ئەمجارە ئەمرم، لەمردن ناترسم، ژیانێكی باش و عومرێكی درێژم رابوورد، گەلێ شاران و وڵاتان گەڕاوم، گەورەو پادشاھانم دیوە، تاڵی و سوێری زۆرم چەشتووە، بەنیوە خوێندەواری لەسلێمانی دەرچووم و خوێندنێكی بەرزم ھێنایەوە، بەسەربەرزیی دەزانم كە لەڕێی باوەڕی خۆمدا حەپس و زیندانێكی زۆرم دیوە.
لەم وڵاتەدا دوو چاوم ھەبووە، یەكێ (زانستی) و یەكێ (ژین)، ئێستا كە ئیتر لەوانەیە كەڵكی خزمەتم پێوە نەمێنێ و ببم بەبار بەسەر خەڵكەوە، روو ئەكەمە قاپی ئەبەدی، روو ئەكەمە قاپی ئەبەدی بەبێ ئەوەی كە ماڵی كەسم خواردبێ، موحتاجی كەس بووبێتم، ھیچم پاشەكەوت نەكردووە، ھیچیشم لەدوا بەجێ نامينى، چاوم لەدوای خۆم نییە، خۆم بە ئاخر خێر ئەزانم،
ھەرچەندە یەكانە ھیوام ئەوە بوو كە ببینم قەوم و میللەتەكەم پلەیەك لەمە بەرزتر و خوێندەوارترو پێگەشتووتربن، بوو بەگرێ و لەدڵما و نەمدی، لەگەڵ ئەوەشدا بەختیارم، چونكە بۆم دەركەوت كە قەوم و میللەتەكەم لەپێشكەوتنان و ھەمووجۆرە توانا و قابیلیەتێكیان تێدایە، ئامۆژگاریم ئەوەیە بخوێنن، كوڕ و كچ تاخوێندەوار نەبن بێسودە، ھەموو شت بەعیلم و فەنەوەیە وەكو وتومە:
لای من بەخوێندەوارییە، ئاە خوێندەوارییە/ ھەر میللەتێ كە فەنی نەبێ دەردی كارییە/ ئاخ خۆزگە خوێندنیش وەك من ئارەزوو ئەكەم/ بیبینم و نەبێتە گرێی قورسی كفنەكەم.\
ئامۆژگاریم ئەوەیە بەشوێن ماددە مەكەون، دنیا زۆر بەگران مەگرن، تائەتوانن خزمەتی راست و بێ موقابیلی قەوم و زمان و وڵاتەكەتان بكەن و دەستی داماوان بگرن و لەدین لامەدەن، خواو پێغەمبەری خۆتان بناسن و رەوشتتان پاك و خاوێن بێ.
ئامۆژگاریم ئەوەیە چاپخانەكە مەفەوتێنن، ئەم قەلەندەرخانەیە تێكمەدەن، ئەو یەك دوو كەسانەی ئەم بەینە لەم قەلەندەرخانەیەدا خۆیان داوەتە پەنای من، بێنازیان مەكەن حەقیان بەسەرمەوەیە.
رۆژنامەكەش لەدەستمەدەن، چاپخانەكە ئیش پێبكەن، چونكە لەلایەكەوە ناكوژێتەوەو خزمەتی پێئەكرێت، لەلایەكی تریشەوە ئەو جیھەتەی من یارمەتیم داون، بەڵكو بەھۆی ئیشكردنی چاپخانەكەوە ئەو یارمەتییەیان لێنەبڕێت
. ئامۆژگاریم ئەوەیە كە شیعر و نووسینەكانم كۆكرایەوە مەیفەوتێنن، ئیستیفادەی لێئەكرێت، ئامۆژگاریم ئەوەیە (لەگردی یارە) بمنێژن، بۆم مەگرین، ئەگەر زۆر بیرتان كردم جارجارە سەرم لێدەن، فائق ئەم ئامۆژگاریانەم بۆ تۆیە و بۆ ئەو كەسانەیە كە بەتەنگمەوەن.