هەرێم نیوز
شەشەم تۆماری دەنگی دزەپێکراوى نوری مالیکی بڵاوکرایەوە کە تیایدا ئەمجارە باس لە سوونەکان دەکات و دەڵێت، "شیعە لە مەترسیدایە، چونکە ئێستا بەعسییەکان کە مەبەستی لێی حزبەکەی حەلبووسییە بەشێوەیەکی مەترسیدار پێشکەوتوون."
کەسێک بەناوی عەلی فازڵ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ماوەیەکە دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵیک تۆماری دەنگی کە وەک خۆی دەڵێت، هەموویان لە کۆبوونەوەیەکدا تۆمارکراوە و دزەی پێکراوە.
لە تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکەدا ئەو کەسەی دەوترێت مالکییە دەڵێت، "زۆرێک لە کەسایەتییەکان و هێزەکان لە لایەن حەلبوسییەوە بە پارە کڕدراون و هەرچی لە کۆبوونەوەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا باسی دەکەین دەگاتەوە بە حەلبوسی، چونکە لە ناوماندا بەکرێگیراوی تێدایە."
لە تۆمارە دەنگییەکەدا کەسەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "شیعە لە مەترسیدایە و ئێستا بەعسییەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار پێشکەوتوون و هاتونەتە ناو جومگەکانی دەوڵەتەوە."
دەشڵێت، "بەعسییەکان حزبییان دروستکردووە لە ژێر ناوی تەقەدوم کە هی حەلبوسییە."
ئەو کەسەی رۆژنامەنووسەکە دەڵێت مالیکیە باس لەوەش دەکات، بە سەرۆکوەزیرانی وتووە، "گوناحت دەگات، حەلبوسی چییە گۆڕانکاری لە سەرکردە و پارێزگارەکان دەکات، بەڵام ئەو بێدەنگە تا لە بەرامبەردا حەلبوسی دەنگی پێبداتەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران."
ئەوەش دەخاتەڕوو، کە مەرجەعییەتی شیعەکانی بێدەنگە، وەک ئەوەی رووداوەکان مێزەکە بەسەر ئەوان و شیعەدا هەڵنەگەڕێنێتەوە.
بڵاوکردنەوەی تۆمارە دەنگییەکان لە رۆژی ١٣ی تەمموزەوە دەستیپێکردووە و ئەمەش شەشەم دەنگی دزە پێکراوە، بەڵام نوری مالیکی و حزبی دەعوە رەتیدەکەنەوە کە ئەو تۆمارە دەنگییانە، دەنگی ئەو بێت و رایگەیاندووە کە ئەو تۆمارە دەنگییانە، ساختەن و دروستکراون.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دەسەڵاتی دادوەری عێراق رۆژی ١٩ی مانگ رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە راست و دروستی تۆمارە دەنگییەکانی نوری مالیکی دەستی پێکردووە.