هەرێم نیوز
ئەمرۆ دووشەممە، لە شاری هەولێر بۆ گفتۆگۆكردن لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.
لەبارەی كۆبونەوەكەشەوە، کاردۆ محەمەد، رێکخەری ژووری پەرلەمان لە بزووتنەوەی گۆڕان بەرۆژنامە نوسانی راگەیاند،"لە رووی یاساییەوە سەرۆکایەتی هەرێم پەیوەندیدارە بەوەی رۆژی هەڵبژاردن دیار بکات".
راشیگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت، هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت، بەڵام یاساکە لە خزمەتی بەهێزکردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دا بێت.
وتیشی "ئێمە پێمانوایە دەبێ یاسای هەڵبژاردن بەشێوەیەک بێت، کە خەڵکی خاوەن بڕیاری سیاسی بێنە ناو پەرلەمان، بۆ ئەوەی پەرلەمان بەهێزبێت".
سەبارەت بە پرسی دەستووريش، کاردۆ محەمەد ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبووەنەوەیاندا لەگەڵ شاندی سەرۆکایەتی هەرێم جەخت لەوە کراوەتەوە، کە دەستوورێکی هاوچەرخ و دیموکراتی بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە.
ئەم سەردانەی شاندنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە ئەمرۆ ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆوەرگرتنی بۆچونیان لەمەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان شاندێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی لایەنەکان دەکات.