شاسوار هەرشەمی
بەھار: هەروەها بوهار، بهار. ناوی وەرزی بەھارە، کە لە دوای زستانەوە دێت. ناوەکە لە زمانەکانی ناوچەکە کۆنە. لە ئاڤێستایی thuravahara، تورە ڤاھەرە واتا بەھار. لە زمانی پارتیی vahara، ڤاھەرە واتا بەھار. لە پەهلەویی bahar، بەھار ھەمان. لە مازندەرانیی wehar، وەھار ھەمان. لە بەلوچیی bhargah، بھارگاھ ھەمان. تاجیکیی بەهۆر. فارسیی بەهار. هەمان وشە، لە ڕێگای زمانە ئێرانییەکانەوە، بە شێوەی bahar، باھار کەوتۆتە زمانەکانی تورکیی و ئازەریشەوە. بە ئۆزبەگیش bahor، باهۆر.
لە زمانی ئوردو بەهار.
وەک دەزانین بەھار لە لای ئێمە واتای ساڵی تازەش دەگەیەنێت. ئەمە لای ڕۆمانە کۆنەکانیش وابووە (ناوی مانگەکانی سێپتێمبەر، ئۆکتۆبەر، نۆڤێمبەر و دیسێمبەر، بە ڕیزە واتاکانیان بریتیە لە سێپتا/ حەفتەم، ئۆکتا/ هەشتەم، نۆڤا/ نۆیەم و دێسا/ دەیەم. ئەگەر بەو پێیە و بە هەمان ڕیزبەندیی ژامرەکانی سەرەوە، بگەڕێینەوە دواوە، لە شەشەمەوە تا مانگی یەکەم، دەبینین، مانگی ژمارە یەکی ڕۆمانی، هەر دەکەوێتەوە مانگی ئادار، یان سێیەمی زایینی ئێستا.
وشەی بەهار لە دوو بەش پێکھاتووە. "بەھ-" واتا باش، ھەروەھا "ئار" کە واتای (ساڵ)ی گەیاندووە. بەسەر یەکەوە دەبێتە ساڵی باش، یان باشترین وەرز و کاتی ساڵ.
بەھ: پارتیکلێکە بە واتای زۆر چاک بەکاردێت. زۆرجار بە شێوەی بەھ بەھ بەکاردێت بۆ ھاندانی لایەن، کەس، کەسانی کێبەڕکێکەر، یان بۆ ھاندانی کەسێک کە کارێکی باش دەکات. وشەکە لە زمانە کۆنەکانی پارتیی ئەشکانیی vah، ڤەھ و پەهلەویی veh، ڤێھ، ماوەتەوە، ھەر بە واتای باش.
ھەروەک، لەو سەردەمەدا، بە خەڵکی باوەڕقاییم و ئاییندار گوتراوە veh den، ڤەھ دێن بە واتای دین باش. لە ئاڤێستایی vah، ڤەھ بە ھەمان واتا، یان باش ھاتووە. لە وشەی ئاڤێستایی، وشەی ناسراوی vahışta، ڤەھ ئیشتە دەبیندرێت بە واتای بەھەشت یان باشترین. ڤهھ لێرەدا ھەمانە کە لە کوردیی و فارسیی بە شێوەی (بەھ) ماوەتەوە وەک لە بەھتەر. بێتر. باشتر دەبیندرێت.
ئار: شارەزایان لایان وایە، کە خودی وشەی (ئار) لە سەرەتادا واتای کەژ، یان ھەر بەھاری گەیاندووە و دواتر بۆ واتای ساڵ گەشەی کردووە. لە ئاڤێستاییدا ا yar، یار، هەروەها yare، یارێ واتا ساڵ. لە زمانی پارسیی کۆندا، شوێنەواری وشەکە ماوە.
وشەی لێکدراوی duşiyaram، دوشیی یارەم، واتا وشکە ساڵیی، برسیەتیی. لە بنەڕەتدا واتا بەدساڵیی، ساڵی خراپ بووە. (دوش) واتا دژ، بەمجۆرە واتا دروستەکەی دەبێتە دژساڵ. ساڵی سەخت.
لە گرێکیی "h"ora، ھۆرە، ئۆرە واتا ساڵ، بەشێکی ساڵ، هەروەها بەشێکی ڕۆژ و کاتیشە. دیسان واتا کەژ، وەرز "h"oros، ھۆرۆس، ئۆرۆس واتا ساڵ. وەک لە وشەی زۆر ناسراوی horoskop، ھۆرۆسکۆپ یان کەلو و بورجەکانی بەخت دیاریکردندا دەیبینین. هەر لە گرێکییدا ora ، ئۆرە واتا کات، سەردەم، زەمان.
لە زمانی سلاڤیی کۆن و ڕووسیی کۆندا jara، یارە و yaru، یارو واتا بەھار. لە سلۆڤاکیی jar، یار واتا بەھار. لە زمانی بۆهیمی yaro، یارۆ واتا بەهار.
لە گۆتیی jer، یێر واتا ساڵ. لە ساکسیی و ئەلمانیی کۆندا jar ، یار ساڵە. لە ئەلمانییدا بۆتە jahr، یار بە ھەمان واتا. لە ئەنگلۆساکسۆنییدا gear، گێیر واتا ساڵ، کە لە ئینگلیزییدا بۆتە year، ییر ههر بەواتای ساڵ. بە سویدیی و نەرویژیی år، ئۆر واتا ساڵ. لە دانمارکیی aar، ئار واتا ساڵ. لە ھۆلەندیی jaar، یار ھەمان. هەروەک لە ھۆلەندیی voorjaar، ڤوور-یار واتا بەھار. ئیسلاندیی ar، ئار ھەمان. دەبینین لە بەنگالییش bachara، بەچ-ئارە واتا ساڵ. لە هیندیی و گوجاراتیی varso، ڤار-سۆ ھەمان.
لە لاتینییدا وشەی hornus ، ھۆر-نوس واتا (ئەم ساڵ، چەند ساڵە؟).
وشەکە بە واتای ساڵ لە کوردییدا تەنیا لە وشەی زۆر کۆنی وەک بەھار، کاوڕ، دژوار، بازار و گەورەدا ماوەتەوە، کە من وەک بابەتی سەربەخۆ، لە (فەرهەنگی ئێتیمۆلۆژی کوردیی)دا، کارم لەسەریان کردووە.
ڕهگی پرۆتۆ و هاوبەش، یان PIEی وشەکە، بریتیە لە yer-o-، یێر-ۆ-، کە گەشەی وشەی yer-، یێر بووە بە واتای کەژ.
کەواتە واتای بنەڕەتی بەهار، بریتیی بووە لە باشترین کەژ و دواتر بۆ باشترین ساڵ واتاکەی گۆڕاوە و ئێستاش جارێکی دی وەک ناوی کەژێکی ساڵ ماوەتەوە.
نالی دەڵێ: لە خەزان بێ خەبەرە، بەرگی بەھار و چەمەنی... بێ بەقایی گوڵ و سەرو و سەمەن و یاسەمەنی.