دواین هەواڵ

کلتور‌

 19/09/2022

ئەتمۆسفیری کەسێکی تراژیک

كەریم دەشتی
رۆمانی بەندەر فەیلی ، سرووتی خەمگینی کەسێکە، کە لەناخەوەیان کوشتووە، بە چەکی نادییاری مانەوە و ژیان زیندوێتی ئەویان سپاردۆتە دەستی مەرگەسات، هەلبەت ئەم جۆرە کوشتنە زۆر کارەساتبارو سامناک و تراژیدیترە ،لە جۆرەکانی دیکەی کوشتن، ئەو زیندانەی نووسەر لەم رۆمانەدا باسی دەکات،زیندانی هەموو گیراو و مەحکووم و فەرمانبەرو کاگوزارو بەرێوەبەر و جەللادو قوربانییەکانە لەسەر زەویدا، زیندانی فریشتەو شەیتانە، ئاگری رەشی داگیرساوی دەستی زوڵم و زۆردارییە،

بەندەر فەیلی ناونراو بەمناوە، ئەوتاقە منداڵەیە ، کە لەدامەنی دایکێکی لە سێدارەدراودا کەوتۆتە خوارەوەو زیندان بۆتەقەدەری،کۆمیدیاکە لەوەدایە کە بەندەر بۆتە مایەی شادەوەری کەسانی ناو ئەم دەزگا ترسناکەی زیندانەوە، بەڵام ئەوانەی مەحکوومن بە مەرگ ،هێشتا لە سینەیاندا ژیلەمۆی ژیان و راستی ئازادی دەدرەوشیێتەوە، هەر لەو مامۆستایەی کە بەندەر فێرە ژیان دەکات، تا ئەوانی دیکە، راکردنی بەندەر لە زیندان فیلمی پەپولەو فیلمی دیواری بیر هێنامەوە هێنامەوە ، کە لە سایەی زۆرداران دیوارەکانی مەرگ کۆتاییان نایەت ،

هەوڵی ئەوان ئەوە بوو بەندەر لەکاری زوڵم و دڕندەیی ڕابێنن و لەگەڵ کەسانی ناوزیندان تێکەڵ بێت و شارەزای پیاوکوژەکان بێت، تا خوو بە سرووشتی دژ بە ئینسان بگرێت، بەندەر دوای پەرتەوازەبوون و هەڵاتن دەچێتەوە زیندان، بۆردوومانەکانی ئەمریکا زیندانەکانیشی وێران کردبوو ، قوربانی و جەللادی بە یەکەوە شەتەکی مەرگ دابوو ،بەندەر لە شەبیب فێری نووسین و هەندێ شارەزای ژیان بوو بوو و لە شادی فێری ژمارەکان و ژماردن بوو بوو،

بەڵام مانەوەی لە زیندان و بینینی رۆژانەی لە سێدارەدانی خەڵک دەروونی وێران کردبوو، هەلبەت چونکە بەندییەکان لەناو تەنهایێکی گەورە دەژیان هەر هەموویان هەوڵی ئەوەیان دەدا ببن بە مامۆستای بەندەر، بەندەر ئەو رۆژەی کە مێردمنداڵێکی بینی ناوی لوئەی بوو، ئەویش کەوتبووە بەر حوکمی لە سێدارەدان ، دواییش هەر ئەو مێرد مناڵە بوو ئەوی فێری شەترەنج کرد، دڵی زۆر توند بوو، دواجار کە بردیان بۆ پەتی سێدارە، بەتەواوی گۆڕا، بە چاوەکانی خۆی بینی چۆن چۆنی تەختەی ژێر پێیان لاداو رۆحی سپارد،

مردنی لوئەی ژیانی لەبەچاو کرد بە دۆزەخ و نەخۆش کەوت ئیدی تەواوی کەسەکانی ئەو ناوە تووشی نەخۆشی هاتن، دواجار لە رێگەی ئەو زیندانییەی کە ناوی یوسرا بوو تۆزێک ئاشنای زمانی ئینگلیزی دەبێ، جگە لەوەش یوسرا بەندەری بە جەستەی ژنان ئاشناکردو رۆژانە خۆی بۆ رووت دەکردەوەو نهێنیترین شوێنی جەستەی خۆی دەخستە بەر دەستەکانی و دەیلاواندەوە، تا ئەو رۆژەی یوسراشیان لە سێدارە دا،

دواجار دوای ئەوەی نەدا دەبێتە یاریدەدەری و تۆزی ئەرکی سەر شانی لە نووسینی بەردەوامی لافیتەکان کەم دەبێتەوە ، بەندەر کەڵکەڵەی دووبارە راکردن لەو بیمارستانەی کە تیایا چارەسەر دەکرا کەوتە سەرییەوە، نەدا ئازدکراو ئەویش ڕایکردو بەناو شاری بەغدادا دەسووڕایەوە و لە گۆرستانی شێخ مەعرووفی کەرخی دەخەوت و بە ئومێدی دیتنەوەی نەداوە خەونی دەبینی، تادواجار نەدای دۆزییەوەو نەدا ئەوی خستەکار لای خۆشنووسێک و بۆ ئەبەد ماڵاوایی لە بەندەر کرد ، تا ئاشکراش نەبێت ، ناوی مەجیدی لێناو جیابوونەوە .

بەڵام دڕندەکان وازیان لێ نەهێناو هەمدیس دەسگیریان کردو پەلکێشی زیندانیان کردەوەو حەت ساڵی رەبەق و پڕ کوێرەوەری بەسەر بردەوە لە زیندان، تا ئەو ڕۆژەی ئەمریکییەکان دەگەنە بەغداو دەست بەسەر هەموو بەغدادا دەگرن و بەندەر فەیلی لە زیندان دەدۆزنەوە،دوای لێکۆڵینەوە، بەسەرهاتی ئە و کوڕە بۆ هەموو دونیا پەخش دەکەن، ئیدی ئازاد دەکرێ، بەڵام بەندەر هەر نەگەڕایەوە سەر هەستی جارانی و غەرقی ئەندێشەی بەسەر هاتەکان بوو بوو.

ئەم ڕۆمانە ئاوێنەی روونی هەموو ئەو رووداو بەسەرهاتانەیە کە لە سایەی ڕژێمی دکتاتۆری بەعسدا بەسەر خەڵکی بەش مەینەتی عیراقدا هاتبوو، ئەم رۆمانە زۆر گرنگە بۆ نەوەکان تا بزانن کەچی روویداوەو خەڵکی چۆن ژیاون لەو سەردەمەدا. بە جۆرێکی دی ئەم رۆمانە ئازارنامەی هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکانە لە ژێر ستەمی بەعسی فاشیست.

دەستخۆشی لە هاوڕێم بەختیار عەلی دەکەم.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP