ڕانانێکی کورت بۆ ڕۆمانی "ناپاکی"ی ئەحمەد ئاڵتان
ئارام سدیق
...
ئەحمەد ئاڵتان لە ڕیزی ئەو نووسەرە هاوچەرخانەیە، کە ناوێکی نوێیە بۆ نێو دونیای ئەدەبی کوردی، چونکە پێشتر تەنها وەک ڕۆژنامەنووس و داکۆکیکاری مافی کورد لە باکووری کوردستان لای خوێنەرانی کورد ناسراوە، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا دوای وەرگێڕانی پێنج لە رۆمانەکانی بۆ زمانی کوردی لەلایەن وەرگێڕ و موزیسیان "سامان کەرم"ـەوە ئیدی بووە ناوێکی ئاشنا دوای ئەو پێنج ڕۆمانە هەنووکە سێ ڕۆمانی دیکەشی لە ساڵی نوێدا چاپ و بڵاو دەکرێنەوە. ئاڵتان لە ڕیزی ئەو نووسەرانەیە کە بەدیدگایەکی نوێ و بەشێوازێکی تایبەت و زۆر نوێگەرانە و هاوچەرخانە دەنووسێت و حیکایەتی نێو ڕۆمانەکانی دەچنێت، کە بۆ زۆرێک لە خوێنەری کورد تازەیە، چونکە دوورە لەو قاڵب و ڕێسایانەی کە زهن و بیرکردنەوەی خوێنەری کورد پێی ڕاهاتووە.
ئەم نوێگەربوونەی ئاڵتان تەنها لە شێوازی گێڕانەوە و کاراکتەرسازی و زمان و تەکنیکی گێڕانەوەدا نییە، بەڵکو وەکو هەڵبژاردنی ئەو ئایدیا و بابەتانەی دەیەوێت لێی بدوێت بۆ جیهانی گێڕانەوە و عەقڵی ڕۆژهەڵاتییانەی خوێنەران گەلێک نوێیە، یان لە هەوڵی پیشاندانی دیوێکی دیکەی جیهانێکدایە، کە بەرزتر و گەورەترە لە بیرکردنەوەی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی، کە زۆرجار لەبری ئەوەی بەدوای چارەسەری کێشەکانەوە بێت لێیان ڕادەکات، ئاڵتان دەیەوێت تاکی ڕۆژهەڵاتی لە کێشەکانی ڕانەکات، بەڵکو بەرپرسیارێتی ئەو کێشانە هەڵبگرێت و لە ڕێگەیەکی نوێوە ژیانێکی تازە دەست پێ بکاتەوە.
ڕۆمانی "ناپاکی" یەکێکە لەو ڕۆمانانەی کە دەیەوێت دیدگایەکی دیکە بۆ پەیوەندی نێوان ژن و پیاو لە جیهانێکی جەنجاڵ و ئاڵۆزی وەکو ئێستادا پیشان بدات. جیهانێک زۆرجار مرۆڤەکان ژیانی ئاسایی و سەرەکی خۆیان بیر دەچێتەوە و کارکردن هەموو ژیانیان داگیر دەکات و ئیدی لە هەست و سۆزی خێزان بێئاگا دەبن و دەکەونە داوی پۆست و جیهانێکی ماددی، کە هیچ بەهایەکی مەعنەوی لا گرنگ نەمێنێت.
ناپاکی؛ چیرۆکی خیانەتی ئایدان دەگێڕێتەوە لە هەلوکی هاوسەری، ئەویش دوای ئەوەی ئایدان "جێم" دەناسێت و ئەو یەکترناسینە لە یەکترناسینێکی ئاساییەوە سەردەکێشێت بۆ پەیوەندییەکی قووڵی خۆشەویستی و سێکسی. خاڵێک کە ئاڵتان لە چیرۆکی نێوان ئەم دوو هاوسەرەوە و دۆستی ئایدانەوە دەیەوێت بخاتەڕوو ئەوەیە کاتێک بۆشایی لەنێو خێزاندا دروست دەبێت، ئیدی ئەو خێزانە بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەڕوات، یان ڕێڕەوی ئاسوودەیی و ئاسایی خۆی لەدەست دەدات. ڕۆمانووس لەم رۆمانەدا بە وردی و تاڕادەیەکیش بە ڕوون ئەمەی پیشانداوە.
ئایدان ماوەیەکی زۆر پەیوەندییەکی سۆزداریی لەگەڵ جێم دەبەستێت و لەوێوە بۆ پەیوەندی جەستەیش دەگۆڕێت، بەڵام دوای ماوەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ جێمدا ئەوسا ئایدان درک بەوە دەکات کە ناحەقیی بەرامبەر هەلوکی مێردی دەکات و هەست بەنائارامیی و شەرمەزاریی دەکات، کە لە خیانەتەوە ئاڵاوە. ئایدان بیر لەوە دەکاتەوە، کە ڕەنگە مێردەکەی خاوەنی توانایەک بێت، هەرگیز دۆستەکەی (جێم) خاوەنی نەبوو بێت، بەڵام ئاڵتان لێرەدا ئەو پرسیارە دەخاتەڕوو بۆچی ئایدان جێمی هەڵبژارد؟ ڕۆماننووس گەلێک وشیارانە و وردەکارانە وەڵامی هەموو پرسیارەکان ناداتەوە ئەو شتەکان باس ناکات، بەڵکو پیشانی دەدات و بڕیاری کۆتایی بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵێت.
کاتێک ئایدان بیر لەوە دەکاتەوە کە هەلوک پێگەیەکی بەرزی لەنێو کۆمەڵگەدا بە هەوڵ و ماندووبوون بەدەست هێنابوو و بووەتە پزیشکێکی بەناوبانگ و لەڕووی مرۆڤایەتیشەوە خراپەی بەرامبەر هیچ کەسێک نەدەکردووە، هەرگیز وەها هەڵسوکەوتی نەدەکرد، دڵی ژنەکەی بشکێنێت، هەمیشە هەوڵی داوە دڵی ئایدان خۆش بکات، بەڵام سەرەڕای ئەمانە بۆچی ئایدان خیانەتی لێکرد؟ لە ڕۆمانەکەدا هەر کام لە هەردوو هاوسەرەکە (هەلوک و ئایدان) لەو خیانەتە بەرپرسیارن و هیچیان نییە بەرپرسیارێتی نەکەوێتە سەریان، واتە ڕۆماننووس دژ بە عەقڵی ڕۆژهەڵاتیانە دەوەستێتەوە و لەنێو خیانەتدا، (بەتایبەت لە چیرۆکێکی لەم چەشنەی ئایدان و هەلوکدا) لایەنێک چ ئایدان، یان هەلوک بەتەنیا گوناهبار نییە، بەڵکو ئەوە هەردووکیانن کە بوونەتە هۆیکاری دروستبوونی ئەو بۆشاییە.
هەلوک تەنها نایەوێت پزیشک بێت، بەڵکو دەیەوێت بەهۆی پزیشکییەکەیەوە ببێتە سەرۆکی سەندیکای پزیشکان و بۆ ئەوەش ناچارە زۆر تێبکۆشێت و کاتی زۆری دەوێت کە خێزانەکەی "ئایدان" تا ئاستی فەرامۆشکردن، فەرامۆش دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی بۆشاییەکی گەورە و لەوێوە ئیدی ئایدان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سۆزدارییە جێم دەناسێت و بە نیگاکانی جێم فریو دەخوات. بەدەر لەوەش "ئایدان" خاوەنی ڕۆحێکی یاخی و سەرکەشە، کە لە پەیوەندی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ناتوانێت ئەم رۆحە یاخی و سەرکەشە تێر بکات، بەڵام لە پەیوەندی لەگەڵ جێمدا تا دواسنووری مەترسی لەگەڵ ئەم ڕۆحەدا بەردەوام دەبێت. (بێگومان لێرەدا نامەوێت وردەکاریی ڕۆمانەکە بۆ خوێنەر بخەمەڕوو و ئەمە ئەرکی ئەم نووسینە نییە).
خاڵێکی جەوهەری پشت خیانەتی ئایدان و فەرامۆشکردنەکانی هەلوکەوە ئەوەیە، کە دوور لە عەقڵی تاکی ڕۆژهەڵاتی کە ئایدان و هەلوک خۆیان لە کێشەکان بدزنەوە، یان لە یەکتری جیا ببنەوە، بەڵکو دێن و دەست بە ژیانێکی نوێ دەکەن. کۆتایی ڕۆمانەکە گەلێک شۆکهێنەرە بۆ خوێنەر، کە لەبری ئەوەی (وەک خوێنەر چاوەڕێی دەکات) خوێن بڕژێت، یان ئەم دوو هاوسەرە لەیەکتری جیا ببنەوە و هەر یەکە و ڕێگەی خۆی بگرێتەبەر، بەڵام پێکەوە هەردووکیان هەست بە هەڵەی خۆیان دەکەن و ڕێگەیەکی نوێ و شوێنێکی نوێ بۆ ژیانکردن هەڵدەبژێرن.
خاڵێک کە گرنگە هەموو ڕۆماننووسێک پەیڕەوکەری بێت، یان دەتوانین بڵێین ڕۆماننووسە داهێنەرەکان هەمیشە لە هەموو بەرهەمەکانیاندا پەیڕەوی دەکەن ئەوەیە، کە لە هەموو بەرهەمێکیاندا لەسەرووی کۆمەڵگە و عەقڵی باوەوە بیر دەکەنەوە. هونەری ڕۆمان؛ هونەری بیرکردنەوەیە لە سەروی عەقڵی باوەوە. ڕۆماننووس ئەگەرچی چیرۆکەکانی نێو کۆمەڵگەی خۆی دەنووسێتەوە، بەڵام هەمیشە لەسەرووی کۆمەڵگەوە بیر دەکاتەوە. هەر ڕۆمانووسێک زیادەیەک نەخاتە سەر پاشخانی کولتووری و ئایینی و سیاسی کۆمەڵگەکەی کەموکوڕیی لە بەرهەمەکانیدا هەیە و ناچێتە ڕیزی ڕۆماننووسانی داهێنەرەوە. ڕۆمانووسین پێشکەشکردنی ئەو زیادەیەیە بە ئامانجی ئەوەی کۆمەڵگە بەرەو قۆناغێکی نوێ بەرێت و ئاسۆی نوێی لەبەردەمدا بکاتەوە نەک بیری کۆنخوازی بۆ دووپات بکاتەوە. ئەحمەد ئاڵتان لەم بەرهەمەدا و لە ڕۆمانەکانی دیکەشیدا نەک زیادەیەک، بەڵکو دەیان زیادە پێشکەشی کۆمەڵگەکەی خۆی و کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان دەکات. ئەمەش وای کردووە ئاڵتان ببێتە یەکێک لە نوێترین نووسەرە دڵخوازەکانم، چونکە هەمیشە دیدگای نوێ پێ دەبەخشێت و پەنجەرەی نوێ بەڕووی ڕوانینمدا دەکاتەوە.
دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ و موزیسیان سامان کەریم و وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئەحمەد ئاڵتان، کە بۆ یەکەمجار لەسەر دەستی ئەو ئەدەبیاتی ئەم نووسەرە بە ئاگاداری نووسەر و بەشێوەیەکی فەرمی بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.