دواین هەواڵ

کوردستان‌

 07/10/2022

پزیشکى دادى ئێران ڕاپۆرتێکى لەسەر هۆکارى گیان لەدەستدانى ژینا ئەمینى بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز

دەستەی دادی پزیشکی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ژینا ئەمینی بەهۆی ئەوەی لە تەمەنی هەشت ساڵیدا نەشتەرگەری مێشکی بۆ ئەنجامدراوە بەهۆی بونی لو "وەرەم"ەوە، هۆکاری مردنەکەشی ئەوەبو کە بەبەردەوامی گرفتی تەندروستی لە مێشێکیدا هەبوە و ئۆکسجینی پێویستیش بە شانەکانی مێشکی نەگەیشتوە.

دەستەی دادی پزیشکی ئێران ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە روداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، دەستەکەیان دوبارە پشکنین و توێکاری بۆ مردنی ژیان کردەوە و بۆی دەرکەوت ناوبراو لە تەمەنی هەشت ساڵیدا نەشتەرگەری مێشکی بۆ ئەنجامدراوە بەهۆی بونی لو "وەرەم"ەوە، لە ئەنجامی ئەو نەشتەرگەرییەش ژینا بەبەردەوامی گرفتی تەندروستی هەبوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ژینا ئەمینی بەهۆی ئەو نەخۆشییەی كە بەدەستییەوە دەیناڵاند بۆ چارەسەركردن، دەرمانی هایدرۆكۆرتیزۆن، لیڤۆتایرۆكسین و دیسمۆپرێسینی بەکارهێناوە، هەروەها ناوبراو بەهۆی ناڕێكی لێدانی دڵ و دابەزینی پەستانی خوێن توشی دابەزینی ئاستی هۆشیاری بوە".

دەستەی دادی پزیشکی ئێران دەڵێت، مردنی ژینا ئەمینی بەهۆی ئەوەوە بوە کە چەند ئەندامێکی جەستەی لەو کاتەدا لەکارکەوتون و ئۆکسجینی پێویستیش بە شانەکانی مێشکی نەگەیشتوە، رەتیشیدەکاتەوە مردنی ژینا بەهۆی بەرکەوتنی زەبر بە سەر یان جەستەیەوە بوبێت، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو پشکنینانەی کە بۆ مێشک، سییەکان، جەستە و پشکنینی نەخۆشییەکانی کراون.

رۆژی 13ی ئەیلول ژینا ئەمینی کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاران لەلایەن پۆلیسی چاودێریکردنی جلوبەرگی ژنان بەتۆمەتی پابەندنەبون بە جلوبەرگی باڵاپۆشییەوە دەستبەسەرکرا و دواتریش لە گرتوخانە چوە کۆماوە و کۆچی دواییکرد، روداوەکەش ناڕەزایی فراوانی لێکەوتەوە و هاوڵاتیانی ئێران داوای لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەکەن، لای خۆیەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ بنەماڵەی ژینا ئەمینی رایگەیاند، "کچەکەی ئێوە کچی منەو لێکۆڵینەوەش لە دۆسیەکە بەردەوامە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP