دواین هەواڵ

کوردستان‌

 25/08/2022

9 پۆستى زانستى لە زانکۆى ڕاپەڕین ڕاگەیەنرا

هەرێم نیوز

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی  ڕایدەگەیەنێت،  نۆ پۆست لە زانکۆى  ڕاپەڕین پێویستیان بە پڕکردنەوە هەیە، هەر کەسێک ئارەزوى هەیەو مەرجەکانى تێدایە دەتوانێت لە ماوەى دیاریکراودا  سی ڤی  و داواکارییەکەى پێشکەش بکات، تا ناوى لە لیستى خوازیاراندا تۆمار بکرێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردوەتەوە،"لە چوارچێوەى ڕێنماییەکاندا  نۆ پۆست لە زانکۆى  ڕاپەڕین بۆ جارى یەکەم ڕادەگەیەنین، هەر کەسێک ئارەزوى هەیەو مەرجەکانى تێدایە دەتوانێت لە ماوەى دیاریکراودا سی ڤی و داواکارییەکەى پێشکەش بکات، تا ناوى لە لیستى خوازیاراندا تۆمار بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە،"پێویستە پێشکەشکار هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا بێت، نازناوى زانستى لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر کەمتر نەبێت، خزمەتى زانکۆیی لە 10 ساڵ کەمتر نەبێت، باشترە دیدو بۆچون و بەرنامەى کاری خۆى پێشکەش بکات بۆ بەرەو پێشبردنى زانکۆ بۆ ئەو چوار ساڵەى کە پۆستەکەى وەردەگرێت، زانینی زمانى ئینگلیزى و شارەزایی لە بەکارهێنانى تەکنەلۆجیاى بوارى خوێندن و فێرکردن و کارایی بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى هەلى زیاتر بۆ پێشکەشکار دەڕەخسێنیت،  پێویستە پوختەى ڕاژەى لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆ پەسند کرابێت.".

ئاشکراشیکردوە،"هەر کەسێک ئارەزوى هەیەو مەرجەکانى سەرەوەى تێدا بەدى دەکرێت، دەتوانێت سى ڤى یەکەى و پوختەى ڕاژەکەى و فەرمانى زانکۆیى وەرگرتنى نازناوى زانستى دواى وەرگرتنى بڕوانامەى ماستەر ڕاستەوخۆ لێرەوە پڕبکاتەوە و بینێرێت، دواکات بۆ پێشکەشکردن  کۆتایی دەوامى رۆژی پێنجشەممە، 1ی (ئەیلول/9) ی 2022 دەبێت".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP