چەند رۆژێکە خۆپیشاندانەکان بەشێکى زۆر لە پارێزگاکانى ئێرانى گرتوەتەوە بە تارانى پایتەختیشەوە، بەرپرسانى ئەمنى وڵاتەکەش لە بری چاکسازیی و بەخۆداچوونەوە و نەهێشتنى هۆکارەکانى سەرهەڵدانى خۆپیشاندان بیر لە دۆزینەوەى ناسنامەى خۆپیشاندەران دەکەنەوە و بێشەرمانە ڕایدەگەیەنن ڕێوشوێنى 1800 کەس لەوکەسانەمان دەستنیشان کردووە و 700 یان پێشینەى تریان هەیە.
ماوەی چەند رۆژێکە هێڵەکانى ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگیراون، بەڵام نیوەشەوى ڕابوردوو هەر ئەوەندەى بۆ چەند کاتژمێرێک هێڵەکە کرایەوە، تویتەر، ئینیستاگرام، تیلیگرام پڕبوون لە هاشتاگی جۆراوجۆری ناڕەزایەتى و هاشتاگی مەهسا و ژینا.
وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن دەسەڵات بیانویەکی دیکەى داتاشراوى لەنێو میدیاکانى خۆیدا ئامادەکردووە کە گوایە ئەم خۆپیشاندانانەى ئێستا دەستى ئەندامانی بزوتنەوەى سەوزی لە پشتەوەیە کە لە ساڵی 2009 دا خۆپیشاندانی ملیۆنییان ڕێکدەخستن و بە ئاشکرا داواى چاکسازیی و کرانەوەو ئازادیی تاکەکەسیان دەکرد، هەرچەندە سەرانى ئەو بزوتنەوەیەش لەنێو کایەى کۆماری ئیسلامیدا بوون و لە ستراتیژدا هەر لە نێو بازنەى رێبەردا دەخولانەوە، وەک شرۆڤەکاران و ئاگایانى دۆخى ئێران باسی دەکەن ئەم پاساوا بۆ ئەوە ئامادەکراوە کە بگوترێت کێشەکە پەیوەندی بە بزوتنەوەیەکی قەدەغەکراوەوە هەیەو هیچ پەیوەندی بە داواى ئازادی تاکەکەسەوە نییە.
ئەگەر بەراودێک لە نێوان شۆرشی 1979 ى گەلانى ئێران و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى ئێستادا بکەین لەوە تێدەگەیەن کە ئەم ناڕەزایەتییانە لە ڕووی جوگرافی و گشتگیریی و پشتیوانییەوە لەوەى پێشوو زۆر فراونتر و گەورەترە، بەوپێیەى لە ناڕەزایەتییەکانى دژ بە (شا) زۆرتر تارانى پایتەختى گرتبوەوە، بەڵام لەم خۆپیشاندانەدا زۆرینەى شار، نەتەوە، ڕەگەز و چین و توێژەکانیشی گرتوەتەوە. هەڵەى ستراتیژى پێکهاتەکان، حیزب و ئۆپۆوسیۆنەکانى ئێران لە ئێستادا ئەوەیە کە دەستێوەردانى ئایدۆلۆژییانە بکەن و بیانەوێت سوارى شەپۆلی ناڕەزایەتى خەڵک ببن و لە ڕێگەى ئەوانەوە مەرامە سیاسییەکانى خۆیان وەدی بهێنن، بەڵکو ئەرکی ئەوانە ئەوەیە پێکەوە کار بۆ فراوانى خۆپیشاندانەکان و ساردنەبوەنەوەى خەڵک و بڵاوکردنەوەى هوشیاری زیاترە نەک بە پێچەوانەوە.
بەشداریکردنى خوێندکارانى زانکۆ و ڕێگری کردنى توندی خۆپیشاندانەکان کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوون، ماناى کەمبونەوەى ئارامی خەڵک و بەگیروگاز هاتنیانە بەدەست ئەو هەموو فشارەى دەخرێتە سەریان و سەرەڕای ئابڵۆقەى ئابوری و نەبوونى کارو بلۆککردنى حسابی بانکی و گرانبوونى شمەک و پێداویستى رۆژانە، پۆلیسى ئەخلاقیش هێندەى تر بەگیریان بهێنێت و لەبری کێشەى نان و ئازادیی ، مانتۆ و قژى ژنان بە کێشەى سەرەکی ببینێتەوە.
بەشدارییکردنى ژنان بەو ڕێژە زۆرەى لە خۆپیشاندانەکاندا دەبینرێن و هەڵکوتانە سەر پۆلیس، ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان، سوتاندنى وێنە گەورەکانى خامنەئی و قاسمی سولەیمانى لەناوەندی شارەکاندا کە تا ئێستا هیچ خۆپیشاندانێک نەگەشتوەتە ئەو ئاستە پێمان دەڵێت: هێندەى نەماوە دیکتاتۆە پیرەکە بارگەو بنە بپێچێتەوەو چیتر بە فەتوایەک بەهەشتى هاوڵاتیانى بەشەرەفی ئێران نەکاتە دۆزەخ و مەئمورەکانیشی بەشەق و ئاگر و ئاسن بەرنەداتە سەرشەقامەکان، هەر بۆیە مەرگی ژینا دەروازەیەکی گەورەیە بۆ ئەو بابەتە و بەدیهێنانى ئەو دروشمەى کە بەرزیان کردوەتە (مەرگ بەر دیکتاتۆر) و پڕاو پڕ ئامانجەکەیان.