هه‌رێم نیوز
به‌پێی زانیارییه‌ك كه په‌یامنێری ته‌له‌فزیۆنی حكومه‌تی روسیا ئه‌لیكسه‌نده‌ر سیلادكۆڤ له تلیگرام بڵاویكردوه‌ته‌وه، ژه‌نه‌راڵێكی تری ئه‌و وڵاته به‌ناوی رۆمان كۆتۆزۆڤ، له دۆنباس كوژراوه، به‌ڵام هیچ شتێكی ده‌رباره‌ی كاتی كوژرانی ئه‌و ژه‌نه‌راڵه روسییه باس نه‌كردوه.
له مانگی نیسانی رابوردو به‌رپرسانی روسیا ئاشكرایانكرد، 8 سه‌ركرده‌ی دیاری سوپای روسیا تا ئه‌وكاته له شه‌ڕی ئۆكرانیادا كوژراون.
رۆژنامه‌ی زه ئیندهبێندنت-ی به‌ریتانی لە 9-4-2022 كوژرانی ژه‌نه‌راڵێكی روسی له ئۆكرانیا ئاشكراكردوهو به‌وپێیه‌ش ژماره‌ی ژه‌نه‌راڵه كوژراوه‌كانی ئه‌و وڵاته له‌سه‌ره‌تای هێرشه‌كه‌یان بۆ سه‌ر ئۆكرانیا تا گهشتوەتە 10 ژه‌نه‌راڵ.
لە کاتێكی پێشتردا رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست نوسی، ئه‌گه‌ر راپۆرته‌كان له‌باره‌ی كوژرانی ئه‌و ژماره ژه‌نه‌راڵانه‌ی روسیاوه راست بێت، ئه‌وه ژماره‌ی قوربانییه‌كانی روسیا له‌ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته‌ی شه‌ڕ له‌ئۆكرانیا، كۆی ژماره‌ی كوژراوه‌كانی له ماوه‌ی نۆ ساڵی شه‌ڕی شیشان و ئه‌فغانستان و سوریا‌و جۆرجیا تێپه‌ڕاندوه.
چاودێرانی سه‌ربازی و به‌رپرسانی هه‌واڵگری رۆژئاوایی ده‌ڵێن، ژه‌نه‌راڵه روسه‌كان له نزیكی به‌ره‌كانی شه‌ڕه‌وه ئاماده‌ییان هه‌یه‌و سوپای روسیش ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌فسه‌ری هه‌یه، ئه‌وه‌ش هۆكاره بۆ كوژرانیان.
باسیان له‌وه‌شكردوه، بۆئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازی به‌ده‌ستبهێنن و رێ له شپرزی هێزه‌كانیان بگرن و باری ده‌رونی سه‌ربازه‌كان به‌رزبكه‌نه‌وه، ژه‌نه‌راڵه روسه‌كان به‌رده‌وام له به‌ره‌كانی پێشه‌وه ده‌بینرێن.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كان، هۆكارێكی تری كوژرانی ئه‌و ئه‌فسه‌ره پله‌باڵایانه ئه‌وه‌یه چانێڵی نهێنی له په‌یوه‌ندییه‌كانیاندا به‌كارناهێنن، ئه‌وه‌ش هۆكاره بۆئه‌وه‌ی به ئاسانی ئاشكرابكرێن.
له 24ی شوباتی رابوردوه‌وه روسیا هێرشی بۆسه‌ر ئۆكرانیا ده‌ستپێكردوه به پاساوی ئه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی هه‌یه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئۆكرانیا ده‌یانه‌وێت په‌لكێشی ناتۆ بكه‌ن بۆ سه‌ر سنوره‌كانی روسیا.
هه‌وڵه نێوه‌ندگیرییه‌كان بۆ راگرتنی شه‌ڕه‌كه هیچ ئه‌نجامێكیان لێنه‌كه‌وتوه‌ته‌وه سه‌رباری ئه‌وه‌ی زیاتر له 5 هه‌زار سزا به‌سه‌ر مۆسكۆدا له‌لایه‌ن ئهمهریكاو وڵاتانی ئه‌وروپاوه سه‌پێنراوه.