هەرێم نیوز
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بارودۆخی دارایی ئاڵۆزە و لەژێر فشارێكی زۆردایە، دەبێت بەردەوام بین لە هەوڵەكانمان بۆ باشتركردنی بارودۆخەكە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لوتكەی جیهانیی حكومەتەكان لە وڵاتی ئیمارات رایگەیاند، دۆخەکە ئاڵۆزە و حکومەتی هەرێمی کوردستان گوشاری لەسەرە و دۆخەکە بە گشتی نالەبارە، وڵاتێکین پڕە لە کێشە و لە ناوچەکە و هەرێمیش بەهەمان شێوە پڕە لە کێشە.
وتیشی، دەبێت ئێمە رەچاوی ئەو دۆخە بکەین و دەشبێت ئارامییەکی ئابووری و سیاسیی بگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بۆئەوەشكرد، بڕیاری دادگای فیدراڵی كاریگەری لەسەر كەرتی وزەی هەرێم دەبێت، چاوەڕێی حكومەتی فیدراڵین تاوەكو بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارە دەكات.
تاڵەبانی روونیشیكردوە، هیچ كۆمپانیایەكی نەوتی نێودەوڵەتی نەهاتووەتە هەرێم بەبێ ئەوەی هەڵسەنگاندنی بۆ دەستوری عیراق و دۆخی كەرتی نەوت و گازی هەرێمی نەكردبێت، ئەگەر بیانزانیایە گرفتێك هەیە و كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان نایاسایی بوایە، ئەو مەترسیەیان نەدەگرتەبەر.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەشڵێت، راستە نرخی نەوت لەبەر چەند كێشەیەكی جیهانی بەرزبووەتەوە، ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی تەمبەڵبوونەوەی ئێمە و سبەی نرخەكە دابەزێت تووشی كێشە دەبین، بۆیە دەبێت سوود لە ئەزمونی وڵاتە پێشكەوتووەكان وەربگرین، پێشیوایە پشتبەستن بە نەوت بۆ داهات هەڵەیەكی گەورەیە و دەبێت هەنگاو بە هەنگاو دووربكەوینەوە لەم كەرتە و شوێنگرەوە دیاری بكەین .
دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێم تاڵەبانی وتی ، بارودۆخی دارایی ئاڵۆزە و لەژێر فشارێكی زۆردایە، دەبێت بەردەوام بین لە هەوڵەكانمان بۆ باشتركردنی بارودۆخەكە.