڵنیام رێژەیەکی بەرچاوی ئافرەتان لە کۆنگرە دەبنە ئەندامی سەرکردایەتی".

سەبارەت بە گۆڕانکاری لە ناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن ئاماژەی بەوەکرد، پێشنیاری زۆر لەوبارەوە کراون و کۆنگرە یەکلایی دەکاتەوە.

دەنگۆی ئەوەش هەیە بارەگای بارزانی بکرێتە ناوەندێکی گەورە، عەلی تەتەر دەڵێت: "بارەگای بارزانی دەزگایەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و تەنیا موڵکی پارتی نییە، بۆیە دەکرێت خەڵکی دیکەش لەوێ کار بکەن پارتیش نەبن".

ئەمڕۆ 3/11/2022، کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک دەستیپێکرد، سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرایەوە و هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە جێگرانی سەرۆک بارزانی هەڵبژێردرانەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP