ئارام قادر حەمەسور - توێژەری کۆمەڵایەتی
بێگومان تەڵاق وەک چارەسەرێکی ناچاری دانراوە بۆ خێزان، کاتێک پێکەوە ناگونجێنو گەیشتوونەتە ئەوپەڕی بێمتمانەیی.
تەڵاق لەڕووی شەرعو یاساوە بریتییە لەکۆتاییهاتن یان دەستبەرداربوونی گرێبەستی هاوسەریی نێوان ژنو پیاو.
بێگومان لەڕووی یاساوە تەڵاق بەدەست پیاوەو خولع بەدەست ژنەو تەفریق بەدەست دادگایە.
ئەوەی ئێمە لێرەدا قسەی لەسەردەکەین تەڵاقێکی شاراوەیەو کەمتر قسەی لەسەرکراوە، کاری تۆێژەرانی کۆمەڵایەتییە ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە باسبکەنو هۆکارو چارەسەرەکان دیاریبکەن.
تەڵاقی بێدەنگ یان تەڵاقی خۆشەویستی ئەو تەڵاقەیە کە ژنو مێرد لەناو ماڵی خۆیاندانو گرێبەستی هاوسەریان بەردەوامە، بەڵام بەبێ خۆشەویستیو قسەکردن، تەڵاقێکی ڕانەگەیاندراوە. ژنو پیاوەکە لەسەرەتای هاوسەریی یان دوای چەندین ساڵ لەهاوسەرگیریی گەیشتوونەتە ئەم کێشەیە.
تەڵاقی بێدەنگ زۆرە لەناو خێزاندا، بەڵام دانپێدانەنراوە، تەڵاقێکی شەرمنانەی نێو خێزانە.
بەخوێندنەوەی سۆسیۆلۆژی لەواقیعی ئێستامان ئەمجۆرە تەڵاقە ڕانەگەیاندراوە زۆرەو هەستی پێدەکرێت.
لەئێستادا تەکنۆلۆجییە بێدەنگی ئەم تەڵاقەی درێژترکردۆتەوە بەهۆی سەرقاڵی زیاتری هاوسەران بەسۆشیاڵ میدیا.
ئەم سەدەیە سەدەی بێدەنگی نێوان خێزانە، سەدەی کەمبوونەوەی گفتوگۆی خێزانە.
ئەم تەڵاقە ڕانەگەیەندراوە زۆرکات دەگاتە تەڵاقی یاساییو خولعو تەفریق. هاوسەران لەبەر چەند هۆکارێک ئەم تەڵاقە ڕاناگەیەنن؛ لەبەرئەوەی تەڵاق جۆرێکە لەعەیبەی کۆمەڵایەتی، یان لەبەر منداڵەکانو کەسوکارییان.
هۆکارەکانی ئەم تەڵاقە زۆرن وەک؛ هەڵنەبژاردنی هاوسەری گونجاوو ئەنانییەتو دەستێوەردانی کەسوکارو گرفتی ئابووریو دەرنەبڕینی خۆشەویستی بۆ یەکتریو سۆشیاڵ میدیاو تەلەفۆنو شاردنەوەی کێشەکان لەیەکتری.
چارەسەری ئەم تەڵاقە بێدەنگە لەیەکەم خاڵدا ڕاگەیاندنی کێشەکەیە، چونکە داننان بەکێشەکە نیوەی چارەسەرە، دواتر گفتوگۆو دانیشتنی دووقۆڵیو بەهێمنی کێشەکان دیاریبکەن. گەر خۆیان نەیانتوانی چارەسەرو دانیشتن ئەنجامبدەن، پێویستە بەزووترینکات پەیوەندیی بەتوێژەرانی کۆمەڵایەتی بکەن لەدادگاکان، چونکە درێژبوونەوەی ئەم بێدەنگییە هەستی خێزانیو خۆشەویستی کاڵتردەکاتەوە، کاریگەریی زۆر سلبی بۆ سەر منداڵەکان دەبێت لەڕووی بەکۆمەڵایەتیی بوونەوە.
خێزان هەیە پێنج ساڵە ژنو پیاوەکە پێکەوە گقتوگۆیان نەکردووەو پێکەوە نەخەوتوون، هەریەکەی لەژورێکو هەریەکەی مۆبایلێک دەکاتە هاوڕێ.
تەڵاقی بێدەنگ لەئێستادا بۆتە مۆتەکەی کۆمەڵگەو چەندان خێزان لەم دۆخە قەلەقییەدا دەژین.
تەنها بەناو خێزانن لەواقیعدا خێزانێکی هەڵوەشاون، خێزانێکە لەشێوەی چرایەک کە سووتەمەنی تێدا نەماوە.
دەبێ بەزووترینکات لەڕێی توێژەرانی کۆمەڵایەتی ڕێنمایی وەرگرنو شەرم نەکەن لەکێشەکە، چونکە تەڵاقی خۆشەویستی، هاوسەران تووشی چەندین نەخۆشی دەروونی وەک خەمۆکیو قەلەقیو نامۆبوونو هەڵچوونی دەروونی دەکات.
ساڵانە ڕێژەی تەڵاق لەهەرێمی کوردستان لەبەرزبوونەوەدایە، بەپێی ئاماری ساڵی 2021ی دادگاکانی پارێزگاکانی هەولێرو سلێمانیو دهۆک ڕێژەی هاوسەرگیری 54837 بووەو ڕێژەی تەڵاقیش 11699.