دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 22/09/2022

چۆن سوود لە ڕەوشی سزادانی منداڵ ببینین؟

ئامادەکردنی: هەستیار برادۆستی - قوتابی زانکۆی سۆران- بەشی دەروونزانی

دایکان و باوکان و مامۆستایانی ئازیز چۆن بتوانین سوود لە ڕەوشی سزادانی منداڵ ببینن بە شێوەیەکی دوور لە توندوتیژی و ئازاردانی جەستەیی و دەروونی؟ هەروەها چ جۆرە سزایێک ئەرێنیەوە ئامانجی خۆی ئەپێکێت؟ زۆربەی دەرونزانەکان قۆناغی منداڵی بە بناغەی کەسایەتی مرۆڤ دادەنێن، پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستایان بەردەوام سزای منداڵ نەدەن چونکە سزادانی منداڵ بە بەردەوامی کاریگەری خراپ دەکاتە سەر ڕەفتار و دەرونی منداڵ هەندێ جار ئەو کەسەی سزا دەدرێت لەسەر ئەو ئازار و سزایەدا ڕادێت و ئەو سزاو ئازارە سوود و ئاکامی نابێت، دوور نیە ئەو جۆرە منداڵانە فێری سزاو لێدان ببن و ئیتر هیچ کاتێک دڵیان ئاو ناخواتەوەو كڕ نابن ئەگەر تێر لێدان نەخۆن و سوکایەتیان پێ نەکرێت، واتە دەبن بە مرۆڤێکی (ماسۆشی)و تام و چێژ لە لێدان و سوکایەتی پێ کردن وەردەگرن، سزادانی نازانستی دەبێتە هۆی کۆمەڵێک کێشەو گیروگرفت و وا لە منداڵەکە ئەکات کەسایەتیێکی لاوازی هەبێت یان کەسێکی توندوتیژو لاساری لێ دەرەچێت.

کاریگەری پاداشت و سزا لەسەر گۆڕینی ڕەفتاری منداڵ:

هاوکاری منداڵەکەت بکە کاتێک هەڵەی کرد بۆ ئەوەی سوود لە هەڵەکانی وەرگرێت و ئامۆژگاری جوانی پێشکەش بکە بەتایبەت لەکاتی سەرپێچیکردنی بۆیە بە نەرمی و بێ دوبارەکردنەوە پێی بڵێ ئەها بە قسەت نەکردم باشبوو؟ واتە دوور لە توندوتیژی و سزادانی دەرونی و جەستەیی و قسەی ڕەق.

کاتێ سزادان وەکو شێوازێکی پەروەردەیی هەڵدەبژێرین پێویستە منداڵەکەمان فێربکەین ڕەفتارێکی چاک ئەنجام بدات، سزادان بە تەنها ناتوانێت ڕەفتاری گونجاویان فێربکات، منداڵەکەتان فێربکەن تاکو لە مەبەستی ئێوە لە سزادانەکەیان تێبگات و پێی ڕابگەینن ئەگەر ڕەفتارەکەی چاک بکاتەوە پاداشت وەردەگرێت، ئەگەر منداڵەکەتان سزادا بەهۆی چونە سەر شەقام پێویستە فێری چۆنیەتی پەڕینەوەی سەر شەقامی بکەن و پاشان ئەگەر بە ئاگادارییەوە لە شەقامەکە پەڕییەوە ستایشی بکەن، بەم شێوەیە کاریگەری سزاکەتان زیاتر دەبێت.

ئەگەر سزادان پێویست بوو بۆ منداڵ هەر کە ڕەفتاری ناشایستەی منداڵەکە دەرکەوت سزادانەکە هەڵمەگرن بۆ کاتێکی تر، هەروەها پێویستە ئێمە فێری منداڵەکانمان بکەین بە چ ڕەفتار و کردارێکی ئەوان بێزار دەبین ئەگەر ئەو کردار و ڕەفتارە دوبارە بکەنەوە ئێوە چ کاردانەوەیەکتان لە ئاستیاندا دەبێت بۆیە پێویستە بڕیارەکانی خۆتان بۆ ئەوان بە ڕونی ئاشکرا بکەن چونکە ئامانجی سزادان ئەوەیە چاکسازی لە ڕەفتارە نەگونجاوەکان بکرێت.

پێویستە دایاکان و باوکان و مامۆستایان لە کاتی سزادانی منداڵ ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

١- دەبێت منداڵ پێش سزادانی فێربکرێت کە هەڵەو ڕاست چییە؟ چونکە ئەو خۆی زانیاری و ئەزموونی پێشوەختی نییەو دوای بەکارهێنانی هەموو شێوازەکانی چارەسەر، ئینجا پەنا بۆ سزادان ببە.

٢- منداڵەکەمان لەسەر هەڵەیەک سزا نەدەین کە ئەنقەست نەبوە، بۆ نمونە ئەگەر چای بەسەر فەرشەکەدا ڕشت، ئەوا سەرزەنشتی نەکەین بەڵکو فێری بکەین چۆن پاکی بکاتەوەو وریایانەتر ڕەفتار بکات.

٣- ئەگەر منداڵەکەمان سزادا، ئەوا پاش تەواوبوونی سزاکەی خۆشەویستی خۆمانی بۆ دەربڕین و پێی ڕابگەیەنین کە بەهۆی هەڵسوکەوتەکەیەوە سزادراوە نەک وەکو تاکە کەس، تا خۆشەویستی لە نێوانمان بەردوام بێت.

٤- هەندێک منداڵ زۆر هەست ناسکن و هەستیارن بۆ ڕەخنە لێگرتن، لەبەر ئەوە ڕێنمایی کردنی ناڕاستەوخۆ گونجاوترە بۆیان.

٥- پێویستە سزا دوای کارە خراپەکە بێت و سووک و بۆ ماوەیەکی کەم بێت و نابێت جەستەیی و زۆر بە ئازار بێت و شوێنەواری جەستەیی و دورونی بەجێ بهێڵێ.

٦- پێویستە هۆی سزادانەکە ڕوون بکرێتەوە واتە باوک یان مامۆستا ئەگەر سزای منداڵێکی دا پێویستە بۆی ڕوون بکاتەوە لەسەر چی سزا دراوە ئەگەر نەزانێت هۆی سزادانەکەی چی یە ئەوا دەکەوێتە گێژاوی بیرکردنەوەو دڵەڕاوکێ و بەزەحمەت لێی دەرباز دەبێت و سزاکەش هیچ سوودی نابێت.

بۆ ئەوەی سزاکە پەروەردەیی بێت و ئامانجی خۆی بپێکێت:

١- پێویستە پەیوەندیێکی خۆشەویست و پتەو هەبێت لە نێوان سزادەر و سزادراودا، چونکە ئەگەر سزادەر خۆشەویست و دڵسۆز بێت ئەوا سزادراو ڕازی دەبێت و زۆر پێی سەغڵەت نابێت و لەو کارە خراپەشی دوور دەکەوێتەوە کە لەسەری سزا دراوە.

٢- دەبێت سزا دوای کارە خراپەکە بێت و سووک و بۆ ماوەیەکی کەم بێت.

٣- پێویستە ئەو کەسەی لەسەر کارێکی خراپن سزا دەدرێت فێری ڕەوشت و هەڵسوکەوتی ڕاست و باشتر بکرێت بۆ ئەوەی واز لەو کارە هەڵەو خراپە بهێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP