هەرێم نیوز
وەزیری شارەوانی لە میانی سەردانی مەیدانی بۆ سەر پرۆژەی شەقامی سەد مەتریی سلێمانی رایگەیاند، پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانی جێی بایەخی سەرۆكی حكوومەتە و 50%ی كارەكانی تەواو كراوە و 83%ی داهاتی فەرمانگەكانیشی بۆ تەرخان دەكرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی حوزەیرانی 2022، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری شاندێكی وەزارەت كە پێكهاتبوون لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، دیوان، نەخشەدانانی ئاوەدانی، پلان و بەدواداچوون، پرۆژەكان و ژمارەیەك بەڕێوەبەری دیكەی ناو وەزارەت سەردانی شاری سلێمانی كرد و دواتر پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانی بەسەركردەوە.
باس لەوەش کراوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری پارێزگاری سلێمانی بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، سەردانی پرۆژەكە دەكات و لەبارەی تەرخانكردنی بودجەش، ڕایدەگەیەنێت شەقامی 100 مەتریی سلێمانی جێی بایەخی سەرۆكی حكوومەتە و 83%ی داهاتی فەرمانگەكان بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخان دەكرێت.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتی، لەمیانەی سەردانەكەماندا بۆ شاری سلێمانی، بە پێویستمانزانی لە نزیكەوە سەردانی پرۆژەی شاڕێی بابان، شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بكەین بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لەگەڵ لایەنی بەرپرس و فەرمانگەی ئەندازیاری نیشتەجێ و كۆمپانیای قەیوان لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردن و بەرەوپێشچوونی ئەو پرۆژەیە بكۆڵینەوە و ئاگاداری بین. گوتیشی: ئەوەی جێی خۆشحاڵییە پرۆژەكە 50%ی كارەكانی جێبەجێ بووە و كاری خۆڵكاری و تێكەڵەكردن، بەشی زۆری تەواو بووە و هەوڵ دەدرێت قۆناغەكانی داهاتووش لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا تەواو ببن".
وەزیری شارەوانی وتیشی، ئەوە دەرفەتێكی زۆر باشە وەكوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای سلێمانی و سەرۆكایەتیی سلێمانی لە نزیكەوە پرۆژەیەكی ستراتیژی گەورە بەسەر دەكەینەوە، لێرەدا دووپات لە سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە كە دەخوازین هەموو پرۆژە گەورە و ستراتیژییەكان لەلایەن وەبەرهێنەران و سەرمایە و دەستیكاری خۆماڵی جێبەجێ بكرێن. گوتیشی: هیوادارین لە ئاییندەیەكی نزیكدا تەواوكردنی ئەم پرۆژە گرنگ و كوردستانییە بۆ شاری سلێمانی بە تەواوكراوی ببینین و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەموو پشتیوانی و پشتگیری و كارئاسانییەك پێشكەش دەكات.
ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆژەی 100 مەتری سلێمانی جێی بایەخی ئەنجوومەنی وەزیران و جەنابی سەرۆكی حكوومەتە و دوا بڕیاریش كە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، 83% داهاتی فەرمانگەكان بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخان دەكرێت و پارەی پێویستی بۆ دابین دەكرێت، هەر بودجەیەكیش پێویست بێت بۆ تەواوكردنی بە دڵنیاییەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان درێغی ناكات.