دواین هەواڵ

کلتور‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

سەلمان فایەق كاكەیی ئەو دەرهێنەرەی بۆ یەكەم جار كامێرای گواستەوە دەرەوەی ستۆدیۆ

حەیدەر عەبولرەحمان

سەلمان فایەق كاكەیی ـ یەكەم دەرهێنەری كوردە بۆ یەكەمجار لە هەردوو درامای
بەهاری دزراو 1972
درامای مەرەزە 1973

كامێرای لەچوارچیوەی ستۆدیۆ تەسك و تریسكەكانی تەلەفزیۆن هێنایە دەرەوە، بۆ تۆماركردنی ئەو درامایانەی ڕووداوەكانیان لەژیانی گوند نشینەكان و جیاوازی چینایەتی نێوان جوتیارو ئاغاكانیان دەدوا.

د. سەلمان فایەق كاكەیی ـ ئەگەرچی خوێندنی یاڵای لە بواری دەرهێنانی سینەمایی دا لەڕۆمانیا تەواو كردووەو توانستێكی لێهاتووانەی هەبووە لەبواری بەرهەمهێنانی درامادا، بەڵام پێ‌ دەچێ‌ بۆی نەلواوە، جگە لەو دوو بەرهەمە درامیەدا، هیچ بەرهەمێكی دیكەی لە ئەرشیفی درامادا هەبێت .

لە سەرەتای ساڵانی دوو هەزاردا كە لە هەولێر بوو، توانی بۆ یەكەم جار بەشی سینەما لەكولێژی هونەرە جوانەكانی كورد لە هەولێر بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو بەشە رۆڵی هەبێت بۆ دروست كردنی كادیری سینەمایی، لەپێناو گەشە پێدانی هونەری سینەما لە كوردستاندا, بەڵام دواتر سەلمان فایەق كاكەیی دوای چەند ساڵێك مانەوە، كوردستانی جێ‌ هێشت و ڕووی لەهەندەران كردەوە لە وڵاتی سوید ـ بێ‌ ئەوەی وەك ئەكادیمیەكی لێهاتوو بەردەوام بێت لە بەرجەستە كردنی ئەو زانست و توانست و هونەرەی بۆ خزمەتی سینەمای كوردی دروستی كردبوو .

بەڵام هەر هەموو شانۆكارو دراماكارە كوردەكانی كەركووك، لەوانە جیهاد دڵپاك ، جەلیل زەنگەنە، فازڵ جاف، عەلی كەریم ، مەهدی ئومێد، لە زۆربەی ئەو دیمانە رۆژنامە نووسیانەی ئەنجامیان داوە، رۆڵی ئەو دەرهێنەرەیان بەرز نرخاندووە بۆ پێشخستنی دراماو شانۆی كوردی، بەتایبەت لەو قۆناغە تەسكو تریسكەی ساڵانی حەفتاكانی درامای كوردی كە سەرەتای دروست بوونی بووە.

ئەوەی من لەو پەراوێزەدا نوسیوومە تەنیا ئەمانەتێكی مێژووییە دەبێ‌ تۆمار بكرێت و لەبیر نەكرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP