دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڤاڵ ئەبوبەکر: پێشنیازم بۆ پزیشکیان کرد دەستپێشخەری ئاشتی لە ناوچەکەدا ڕابگەیەنێت

هەرێم نیوز
پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بە سەرۆککۆماری ئێران گووتبوو چەکی ئاشتی بەهێزترە لە چەکی ئەتۆم.

 دەقی نووسراوەکەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی: 
لە دیداری ڕۆژی ٢٢ی مانگی ئایاری پێشوودا، لەگەڵ دکتۆر پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێراندا، لە کرۆکی گفتوگۆکانماندا؛ جەختم لەسەر ئەوە کردەوە کە چەکێک کە لە ئەتۆم کاریگەرترو بەهێزتربێت؛ (ئاشتی)یە، پێشنیازمکرد کە ئێران دەستپێشخەریی دیالۆگ و ئاشتیی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی؛ لە پێناوی سەقامگیریی ئاسایش و ئابوریی ئەم ناوچە هەستیارو گەرمەی دنیادا؛ ڕابگەیەنێت. مەترسییەکانی شەڕێکی چاوەڕوانکراو دوربخرێتەوە، بەتایبەتیی کە سەقامگیریی ئەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە؛ دەکاتە سەقامگیریی هەموو دنیا. 
جەنگی جیهانیی سێیەم پەنهانانەو هێواشانە دەستیپێکردووە؛ لە ئۆکرانیا، بڵێسەیدا، بەزۆر شوێنی ئەم ناوچەیەو دنیادا بێئەوەی بارگە هەڵگرێت و بڕوات؛ تێدەپەڕێت، ئێستا کڵپەی سەندووە، تا ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا، هیچ یەکێک لە لایەنە دیارو بەشدارو هاندەرو پشتیوان و خۆحەشاردەرەکان؛ لەگەڵ ئەوەی دوا تەکنۆلۆژیای گوێهەڵخستن و هەواڵگریی و سیاسیی و سەربازیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و دۆست و بەیارو مقاش و دەستکێش و دەمامک و نەیارو کرێگرتەو بریکارەکانیان؛ دژی یەکتر بەکاربردووە؛ بەمانای دیدی سەربازیی؛ سەرکەوتوونەبوون، بە مانای بەهامرۆڤایەتییەکانیش؛ هەموو دۆڕاون، بۆیە وادەخوازێت عیبرەت لە شکست بکرێت، کاتی ئەوەیە هێزی لۆژیک بخرێتەکارو، دەستپێشخەریی بۆ دیالۆگ و ئاشتیی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بکرێت، مرۆڤ و مرۆڤایەتیی و سروشت و ژینگەو گەردوون، لە شەڕو جەنگ و ئەتۆم دەربازبکرێت، بەدەستی خۆمان ماڵە ئاوەدانەکەی زەوی؛ تەفروتونا نەکەین.
دەبێت لەسەر بنەمای ئاشتییەکی سەقامگیری لەنگەرگرتوو، کە مافی ژیان بەهەموو مرۆڤەکان، هەموو جیاوازەکان بداتەوە، نەخشی نەخشەی نوێی جیهان دابڕێژرێتەوە، جیاوازیی بکەینەوە بە بنەمای یەکترتەواوکردن، نەک یەکترلەناوبردن.
بەڵێ بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانەی سەرتاسەریی گەردونیی، نا بۆ شەڕ لە هەر شوێنێک بێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP