دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 28/10/2022

لە بیری ئۆپۆزسیۆنییەوە بۆ سواربونى شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک کەلێنەکانى دەسەڵات و پۆپۆلیزمی کوردی

ساڵانێکى زۆر نییە دەستەواژەیەکی نوێ هاتوەتە نێو کایەى سیاسی و ئەدەبیات و میدیاى کوردییەوە کە پێى دەگوترێت پۆپۆلیزم و لەڕێگەى ئەو جوڵە و گوتارەوە دەیانەوێت چارەسەری کێشەو ئاریشەکانی خەڵک بکرێت، بەڵام بە سەیرکردنێکی خێرا دەگەینە ئەو بڕوایەى خۆی بوەتە بەڵای سەر بەڵایان و ئێستا هەرێمى کوردستان بە دەست دیاردەکەوە دەناڵێنێت  و ناشزانرێت کەنگی لەو پەتایە دەربازی دەبێت و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە وەدەر دەکەوێت.

ئەوەى هەموان لەسەرى کۆکن سەرکردە پۆپۆلیستەکان لەناو کۆمەڵگادا زیاتر قسەیان برەو و رەواجیان هەیە، ئەو دروشمانە بەرز دەکەنەوە کە زیاتر لەگەڵ هەست و سۆزی خەڵکیدا دەگونجێت، بەڵام بۆ خەڵکی شی ناکەنەوە کە چۆن دەتوانن داخوازییەکان جێبەجێ بکەن، بە تایبەت دروشمی خۆشگوزەرانی و باشترکردنی ژیانی خەڵک، بۆ ئەمە بەرنامەیەکی زانستی ئابوری پێشکەش ناکەن کە لەگەڵ واقیعی سیاسی و ئابوری هەرێم و عێراق و ناوچەکەدا بگونجێت، گوتارێکیان نییە لەگەڵ واقیعی توانا مرۆییەکانی کوردستان و ناوچەکەدا بگونجێت و تەنها لە دەرگاى خەیاڵ پڵاوی دوور لە واقیع دەدەن و خەڵک چاوەڕی دەکەن گوایە دەرگا کڵۆمدراوەکانیان لەسەر دەکەنەوە، بەڵام
 پۆپۆلیستەکان لە جیاتی ئەوەی پلانێکی زانستیانەی ئابوری پێشکەش بکەن، هەوڵدەدەن بە کۆمەڵێک دروشم و قسەی دڵخوازی خەڵک رای گشتی لە بەرژەوەندی خۆیان دروست بکەن.

بە پێى وتەى شارەزایان پۆپۆلیزم جۆرە تێگەیشتنێکە لە سیاسەت کە کۆمەڵگە بەسەر دوو بەشی تەواو جیاوازدا دابەش دەکات،  بەپێی ئەم تێگەیشتنە وەهمییە بەشێکی کۆمەڵگا لەڕووی ئەخلاقییەوە بە تەواوی پاک و بێگەردن، ئەم بەشە بەو پێیەی خەمێکی هاوبەشیان هەیە یەکگرتوون، لە بەرامبەردا بەشەکەی دیکەی کۆمەڵگە ئەو دەستەبژێرە سیاسی و ئابورییەن کە بە تەواوی گەندەڵن، هەموو سیاسەت و رەفتارەکانیان دژی بەرژەوەندییەکانی بەشە پاک و بێگەردەکەی کۆمەڵگایە و لەتەواوی کایە مەعریفی و ئەخلاقى و خزمەتگوزارییەکە داڕنراون، بۆیە هەرچییەکیان لەبەرامبەردا بکرێت دروستەو پێویست ناکات بیر لە چاکەو خراپەو دەرئەنجامەکانى بکرێتەوە، تەنانەت گومان لەسەر هەموو کایەکانى ژیانى بەرامبەرەکانیان دروست دەکەن و چاویان لەسەر جوڵە گەورەو بچوکەکانیانەو وەک دەگوترێت بۆ بەرامبەرەکانیان کێچێک دەکەنە گایەک و بە پێچەوانەشەوە بۆ خۆیان گایەک دەکەن بە کێچێک؟

ئەوەى دۆخەکەى ئاڵۆزتر کردوە ئەو بۆچونە سەقەتەیە کە رەخنەگرتن لە دەسەڵات و دەستەبژێری سیاسی و ئابوری مەرجێکی سەرەکی بێت بۆ بوون بە کەسێکی پۆپۆلیست، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە هەر کەسێک رەخنە لە دەسەڵات و دەستەبژێری سیاسی بگرێت پۆپۆلیستە، چونکە لەو حاڵەتەدا هەموو رەخنەگران وەک پۆپۆلیست دەناسرێن، پۆپۆلیستەکان جگە لەوەی شەڕی نوخبەی دەستەبژێر دەکەن کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیکەشیان هەیە کە جیایان دەکاتەوە لە رەخنەگرانی دیکە.

پۆپۆلیستەکان کاتێک لە ئۆپۆزسیۆندان هەموو رکابەرەکانی خۆیان بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکەن، کاتێکیش دەسەڵات بە دەستەوە دەگرن هیچ هێزێک وەک ئۆپۆزسیۆن بە فەرمی ناناسن کە نوێنەرایەتی بەشێکی کۆمەڵگە بکات و ئەوەش لە هەست و سۆزی خەڵکی ڕەشۆکی و عەوامەوە زۆر نزیکە ، هەربۆیە زۆرینەی کەس و لایەنە پۆپۆلیستیەکان سوارى شەپۆلی ناڕەزایەتى خەڵک دەبن و بەو ئاڕاستەیەش سەوڵ لێدەدەن کە ئەوان دەیانەوێت و لە کۆتایشدا ناگەن بە کەنارەکانى ئارامی و لەناو شەپۆلەکاندا بەجێیان دێڵن.

لە هەرێمی کوردستان کەس و لایەنە پۆپۆلیستەکان (کە چەند کورسییەکی دیاریکراویان بەدەستهێناوە) و ڕێژەکەى کەمترە لە 10%خەڵک، کەچی کەسە پۆپۆلیستەکانی ئەو حیزبە هەموو دەنگدەرانی حیزبەکانی دەسەڵات کە زیاتر لە نیوەی دەنگدەران دەنگیان پێداون وەک بەشێک لە خەڵک حیساب ناکەن، پێیانوایە ئەو حیزبانەی کە زۆرینەی کورسییەکانیان هێناوە بە دەنگی ساختە و فڕوفێڵ بووە، پێیانوایە هەموو ئەو خەڵکەی لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی حیزبەکانی دیکەدا بەشداریدەکەن بە زۆر و هەڕەشە بەشدارییان پێکراوە، زۆر جار بە ئاشکرا لایەنگری حیزبەکانی دەسەڵات بە کۆیلە ناودەبەن و خۆیان بە ڕێبەرى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئاینیی عەیارە 24وێنادەکەن.

پۆپۆلیستەکان بەشێک لە خەڵک وەک هەموو گەل سەیر دەکەن، بۆ نموونە سەرنجی ئەو قسەیەی دۆناڵد ترەمپ (سەرۆکی پێشووى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا) بدەن لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لایەنگرانی خۆیدا گوتبوی :" تەنیا شتێک کە گرنگە یەکێتی و یەکگرتوویی ئێوەیە، چونکە خەڵکی دیکە بۆ ئێمە هیچ گرنگییەکیان نییە، لە هەمان کاتدا سەرنجی کۆمێنتی سەرۆکی حیزبێکی کوردیش بدەن و بەراوردی بکەن بە قسەکانی ترەمپ و پۆپۆلیستەکانی دیکە کاتێک کە لە وەڵامێکی کۆمێنتی هاوڵاتییەکدا لە فەیسبووک لەسەر یەکێتی دەڵێت یەکێتی بە خێری خەڵکی سلێمانی لەم شارەدا جێگایان بووەتەوە و میوانێکی رەزا قورسن، ئیتر ئەو هەزاران دەنگدەر و جەماوەرەی یەکێتی لە سلێمانی بە بەشێک لە خەڵکی شار نازانێت، هەروەکچۆن ترەمپ هەموو ئەمریکییەکان بە ئەمریکی نازانێت.

پۆپۆلیستەکان زۆر جار بناغەی سیاسەتیکردنیان لەسەر بنەمای دوو چەمکی  (ڕاست و ناڕاست / دەستپاک و گەندەڵ)دا دادەنێن، بەو واتایەی دوو جۆرە خەڵک هەن، جۆرێکیان زەحمەتکێشن و پاک و بێگەردن سەربە خۆیانن، جۆرەکەی دیکەیان گەندەڵ و مشەخۆر و سەر بەدەسەڵاتن، پۆپۆلیستە راستڕەوەکان جگە لەم دابەشکارییە تەنانەت خەڵکی هەژار و کەمداهات و پەرواێزخراوی کۆمەڵگاش دەخەنە ریزی خەڵکی مشەخۆر و بێ کەڵکەوە کە بارن بەسەر کۆمەڵگاوە و پێیان وایە ئەوە ئەوانن تەمەنی حیزبە دەسەڵاتدارەکان درێژدەکەنەوە و لێرەوە دەردەکەوێت کە تا کوێ باوەڕیان بە ئازادی و مافەکانى مرۆڤ هەیە.

پۆپۆلیستەکان لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا شەرعییەتی هەموو رکەبەرەکانیان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، دروشم دەدەن و دەڵێن: " هەموویان دەبێت بڕۆن"

" حیزبەکانی دیکە هیچ جیاوازییەکیان پێکەوە نییە و هەموویان دز و گەندەڵن"

" دەبێت بڕۆن و ئەم وڵاتە چۆڵ بکەن"

" هەموویان دەدەینە دادگا و ..." چەندین دروشمی دیکە

هەربۆیە کاتێک دەگەنە دەسەڵات هیچ هێزێکی ئۆپۆزسیۆن بە فەرمی ناناسن، چونکە خۆیان نوێنەری هەموو خەڵکە باشەکەن و هیچ هێزێکی دیکە نییە نوێنەرایەتی ئەوان بکات.

پۆپۆلیستەکان تا ئەو کاتەی لە دەسەڵاتدان خۆیان بە کوێخای خەڵک دادەنێن،  کەسانی نزیک لە بێرلێسکۆنی (سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیتالیا) داوایان لە خەڵک دەکرد کە خەیاڵیان ئاسوودەبێت، نیگەرانی هیچ شتێک مەبن، بچن لە ماڵەوە دابنیشن و سەیری تەلەفیزیۆن بکەن، چونکە وڵاتەکەمان داوەتە دەست بازرگانێکی ئەمین کە ئیتالیاش بە هەمان شێوەی کۆمپانیاکانی زۆر سەرکەوتووانە ئیدارە دەکات.

هەمان نمونەش لە هەرێمی کوردستان بەئاشکرا دیارەو بازرگانى دەستبڕ و خەڵەتێنەر داواى گۆڕانکاریی دەکات و لە هەمان کاتیشدا لە بچوکترین هەل دەگەڕێت کە خۆی جێگەى ئەوانى دیکە بگرێتەوەو وەک دەگوترێت دەستى بگاتە غەزوبەزەکە...

بە کورتی پۆپۆلیستەکان لە دوای هەر دۆڕاندنێک بانگەشەی ئەوە دەکەن ساختەکاری کراوە، دامەزراوەکانی حکومەت گەندەڵن و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان دەستکاری کردووە.هەربۆیە پۆپۆلیزم هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ سەر ئەو سیستمە سیاسییانەی کە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەستاودەستی دەسەڵات دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام خۆیان بە داکۆکیکاری سەرسەختی بەرژەوەندی گشتی دادەنێن.

کاتێکیش بە دەسەڵات دەگەن، دەست بەسەر دامەزراوەکانی حکومەتدا دەگرن، لەڕێی پارەوە خەڵک دەکڕن، خۆیان نەبێت هەموو خەڵکیان پێ گەندەڵە لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان گەندەڵی گەورە دەکەن، کۆمەڵگای مەدەنی لاواز دەکەن، رەخنەگران سەرکوت دەکەن و هەر کەس رەخنەیان لێ بگرێت بە شێوازی جۆراوجۆر تۆمەتباریان دەکەن، هەوڵ دەدەن بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا دەستکاری دەستور بکەن، هەر وەک ئەو هەموو پەیجە سێبەرو میدیا چەواشەکارییانەى کە لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتى لە سنورێکی دیاریکراودا بەدی دەکرێت و پارەى بەلێشاویان بۆ ئەو بوارە تەرخانکردووە و لە پشکی پرۆژەکانیان( کە مافى خەڵکە) رۆژنامەنوسی بێسەروبەرەو پارەویست کۆدەکەنەوەو کار لەسەر شکاندنى بەرامبەرەکانیان دەکەن و تەنانەت روحم بەوانەش ناکەن کە رۆژگارێک لە سەنگەرى خۆیاندا بووە و کارى قورس و کەمەرشکێنیان بۆکردون ،

هەرکاتێک لێیان دوور بکەوێتەوە وەک دوژمنى باوک کوشتە سەیری دەکەن و چییان پێبکرێت درێغی ناکەن و تەنات سنورەکانى مەردایەتى و کوردایەتی و مرۆڤایەتیش دەخەنەژێر پێ، هەروەک ویستى بڵاوکردنەوەى گرتە ڤیدیۆیی بەرپرسەکانى پێشووى خۆیان لە ئێستا و ساڵانی پێشوشدا بە ئاشکرا لەڕێگەى میدیاکانەوە ئاشکرا کران.

هەر بۆیە دەبێت بە ئاشکرا بگوترێت،  پۆپۆلیستەکان مەترسییەکی جدین بۆ سەر دیموکراسی، بۆسەرکۆمەڵگە و کێشەى گەورەش ئەوەیە دروشمەکانیان هێندە بریق و باقیان هەڵگرتووە کە زەحمەتە بەو ئاسانییە خەڵکە گشتییەکە دەرکی بکەن، سەرەڕای ئەوانەش پۆپۆلیزم خەڵک لەگەڵ سیاسەتدا ئاشت ناکاتەوە و نابێتە هۆی زیادبوونی بەشداری خەڵک لە بڕیاری سیاسیدا، بەڵام گەشەسەندنی دیاردەی پۆپۆلیزم سەلمێنەری ئەوەیە هەندێک چینی کۆمەڵگا هەیە کە حیزبەکانی دیکە نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی خواست و ئیرادەیان بکەن، بۆیە ئەو بەشە لە کۆمەڵگا لە هیزەکانی دیکە بێزاربوون و پشتگیری هێزێکی پۆپۆلیستی دەکەن.

وەک دەگوترێت ئەو دەنگانەى کە ئەوان خۆیانى پێوە بادەدەن و ئەو ژمارە کورسییەى بەدەستیان هێناوە لەبەر چاوى کاڵی ئەوان نییە ، بەڵکو ئەوە کەمتەرخەمی و تێنەگەیشتنى دەسەڵات و هێشتنەوەى کەلێنە کە ئەوان دەتوانن خۆیانى تێدا بدۆزنەوە، بۆ کەمکردنەوەى کاریگەرییەکان ئەو شەپۆلە پێویستە حکومەت بەخۆیدا بچێتەوەو بوار بۆ ئەو جۆرە کەس و لایەنانە نەهێڵێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP