هێمن عەبدولقادر
میهرانی مودیری لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێت (ژیان پێویستی بە یەک خاکەناز خۆڵ هەیە بۆ ئەوەی هەمووان خۆشیان بوێیت)
ئەو بەیانیەی کە ئەمریت ، ئەو شەوەی کە پارچەکانت لە ناو ئوتومبێلێکدا کۆ ئەکەنەوە ، ئەو نیوەڕۆیەی کە لە نەخۆشخانە جیهازەکانت لێئەکەنەوە ، ئەو ئێوارەیەی کە ئەتخەنە چاڵەوە و یەکەم خاکەناز خۆڵ ئەکەن بەسەرتدا ، ئیتر هەمووان لێتخۆش دەبن ، ئەوانەی کە دڕکیان دەدایە دەستت ، بەدوای چەپکێک گوڵدا دەگەرێن بۆ پرسەکەت ،ئەو کاتەی لە ترسی قەرز ڕووت نەبوو بچیتە دەرەوە ، یەکەم خاکەنازیان کرد بەسەرتدا ، کۆمەڵێک پیاوچاک و دۆست قەرزەکانت لە ئەستۆ دەگرن.
ئەوانەی ئاواتیان ئەوە بوو بە ڕسوایی بتبینن ، تێچووی پرسەکەت ئەخەنە ئەستۆی خۆیان.
کاتێک شەوان سەرت دەنا بە پەنجەرەی ژوورەکەتەوە لەتاو بێکەسی ، کە یەکەم خاکەنازیان کرد بەسەرتدا ، هەموویان دەکەونە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانیان چۆن لە نزیکەوە ئاگایان لە گوزەران و دڵت بووە.
وەختێک (خاک ئەنداز) یان خاکەناز، ئەندازە و چوارچێوەی گۆرەکەت بۆ دیاری دەکات و هەمووان دەزانن لە ئەندازە و نازی دونیا جگە لە نازی خاک و خۆڵ هیچی ترت نەبردووە هەمووان ئەندازەی خۆشەویستیان دوو بەرامبەر دەخەنە سەر حسابەکەت.
.....................
کابرای دەشتەکی حوشترەکەی لە برسا گیانی ئەدا ، بەدیارییەوە هۆن هۆن فرمێسکی ئەڕشت ، وتیان پیاوی چاک لەو هەموو نان و کولێرەیەی کە پێتە بۆ بەشی نادەیت تا نەمرێت ؟ کابرای دەشتەکی گوتی براینە (لێم بگەڕێن فرمێسکی مفت باشترە هیچی تێناچێت)
براینە ، کراسی ڕەش و دانیشتنی ناو خێمە و ئاراستەکردنی پرسەنامە و بەیاننامە ، باشترە هیچی تێناجێت.
بەقوربانتان بم دوو خاکەناز زیاتری بکەن بەسەردا ، بە بلۆک باشتر گۆرەکەی بکوتنەوە ، مەنجەڵ و قۆری و تەسبیح و مریشکی ئومەهاتتان بیر نەچێت ، سەهۆڵ و ئاو ، حەڵواو شیرینی ، ریزێک لافیتەی جوانتان بیر نەچێت.
لەسەر سوچی هەموو شار دایبنێن باخەڵک بزانێت چ مرۆڤێکی مەرد ڕۆشتووە تا بزانن خۆڵمان کردووە بەسەر کێدا.
دوایی لە سندوقی پرسەی عەشیرەت، یان لە گیرفانی خزمەکان خەرجیەکەی کۆ دەکەینەوە ، خەمی پارە و تێچووتان نەبێت ، تەنها خەمی ئەوەتان بێت پرسەکەی وەک ژیانی ساردو سڕ نەبێت ، ئەو خزمانەی کە تا زیندوو بوویت ئامادە نەبوون سەد هەزارت بدەنێ بۆ گورچیلەی مندالەکەت ، ئەو دۆستانەی ، کە تۆمەتیان بۆ دروست دەکریت هەموویان لەگەڵ یەکەم خاکەناز ، بەشدارن بەو مەرجەی هەڵنەستیتەوە.
..........................
مرۆڤ زۆرجار کە دەچێتە چێشتخانەیەک ، بە برنجێکی سادە تێر ناخوات ، بەڵکو داوای برنجێکی زیادە و (عەوازە) دەکات.
دوو خاکەنازی عەوازە و زیادەش بۆ ئەوانە دانێن ، کە لەدووری گۆرەکەت دەوەستن و هێشتا دەترسن مردنەکەت ڕاست نەبێت و زیندوو ببیتەوە، دوو خاکەنازیش بە خۆشی و شاباشی ئەوانەی لە حیزبدا ڕاپۆرتیان لەسەر پاکیت دەدا ، خاکەنازێکیش بە خۆشی ئەوانەی لەبازاڕ و شوێنی کاردا نرخی خۆیان کەمتر دەکردەوە تا نرخی تۆ بەرزتر نەبێتەوە.
خاکەنازێکیش بە خۆشی ئەو پیاوانەی کە هەموو ژنی دونیایان خۆش دەویست جگە لە ژنەکانی خۆیان ، سێ چوار خاکەنازیش بەخۆشی ئەو ژنانەی ڕوویەکی خۆشیان نیشانی پیاوەکانیان نەدا.
بەخۆشی هەموو ئەو مندالانەی بە دایک و باوکیان دەگوت چیتان بۆ کردووین ، بە سڵامەتی و تەڕدەماخی هەموو ئەو دایک و باوکانەی مۆبایلەکانیان لە مندالەکانیان زیاتر کردە باوەش ، لەبری فاتیحا و سەڵاوەت بۆ ڕۆحی پاکی کۆچکردووان ، با هەموومان یەکی دوو خاکەنازی زیاتر بنێرن بۆ گۆڕی یەکتری، لەپای ئەو ساتانەی نەمانتوانی یەکترمان خۆش بوێت
.................
لەڕاستیدا هیچ کەسێک درک بە خۆشەویستی و لێبووردن ناکات ، هەتا ئەو کاتەی مردن دەست دەخاتە سەر شانی ئازیزێکی ، ئەوانەی زووتر ئەمرن بەختیان هەیە ، چونکە نازانێت ئەوانەی دوای خۆی بەچیدا تێدەپەڕن ، هەمووان دەچنەوە سەر کار و ژیانیان ، تەنها دایکە ، بۆ هەمیشە دەسوتێت.
کورد ئەڵێت (لەتاو بۆنی پڵاو ، کابرا ترشی ئەکردە ئاو) لەتاو ئازار و بێ کەسی و دەرد بەردەوام مڵچە مڵجمان بەژیان ئەکرد و پێئەکەنین ، کەچی وایان ئەزانی خۆش دەژین، بۆیە باشتر کردیانین بە ژێر ڕقەوە.
(یاتوربەتێ، یا غوربەتێ، با رێ بشکێنین
هەر مونتەزیرە "نالی" ئەگەر مرد و ئەگەر ما)
چەند تاسوخ و موحتاجی یەک دوو خاکەناز خۆڵین بە زیندوێتی بیکەن بەسەرماندا تا غەریبی و بێکەسیمان بشکێت ،چ لەم دونیا یان لەو دونیا، هەتا هەمووان خۆشیان بوێین.
نوقتە سەری دێر .....