هەرێم نیوز
واشنتن دڵنیایی دەدات کە تاوەکو پڕۆسەی یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزەکان باشتر و خێراتر بکرێن، هاوکاری و یارمەتییەکانی ئەمریکاش بۆ پێشمەرگە زیاتر و بەردەوام دەبن.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگە، بە یاوەرى فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان، بەیان سامى عەبدولرەحمان، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و شاندى یاوەرى، لە واشنتن لەگەڵ برێت مەکگۆرک، رێکخەرى کۆشکى سپى بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا کۆبونەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەردولا گفتوگۆی چڕ و بەرهەم داریان لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و پڕۆسەی چاکسازی هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجام دا، جەختیشیان کردەوە لەسەر پابەندبون بە هاوبەشێتى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان و لەناوبردنى یەکجارەکى رێکخراوى داعش.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێکی تری کۆبونەوەکە گفتوگۆکردن بو، لەسەر گرنگی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، دوپاتیش کرایەوە تا هەنگاوەکانی پڕۆسەی یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزەکان باشتر و خێراتر بکرێن، هاوکاری و یارمەتییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان زیاتر و بەردەوام دەبێت.