دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 30/08/2022

قەڵەویی خەڵک و ترس لە گرانی وردبوونەوەیەکی دەروونناسانە

دکتۆر هێمن خورشید پزیشکی پسپۆڕی ئارێشە دەروونییەکان.

لە دوای ٢٠٠٣ەوە خەڵکی کوردستان، بە ژن و پیاوەوە، بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو قەڵەوبوون. ئەم دیاردەیە خەڵکێکی زۆری نیگەران کردووە و لە زۆربەی شوێنەکان باس باسی ڕێژیمکردن و کێشدابەزاندنە. زۆر کەس لە هۆکاری ئەو ئاوسانە (نەک قەڵەوبوونێکی ئاسایی) دەپرسن.

لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە، ڕاڤەیەکی هەیە لە خوارەوە بە کورتی دەیخەمە ڕوو، دوو کۆمەڵە (جرج) خراونەتە ژێر تاقیکردنەوەوە. کۆمەڵێکیان بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ خواردنیان نەدراوەتێ و برسی کراون، ئەو کۆمەڵەکەیش هەموو ڕۆژێک خواردنیان خراوەتە بەردەم. برسیکراوەکان دوای ئەوەی لەو ماوەیەدا بڕستیان لێ بڕاوە و لە گیاندەرچوون نزیک بوونەتەوە، خواردنێکی زۆریان بۆ هێنراوە و لەبەردەمیان هەڵڕێژێنراوە و ڕێیان پێ دراوە ئەوندە بخۆن تا کێشیان دەچێتەوە ئاستی پێش برسیکردنەکەیان. لە ماوەیەکی کەمدا کێشیان وەک جارانی لێ هاتووەتەوە. ئەنجامدەرانی تاقیکردنەوەکە دوای ئەوەیش هەر خواردنیان بۆ هەڵڕشتوون و ڕێیان داون چەندیان حەز لێیە بخۆن. دەرکەوتووە، جرجە برسیکراوەکان بە ئاسانی دەست لە خواردن هەڵناگرن. لە بەرانبەردا ئەو جرجانەی برسێتییان نەبینیوە، کەمێک دەخۆن و واز دەهێنن. دەروونناسان لەمەوە گەیشتوون بەو ئەنجامەی، زۆر خۆری و زێدەقەڵەوبوون پەیوەندییان بە بینینی گرانی و برسێتی یان هەستکردن بە بێبەشبوونەوە (𝘿𝙚𝙥𝙧𝙞𝙫𝙖𝙩𝙞𝙤𝙣) هەیە.

عێراق لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٠-٢٠٠٣ گەمارۆیەکی ئابووریی سەختی لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە خرایە سەر، دانیشتوانی کوردستانیش وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی عێراقی، لەو ماوەیەدا ژیانێکی کولەمەرگی ژیان. بۆیە دەکرێت ئەم زۆر خۆری و قەڵەوبوونەی دانیشتوانی هەرێم، وەک قەرەبووکردنەوەی ئەو کاتە و ترسی نەمانی خۆراک لێک بدرێتەوە. ئەگەر سەرنج بدەن، زۆرێک لە خەڵکی لای خۆمان وەها بە هەڵپەوە نان دەخۆن، وەختە قاپەکەی بەردەستیشیان هەڵدەلووشن. دەکرێت بگوترێت هێشتایش ترسی زەمانی گرانییەکە دەستی لەسەر تاکی کورد هەڵنەگرتووە.

(ژەمەبردوو) وشەیەکی کوردییە و بۆ کەسێک بەکاردەهێنرێت کە نانی لە کاتی خۆیدا پێ نەگەیشتبێت. کەسی ژەمەبردوو قەت تێر ناخوات و هەمیشە لەوە دەترسێت بەشی نەمێنێت.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP