دواین هەواڵ

کلتور‌

 22/09/2022

میترۆپۆلیس - ئێدوارد سەعید و نیویۆرک

شوان ئەحمەد

یەکێک لە چامە شیعرییە بەناوبانگەکانی ئەدۆنیس، (قبر من اجل نيويورك)ە. لەوێدا ئەو شاعیرە داهێنەرە، هەڵوێستێکی زۆر نەرێنیانە لەو شارە وەردەگرێت و بەشارستانیەتێکی چوار پێچکە دەیشوبهێنێ. شارستانیەتێک هەر کون و قوژبنێکی کوشتن و بڕینەو لەنێو ماجەراو ئەو پرۆسەی کوشتارگەریەشدا، ناڵەی خنکاوان دەبیستین.

لای عەلی ئەحمەد سەعید، لە شاری نیویۆرکدا خۆر پرسە ئامێزە و ڕۆژیش تەپڵەکێکی ڕەشە. هەرچی شتێکیشی تێدایە، قابیلی فرۆشتنە. لەگەڵ چەندین ناو و ناتۆرەی دزێو و ناجۆری تردا کە بەو شارەی دەڵێت.

ئەڵبەت لەو جۆرە تێڕوانینە بۆ نیویۆرک وەک یەکێک لە میترۆپۆلیسەکانی دونیا و سیمبولی شارستانیەتی هاوچەرخی ئەمریکی، لای زۆرێکی زۆر لە ئەدیب و هونەرمەندانی دیکە دەبینینەوە.

سوهرابی سپهەری یەکێکە لەوانەو سەروەختێک سەردانی شارەکە دەکات، لە نامەیەکیدا بۆ هاوڕێیەکی لە ئێران بەپیتی درشت دەنووسێت: (نیویۆرک توخمی سەگە).

لێ لە بەرامبەریشدا هەن کە بە دیدێکی پۆزەتیڤانەو بە عەشقێکی زۆرەوە ستایشی شارەکە دەکەن. ئیتالۆ کالڤینۆی ئەدیبی گەورەی ئیتاڵیا، یەکێکە لەوانەی دەنووسێت:(گەر مردم حەزدەکەم لەسەر کێلی گۆڕەکەم بنووسن نیویۆرکی). ئەوەش وەک ئیعجابێکی تایبەتی بەو شارە جەنجاڵە.

قامەیەکی فیکری بەرزوباڵای وەک ئێدوارد سەعیدیش، سەرسامی خۆی بەو جوگرافیایە ناشارێتەوەو کاتێک لێی دەپرسن، هۆی چییە لە نیویۆرکدا دەژیت؟ دەمودەست وەڵامدەداتەوەو دەڵێت:(لەبەر ئەوەی جگە لەوێ، ناتوانم لە هیچ جێیەکی دیکەی ئەمریکادا بژیم.. ئاخر نیویۆرک شاری تاراوگەنشینەکانە.

شارێکی بێ دڵ و بەزەییە. من لەو شارەدا کرێچیم. لە ئاپارتمانێکدا دەژیم، هەر هەمووی کرێچین.

لەم شارەدا هەستدەکەم، ڕێبوار و گەڕیدەم. نیویۆرک بە جۆرێک لەجۆرەکان، ئەو هەستەم پێدەبەخشت. ئێمە سەروەختێک لە نیویۆرکدا دەژین، ناتوانین هەست بەوە بکەین لە ماڵی خۆمانداین. من وەک خۆم دۆخێکی لەوجۆرەم پێخۆشە.

ئەوەی لە نیویۆرکدا حەزم پێیەتی، ئەوەیە دەتوانیت خۆت بزرکەیت. لە قەڵەباڵغیدا وندەبین. نیویۆرک شاری هەزار شوناسە. شارێکە دەوڵەمەندە بەهونەر و تەنها شارێکیشە لە دونیادا پێیئاشنام. نیویۆرک نکوڵیش لەوە ناکات، جێگایەکە بۆ فێڵ و تەڵەکەبازی. هیچ شتێ لەم شارەدا ئاسایی و سروشتی نییە.

پەیوەستەگی لەگەڵ یەزداندا لەگۆڕێ نییە، ئەوەش جێ سەرنج و ئیعجابی منەو شارێکی تەواو دونیاییە. هەموو ئەوانە وادەکەن، لێرەبم و لێرە بژیم).



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP