هەرێم نیوز
ئەمڕۆ یادی 34
ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە دەکرێتەوە، کە تائێستا شوێنەواری کیمیا بەسەر جەستەی
خەڵکەکەی و شارەکەوە دیارە و برینی زۆر لە بەرکەوتووان ساڕێژ نەبووە و بە دەست
ئازارەوە دەناڵێنن.
لە 16/3/2022،
رژێمی بەعسی لەناوچووی عێراق شاری هەڵەبجەی کیمیابارانکرد، کە بەهۆیەوە نزیکەی 5 هەزار
کەسی ئەو شارە شەهید بوون و زیاتر لە 10 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. کە تائێستا
بە دەیان بەرکەوتووی کیمیاباران برینەکانیان چارەسەر نەبووە و هەندێکیان بەردەوام
داو و دەرمان بەکاردەهێنن و بۆ چارەسەر لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستان سەردانی نەخۆشخانەکان
دەکەن.
لە 7/3/2019، نەخۆشخانەیەکی
تایبەت بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کرایەوە، بەڵام داو و دەرمان و چارەسەری هەموو
بەرکەوتووان لەو نەخۆشخانەیەدا نییە، بەڵکو هەندێکیان لە نەخۆشخانەی شارەکانی
کوردستان و دەرەوەی کوردستان چارەسەر وەردەگرن. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێستا نزیکەی
400 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە بەردەوام چارەسەر وەردەگرن.
لە 13/3/2014 ئەنجوومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی دا و هەڵەبجە لە قەزاوە
کرا بە پارێزگا، بۆ ئەوەی لە رووی ئیدارییەوە خزمەتی زیاتر دانیشتووانی شارەکە و دەوروبەری
بکرێت، ئێستا زۆر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و دامەزراوەی دیکە لە شارەکە کراونەتەوە.
لە کۆبوونەوەی هەفتانەی
خۆیدا ئەمڕۆ ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی
كوردستان، چهند پرسێكی پهیوهست به پارێزگای ههڵهبجه تاوتوێ دهکات.
جوتیار عادل،
گوتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان، رایگهیاند، تاوتوێكردنی ئهو پرسانه لەپێناو
پێشخستنی زیاتری ئاستی خزمەتگوزارییه بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە.
ئەمڕۆ لە هەڵەبجە
بە چەندین چالاکی یادی کیمیاباران دەکرێتەوە. کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری کاروباری
شەهید و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە رایگەیاند: "ئەمڕۆ زۆر لە بەرپرسان و خەڵکی دیکە
بۆ بەشداریکردن لەو یادە سەردانی هەڵەبجە دەکەن و تاجە گوڵینە لەسەر گڵکۆی شەهیدان
دادەنێن، هاوکات چەند وتار پێشکەش دەکرێن و دوو پێشانگای فۆتۆگرافی دەکرێنەوە، هەروەها
لە زانکۆی هەڵەبجە کۆمەڵێک چالاکی بەڕێوەدەچن".