دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 15/09/2022

خێزان، لە نێوان بەرداشی ڕۆشنبیری كاڵفام و ئاینداری كورتبیندا

لهۆن قادر
نەمدەویست قەڵەم لەم بابەتە وەردەم ,بە تایبەت لە سۆشیالمیدیاوە، بەڵام ماناداریشە بابەتێك كە پەیوەستە بە هەموومانەوە لێرەوە بنكۆڵی بكەین....

ئەوەی ئەم ماوەیە زۆری لەسەر وتراو كەمتر بەرپرسیارانە هەڵوێستەی لەسەر كرا، بابەتی (زەواجی مسیار) بوو  كە لێرەدا وەك شەپۆلی دووەمی دژایەتی ئەو پێكهاتە كۆمەڵایەتییەی كە پێی دەڵێن خێزان، لەبارەی دەدوێم...

خێزان، وێڕای بەلاڕێبردن و كەموكورتییەكانیشی، تەنیا پایەی بەپێوەماوی كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتییە و تەنانەت لەڕۆژئاوادا  هێزە كۆنسەرڤاتیڤەكان ,پاراستنی خێزان لە گرنگترین ئامانج و دروشمەكانیانە...

لەڕۆژهەڵات و بەدیاریكراوی لای ئێمە ,ماوەیەكی كەم نییە كۆمەڵێ ڕۆشنبیری كاڵفام كەوتوونەتە وێزەی خێزان و بە كایەیەكی دەزانن بۆ هەژموونی پیاوسالاری و خێزان و باوك دایكبوون بە مۆتەكە وێنا دەكەن و نووسەر و نووسینەكانیشیان دیارن و ئایكۆنن...

ئەو شەپۆلی دووەمەی كە لەسەرەوە ئاماژەم پێ دا...زادەی ئەو ئیجتیهادە دینییەیە كە نامۆیە بە بیركردنەوەی ئاینیی كوردانەی ئێمە و بێ بیركردنەوە لە ڕەهەندەكانی ,لێرە و بە ئامانجی جیاواز ڕەواجی پێدەدرێت و زەواجی مسیاریش یەكێكە لەو بابەتانە...

هەموو ئەو بەڕێزانەی پشتگیری ئەو جۆرە زەواجە دەكەن، تەنیا چاویان لەسەر ڕەهەندی حەڵاڵ و حەرام و ڕەهەندە فقهییەكانی ئەم بابەتەیە و ئیدیعای ئەوە دەكەن كە كێشەی ئەخلاقی چارەسەر دەكەن !!

لەكاتێكدا ئەگەر دوورمەودا بڕوانینە ئەم بابەتە، ترسناكترین فاكتەری لەباربەری پرۆژەی پێكەوەنانی خێزانە...فیقە هیچكات دوورمەودای نەبینیووە و لەزۆر شوێندا كۆڵەوارە لە تێگەیشتن لە هاوكێشە ئەخلاقییەكان.

چارەسەركردنی پەیوەندی سۆزداری و پێویستی بایۆلۆجی ژن و مێردی پێكهێنەری خێزان بە نموونەی زەواجی مسیار ناكرێت...بەڵكو پێویستە پێداچوونەوە بەم دڵە نەخۆشەی كۆمەڵگەدا بكرێتەوە كە خێزانە...خێزان ئەمڕۆ لای ئێمە تەنیا شوێنی خەو و خواردنە...پێویستە پرسیار لە ئەركە فرەكانی خێزان بكەین و لەوانەش ئەركی پەروەردەكردن.

ترسناكی ئەم بابەتە كاتێك زیاتر دەبێت كە وەك كرانەوەیەكی ئاینیی و ڕیكلامێكی سیاسی بەكاردەبرێت !!...ئاخر خۆ كەمنین ئەوانەی ئەڵێن شیعە سیغەی هەیە و پێویستە سوننەش دەریچەیەكی ڕەحمەت بكاتەوە !! 

لەكوردستانی ئێمە مقۆمقۆی ئەم بابەتە كاتێك سەری هەڵدا كە د. یوسف قەرزاوی لەبەرنامەیەكی الشریعە و الحیاە ی كەناڵی جەزیرە هەموو گومانێكی لەسەر حەڵاڵ نەبوونی ڕەدكردەوە...تەنانەت لەو بەرنامەیەدا د.علی قەرەداغی موداخەلەدەكات و ڕەخنەی هەیە كە زەواجی مسیار مەرجەكانی خۆشەویستی و ئارامی تێدا نییە ,بەڵام ئەو بە ئەقڵێكی چەقبەستووی فقهیانەوە وەڵامی دەداتەوە كە ئەوانە كەی لە مەرجی عقدی زەواجن!!

لە بڵاوكراوەكەی یەكیەتی زانایانیشدا ,كە جێگەی دەستخۆشییە, بەڵام هەژاری فیكریی ئەو زانایانەش دەردەخات كە نەیانتوانیووە قوڵتر لەوبارەوە بدوێن و ئامانجە بنەڕەتییەكان بخەنە ڕوو...بۆیە خەڵكی مافی خۆیەتی بپرسێ ئینجا كوا تایبەتمەندی كلتور لە حەڵاڵ و حەراما هەیە...

دواجار ئامانجی بنەڕەتی من باسی فیقهو و حەڵاڵ و حەرام نییە...بەڵكو دەستپێوەگرتن و كاراكردنی خێزانە و پاراستنیەتی لەشەپۆلی كاڵفام و كورتبین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP