ئەڵێن (ئەسکەندەری مەزن) پێش ئەوەی لە بابل بمرێت ، چەندجارێکی تر نەخۆش کەوتووە و چاکبۆتەوە ، چەندین جار هەولێ ژەهر خواردنی دراوە و لێی رزگار بووە، بەڵام هۆکاری سەرەکی مردنەکەی ئەو هەموو زەخم و برینەبوو کە لەشەڕەکاندا کرابووە جەستەی ،
پێش دەستپێکردنی جەنگەکە ، هەمووان گۆرانی دەڵێن ، پێکی شەڕ هەڵدەدەن ، گەنجەکان بە پێکەنینەوە بەڕیز ناوی خۆیان ئەنووسن ، بەڵام کە دەچنە ناو جەنگەکە ، هەموویان دەکەونە گریان،نەفرەت لەو ڕۆژە دەکەن کە تیایدا لە دەیک بوون ، هەمووان نامە دەنووسن.
دایکە شەڕەکە زۆر ترسناکە .. پزیشکەکان فریای ئەو هەموو بریندارە ناکەون ، لە نیوان بریندارەکانیشدا سەرە هەیە ، ئەوەی کە برینەکەی سەخترە ، لێی ئەگەڕێن بمرێت، خەرجی زۆر تێدا ناکەن چونکە دەزانن دەمرێت.
دایکە .. قاچیان بڕیمەوە بێ ئەوەی (مۆرفین)ێکم لێبدەن ، دوعا بکە بگەڕێمەوە دایکە ، بۆ ئەو ئێوارانەی کە تیایدا کەس هەوالێ نەئەپرسیم.
ئەڵێن (دڕوە کەنگری وشک بوو) چۆن تۆوەکەی دەپارێزێت ، لە جەنگدا بەس دوعای دایکە بتوانێت شتێک بۆ ڕۆڵەکەی بکات ، ئەگەرنا قەڵغان و سوپەر ، چەکمە و جەوشەن و زرێ ، مرۆڤ تەنها لە شیر و تیر دەپارێزن ، ئەو برینەی دەکەوێتە ناوەوە بە هیچ ناپارێزرێت دوعای تۆ نەبێت .. دایکە.
.............................
کورد ئەڵێ (قەساب تا ئەو کاتە ئاشنایە ، کە داوای گۆشتی لێنەکەیت بەقەرز)
ژیان تا ئەو کاتە ئاشنایە و بەدەمتەوە پێئەکەنێت کە داوای شتێکی گەورەی لێنەکەیت ، کە داوات کرد ، وەک قەساب ئەتخاتە سەر (کۆتە) و (ملبەند) و بە تیغ و جەقۆ توێ توێت دەکات.
ئەوانەی ئاڵتوونیان نەدیبوو ، وایان دەزانی ئەوەی قورس و بریسکاوەبێت زێڕە ، بەم پێوەرە خەڵکێکی زۆر کەوتنە ئاسن کۆکردنەوە و لە کۆتایدا باری قورس و ژەنگاوی کوشتنی.
...................
حاڵی دڵ لە ڕوخسار بپرسە
تەمەنی گەنجێکی کرێکار لە ڕیش و سمێڵی بپرسە وەختێک لای سەرتاش لای دەبات ئەوکات دەزانی چیمەنتۆ و لم چییان پێکردووە ، دەست و قاچ قڵیشاوی ئافرەتێکی نانکەر لە کراسێکی (ئاودامێن) و (بڵباسی) و (شەدە و گێلگێلە و هەوری ) بپرسە وەختێک خۆی دەگۆرێت دەزانی ، ساج و پەرەمێز و پنە و تیرۆک چیان پێکردووە !
حەسرەتی ئازار لە دێڵە سەگێکی بەدبەخت بپرسە ، وەختێک بێچووەکانی دەخەنە سەیارەی شارەوانییەوە و بە دوایاندا دەقورسکێنێ و بیر لەوە دەکاتەوە خودا بۆ نەیکردە ئاژەڵێکی تر و کردی بەسەگ و مرۆڤ چی سەگی سەگی هەیە پێیکردووە.
لە ڕاستیدا ئێمە تەنها ڕاهاتووین بە یەکتری بڵێین (چۆنیت؟) ئەگەرنا هەموومان دەزانین چۆنین
حاڵی دڵمان ، لە ڕوخسار و چاوەکانمان دیارە ، کە کەسمان باش نین
.....................
ئەڵێن مرۆڤ پێش ئەوەی بمرێت هەموو ژیانی بە چەند چرکەیەک دێتەوە پێش چاوی ، بەڵام ڕەنگە قسەی ڕاست ئەوە بێت کە مرۆڤ پێش ئەوەی بمرێت هەموو ئەو ڕێگایانە ببینێت کە پێیدا نەڕۆیشت ، ئەوانەی بوونە حەسرەت لەسەر دڵی ، نەتوانای درکاندنی هەبوو ، نە دەرفەتی ئەنجامدانی.
حەمدی گوتەنی :-
(زامی ناز و زامی خەنجەر پێت بڵێم فەرقی چییە؟
چاوەڕوانی مەلحەمە ئەم دەردی بێ دەرمانە ئەو)
ئازاری خەنجەر و جەستە بەمەڵحەم و ڕۆماڵجین ڕەنگە سارێژ و نەرم ببێت ، بەڵام ئازاری دڵ ، ئازاری ئەو رێگایانەی پێیدا نەڕۆشتین و نەماندی ئەبێتە حەسرەت و بێدەرمان ، و لە کۆتایشدا یەکێک لەو ئازارانە ، پێش چەوری و شەکرە و شێرپەنجە مرۆڤ دەکوژێت.
مرۆڤ هەزار و یەک حەسرەت لە دەروونیدا هەیە ، لە کۆتایدا یەکێک لەو حەسرەتانە هەر دەیکوژێت ،
نوقتە سەری دیڕ .....