دواین هەواڵ

کلتور‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

سیاسەتی پاراستنی شوناس و زمان : مەترسی بە عەڕەببوونی هەرێمی کودستان

ئا. محەمەد ڕەحمان ئەحمەد

لە زۆربەی دەوڵەتە فیدرالییەکان، ئەوانەی کە لەسەر بنەمای جیاوازی کولتووری و ئیتنیی و نەتەوەیی پێکهاتوون، نەتەوەی باڵادەست و زۆرینە، هەمیشە لە هەوڵی باڵادەستی و هەژموونی نەتەوەیی و کولتووری خۆیەتی بەسەر نەتەوە کەمینە و ژێردەستەکان. هەمیشە هەوڵی توانەوەی کولتوور و زمان و ناسنامەی نەتەوەی کەمینەن لەنێو کولتوور و زمان و ناسنامەی خۆیان. جگە لەوەش، گەر نەتەوەی کەمینە ناوچەیەکی جوگرافی ڕەسەنی خۆی هەبێت، ئەوا نەتەوەی باڵادەست هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای دانیشتوانیش دەدات، هەر بەوە ناوەستێ کە لەڕووی زمان و کولتوورەوە باڵادەستی خۆی بسەپێنێ.

لەم سۆنگەیەوە، زۆرێک لە هەرێمەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدرالی سیاسەتی پاراستنی کولتووری و ناسنامەیان گرتۆتەبەر لە دژی ناسنامەی نەتەوەی باڵادەست. ئەمەش لەبەر هۆیەکی زۆر سادە، چونکە بوونی سیاسی ئەو هەرێمانە پەیوەستە بە بوونە نەتەوەییەکەیان، بوونە نەتەوەییەکەشیان پەیوەستە بە جیاوازی کولتووریی و زمانیی، کە بناغە و کڕۆکی ناسنامە نەتەوەییەکەیانە. بەو واتایەی، هەر کاتێک ئەو هەرێمانە زمان و کولتووریان توایەوە لەنێو کولتووری نەتەوەی باڵادەست، ئەوا هیچ هۆکارێک نامێنێتەوە بۆ بوونیان وەک هەرێمێکی سیاسی لەنێو دەوڵەتە فیدرالییەکە.


بۆیە، دەبینین هەرێمی (کیبێک) لە کەنەدا کە دانیشتوانەکەی فەڕەنسین، تا ساڵی ١٩٧٧خەریک بوو زمانەکەی خۆیان لە دەستدەدا و زمانی باڵادەستی ئینگلیزی هەژموونی دەکرد، چونکە زۆربەی دایک و باوکان منداڵەکانی خۆیان دەناردە قوتابخانەی ئینگلیزی. جگە لەوەش کۆچبەرەکانیش کە دەهاتنە هەرێمی کیبێک زمانی ئینگلیزیان هەڵدەبژارد، بەڵام کیبێکییەکان زوو درکیان بەو مەترسییە کرد، ئەوەبوو بە یاسا لە ١٩٧٧دا سیاسەتی پاراستنی زمان و کولتووریان چەسپاند. ئیتر ئازادی هەڵبژاردنی خوێندن بە زمانی فەڕەنسی یان ئینگلیزیان نەهێشت، بەڵکو خوێندن بە زمانی فەڕەنسی کرایە ناچاری لەسەر فەڕەنسییەکان و کۆچبەرە نوێیەکان. بەمەش تەنها ڕێژەیەکی زۆر کەم قوتابخانەی ئینگلیزی مایەوە، ئەویش بە کۆمەڵێک مەرج، کە دەبێت دایک و باوکەکان ئینگلیزبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو قوتابیانەی کە لە قوتابخانە ئینگلیزیەکانیش دەخوێنن دەبێ وانەی زمانی فەڕەنسی بخوێنن. ئیدی فێربوونی زمانی فەڕەنسی دەبێت بە بەشێک لە پێداویستییەکانی دەرچوون لە زانکۆ. واتە بەبێ فێربوونی زمانی فەڕەنسی بڕوانامەیان پێنادەن.

لە باکووری ئیتاڵیا، هەرێمی (تیڕۆڵ) کە ٦٥٪ی دانیشتوانەکەی ئەڵمانین و بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکەن، لەگەڵ کەمینەیەکی ئیتاڵی کە ٢٥٪ دەبێت، نزیکەی ٥٪ یش بە زمانی ڕۆمانی قسە دەکەن. بەهەمان شێوەی کیبێکە فەڕەنسییەکانی کەنەدا، ئەڵمانەکانی هەرێمی تیڕۆڵ، سیاسەتی پاراستنی زمان و کولتووریان پەیڕەوکردووە لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردەوە.


لە هەرێمی تیڕۆڵ هەردوو زمانی ئەڵمانی و ئیتاڵی زمانی فەرمییە، ئیتاڵییەکان بە زمانی ئیتاڵی دەخوێنن، ئەڵمانەکانیش بە زمانی ئەڵمانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو قوتابخانە ئیتاڵییەکان، زمانی ئەڵمانی دەخوێندرێت وەک زمانی دووەم، واتە هەموو ئیتاڵییەکان لەم هەرێمە دەبێت خۆیان فێری زمانی ئەڵمانی بکەن، هەرچەندە ئیتاڵییەکان خاوەن دەوڵەت و نەتەوەی باڵادەستن، ئەمەش لەپێناو پاراستنی تایبەتمەندی و ناسنامەی ئەو هەرێمە ئەڵمانی زمانەیە.

ئەوەی باسکرا لە سیستەمە فیدرالییەکاندا شتێکی زۆر ئاساییە کە هەرێمەکان دانیشتوانەکەی خۆیان ناچار بکەن بە فێربوونی زمان و کولتووری نەتەوەیی خۆیان، هەتا ئەگەر کەمینەیەک هەبێت لەو هەرێمە سەر بە نەتەوەی زاڵ و باڵادەستیش بێت، وەک کەمینە ئینگلیزەکانی هەرێمی کیبێک و کەمینە ئیتاڵییەکانی هەرێمی تیڕۆڵ. لێرەدا نە حکومەتی فیدراڵی کەنەدا بەرهەڵستی سیاسەتی پاراستنی زمان و ناسنامەی کیبێکە فەڕەنسییەکانی کرد بە بیانووی ئەوەی زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی دەوڵەتە، نە ئیتاڵیاش بەرهەڵستی سیاسەتی پاراستنی زمان و ناسنامەی ئەڵمانییەکانی کرد لە هەرێمی تیڕۆڵ.

ئەگەر ئەم سیاسەتە بۆ هەرێمێکی وەک کیبێک و تیڕۆڵ ڕاست بێت، لەکاتێکدا نەتەوەکەیان خاوەن دوو دەوڵەتی بەهێز و گەورەی پیشکەوتوون، وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا، کە بەهیچ شێوەیەک ترسی توانەی ئەم دوو زمان و نەتەوەیە نییە، ئەوا بۆ هەرێمێکی کوردی وەک هەرێمی کوردستان لە باشوور دەجار ئەوەندە پێویستترە.

جگە لە سیاسەتی توانەوەی کولتووری و گۆڕینی دیمۆگرافیا و جینۆسایدی کوردان بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو، لە ئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن عەرەب بەهۆی شەڕ و ناسەقامگیریی سیاسی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. نزیکەی ١٠ ساڵە ئەو عەرەبانە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، خانوو و موڵکیان بەناوکردووە، کار و بزنسیان دامەزراندووە، زۆرێکیان نیازی گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان هەر نییە، وا نەوەیەکیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان پێگەیاند. ئاوا بڕوا ئەو نەوەیەی لیرە گەورە بووە بەتەواوی ڕادێن و بەهیچ شێوەیەک ئامادە نابن بگەڕێنەوە شوێنی ڕەسەنی خۆیان.

ئەوەی زۆر مەترسیدارە، بابەتی زمان و ناسنامەی کوردستان و دیمۆگرافیای شارە کوردستانییەکانی هەرێمە، کە بەتەواوی کەوتۆتە ژێر هەڕەشەی عەرەبەکان و بەعەڕەببوون. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بێ دەربەست بووە بەرامبەر ئەو مەترسییە وجودییە گەورەیە، سیاسەتێکی پاراستنی زمان و کولتووری باشی پەیڕەو نەکردووە. ئەوە دەیان ساڵە عەرەبەکان لە هەرێمی کوردستانن، بەڵام ئامادە نین فێری زمانی کوردی ببن، لەکاتێکدا زۆرێک لە خەڵکی کوردیان فێری زمانی عەرەبی کردووە. لە وڵاتان و زۆرێک لە هەرێمە فیدرالییەکان مەرجی بەدەستهێنانی کار، فێربوونی زمانی ئەو وڵاتەیە، ئەو هەرێمەیە، کەچی لە هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەوەیە، لەجیاتی مەرجی فێربوونی زمانی کوردی بۆ عەرەبەکان دابنرێت بۆ دەستخستنی کار، کەچی فێربوونی زمانی عەرەبی بووەتە مەرج لەسەر کوردەکان بۆ دەستخستنی کار لەزۆرێک لە پیشە و شوێنەکان.


هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێک لەسەر بنەم



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP