هەرێم نیوز
ئا. بەیان سەلمان
لەم سەردەمەی کە بووەتە مۆدێل بۆ قسەکردن لە بارەی زیرەکی دەستکرد، بە گرنگم زانی چەند سەرنجێک سەبارەت بە زیرەکیی مرۆیی بخەمە ڕوو. لە پێش هەر سەرنجێک، پیویستە بڵێین کە زیرەکی وەسفی توانای مەعریفیمان دەکات، بەڵام بیرکردنەوە لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن لە ڕاستیدا ئەو توانایە بەکاردەهێنین.
زیرەکیی مرۆیی توانایەکی بێ وینەیە، بەهرەیەکی سەرنجڕاکێشە، کە بە فرەتوانایەکەی سەرسمان دەکات. ڕێگەمان پێدەدات کێشەی ئاڵۆز چارەسەر بکەین، تەکنەلۆژیا داهێنین، لە نێوانیاندا زیرەکی دەستکرد وەک مۆدێلێکی نوێی ئەم سەردەمە. هەروەها توانای تێگەیشتنمان لە جیهانی دەوروبەرمان. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای ئەو توانایانە، مێشکمان لە هەڵە بەدوور نییە. هەڵەکانی بیرکردنەوە، کە زۆرجار بە لایەنگرتنی زانستی ناسراون، کاریگەرییان هەیە لەسەر بڕیار و حوکمەکانمان، هەندێک جار بەبێ ئەوەی هەستیشی پێ بکەین. بابەتی ئەم نووسینە سروشتی زیرەکیی مرۆیی دەخاتە بەر پرسیار، باوترین هەڵەکانی بیرکردنەوە ڕوون دەکەینەوە و پاشان دێینە سەر چۆنێتی زاڵبوون بەسەریاندا.
پێویستە بڵێین، کەزیرەکیی مرۆیی لە تواناماندا دەردەکەوێت بۆ ژیری، فێربوون، پلاندانان و تێگەیشتن لە چەمکە ئەبستراکتەکان. پشت دەبەستێت بە پرۆسەی زانینی ئاڵۆز، وەک بیرەوەری، سەرنجدان، لێکدانەوە و بڕیاردان. لەگەڵ ئەوەشدا، مێشکمان گەشەی کردووە بۆ ئەوەی بە خێرایی مامەڵە لەگەڵ ڕێژەیەکی زۆری زانیارییەکاندا بکات، لە ژینگەیەکدا کە زۆرجار پێشبینی نەکراوە، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە مایەی کورتکردنەوەی زانیاری. ئەم کورتکردنەوانە، سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک دۆخدا بەسوودن، دەتوانن ببنە هۆی هەڵەی بەردەوام.
ئەو هەڵانە لە بیرکردنەوەدا، وەک لایەنگریی زانیین، جۆرێکە لە شێواندن لە چۆنیەتی بینین و لێکدانەوەی زانیارییەکانماندا. ئەمانە چەند نموونەیەکی ناسروان کە پشتیان پێ دەبەستین بەبێ ئەوەی زۆر خۆمان ئەزێت بدەین.
کێشەیەکی تریان پابەندە بە پشتڕاستکردنەوە. لێرەدا مەبەست لەو کێشانەیە کە ئێمە پتر بە دوای زانیارییگەلێکدا دەگەڕێین و بایەخیان پێدەدەین کە لەسەر باوەڕێکی پێشووتر بونیات نراون و زانیارییەکانمانی پێ پشتڕاست دەکەینەوە، هاوکات چی بەڵگەی پێچەوانەیە فەرامۆشی دەکەین. بۆ نموونە، کەسێک کە لەلای خۆیەوە دڵنیایە لەوەی تیۆرییەک ڕاستە، ڕەنگە ئەو لێکۆڵینەوانە وەلاوە بنێت کە لە دژی وەستاون.
بێجگە لە کێشەی کاریگەریی جێگیرکردن لە کاتی بڕیارداندا؛ چونکە ئێمە زۆرجار پشت دەبەستین بە یەکەم زانیاریی کە وەرمان گرتووە، تەنانەت ئەگەر هەڕەمەکییانەش بێت. بۆ نموونە، ئەگەر پێشوەخت نرخی بەرهەمێکمان مەزەندەکردبێت، دەکرێ کاریگەری هەبێت لەسەر تێگەیشتنمان بۆ بەهای ڕاستەقینەی.
هاوکات، بەردەستبوونی زانیارییەکان، وا دەکات، ئەگەری ڕووداوێک، بەپێی ئەو ئاسانییەی کە نموونەکان دێنە نێو مێشکمانەوە هەڵسەنگێنین. بۆ نموونە، دوای ئەوەی دۆکیومەنتێک دەبینین دەربارەی ڕووداوی کەشتی یان فڕۆکە، ڕەنگە مەترسیی گەشتکردن بە کەشتی و بە فڕۆکە لەلامان ببێتە تراومایەک و مەترسییەکە گەورەتر بکەینەوە.
دواجار متمانەبەخۆبوون کێشەیەکە ناکرێ پشتگوێ بخرێت. بەم واتایە، کەسەکە زۆرجار لە ڕادەبەدەر زانیاریەکانی خۆی یان لێهاتوویی لە بوارێک و چەند بوارێکدا پەسەند دەکات و وەها گەورەی دەکاتەوە کە وای لێدەکات بڕیاری نادروست بدات.
ئەم لایەنگرییانە، لەنێو ئەوانی تردا، دەری دەخەن کە تەنانەت زیرەکترین مێشکیش دەتوانێت بەهۆی شێوازەکانی بیرکردنەوەی ئۆتۆماتیکییەوە خۆی فریو بدات.
با بێینە سەر هۆکارەکانی هەڵەکانی بیرکردنەوە. بێگومان هیچ کامی ئەو هەڵانە لەخۆڕا دروست نەبوون! بەڵکوو لە چەند هۆکارێکەوە سەرچاوە دەگرن:
گەشەسەندنی بایۆلۆژییەکێکە لەو هۆکارانە. چونکە مێشکمان گەشەی کردووە بۆ ئەوەی خێراتر و وردتر و بە جۆرێکی گرنگتر کار بکات، ئەمەش بۆ خۆهێشتنەوە و مانەوە لە ژینگەی دژواردا زۆر گرنگ بوو.
هەروەها قەرەباڵغی زانیاری هۆیەکی ترە، ئەمەیان بە زۆری لەم سەردەمی دیجیتاڵەدا دەرکەوت. ئێمە بۆردومان کراوێن بە زانیاری (دروست و نادروست)، ئەمەش وا دەکات مێشکمان، ئەوەی بە فەرەنسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی پێی دەڵێن ”هیورستیک” و لە عەرەبیدا بە ”استدلال” ناسراوە، بەکاربهێنێت؛ واتە (کورتکردنەوەی زانیاری) بۆ دەستنیشانکردنی داتا.
هەروەها هەستەکان و سۆز و دڵەڕاوکێ هۆیەکی ترن، لێرەدا هەستە گەورە و بەهێزەکان، وەک ترس یان توڕەیی، دەتوانن بڕیارەکانمان پێ بگۆڕن و وای لێبکەن زیاتر لایەنگربن.
ئێستا با بپرسین، چۆن هەڵەکانی بیرکردنەوە کەم بکەینەوە؟
سەرەڕای ئەوەی کە مەحاڵە بە تەواوی لایەنگریی زانیینەکان بنبڕ بکەین، چەند ستراتیژییەتێک هەن کە دەکرێ یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەیاندا :
سەرەتا هۆشیاربوون بەو لایەنگرییە زۆر گرنە. واتە خۆ فێرکردنی ناسینەوەی لایەنگریی زانیینەکان یەکەم هەنگاوە بۆ بەرپەرچدانەوەیان. بۆ نموونە، لە خۆت بپرسە ”ئایا تەنها هەوڵ دەدەم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە پێشتر باوەڕم پێی هەبووە یان نا؟”
ئەوجا، پەیڕەوکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو لایەنگرییە. ئەوە بەشێکە لە پشکنینی سەرچاوەکان، وەک ڕەچاوکردنی دیدگا پێچەوانەکان و پرسیارکردن لە گریمانەکانی خۆت، بەمەش کەسەکە دەتوانێت جۆری بڕیارەکانی باشتر بکات.
پاشان کات تەرخانکردن و مەودا وەرگرتن لە بڕیارێک. بۆ نموونە بڕیارە کتوپڕەکان زیاتر قابیلی هەڵەن. تەرخانکردنی کات بۆ بیرکردنەوە لە بارەیانەوە، بەتایبەتی بۆ هەڵبژاردنی بابەتی گرنگ و چارەنووسساز، دەتوانێت لایەنگریی وەک جێگیرکردن یان متمانەبەخۆبوون کەم بکاتەوە.
دواجار، پرسکردن و گوێگرتن و داواکردنی ڕای دەرەکی خاڵێکی گرنگی ترە. ئەوەش بە گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسانی تر، بەتایبەتی ئەوانەی کە دیدگای جیاوازیان لەگەڵ خودی کەسەکە هەیە، دەتوانێت لایەنە شاراوەکانی لاوازیمان یان ژیریمان ئاشکرا بکات.
لە پوختەدا دەڵێم، زیرەکیی مرۆیی توانایەکی بەهێزە، بەڵام لە بنەڕە