هەرێم نیوز
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت"یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە و لەزۆر لایەنەوە گۆڕانکاریی پێویستە بۆ ئەوەش هەر هەموارکردنێکی یاسای هەڵبژاردن بەلانی کەمەوە یەک ساڵی پێویست دەبێت، کە ئەو کاتەمان لەبەردەستدا نییە و پەرلەمان بەو ماوە کەمە و لەو کاتەدا ناتوانێت ئەوە بکات".
ئەمڕۆ دووشەممە 24ی کانوونی دووەمی 2022، شێروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاندوە، "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەلانی کەمەوە شەش مانگی پێویستە بۆ ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێک لەوانەش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بەپێی یاسا دەبێت لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵی 2022 بکرێت، بەو پێیە دەبێت تاوەکو 31ی ئاداری 2022 کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە راسپێردرابێت، لە ئێستاشەوە بۆ ئەو کاتە نزیکەی دوو مانگمان لەبەردەست ماوە، بەهۆی ئەوەشی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو 1ی ئاداری 2022 لە پشوودا دەبێت، بۆیە فریای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەنجوومەنێکی نوێی کۆمیسیاران ناکەوێت".
دەشڵێت: "یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە و لەزۆر لایەنەوە گۆڕانکاریی پێویستە بۆ ئەوەش هەر هەموارکردنێکی یاسای هەڵبژاردن بەلانی کەمەوە یەک ساڵی پێویست دەبێت، کە ئەو کاتەمان لەبەردەستدا نییە و پەرلەمان بەو ماوە کەمە و لەو کاتەدا ناتوانێت ئەوە بکات".
ئاماژەشى بەوەکردوە، "ئێستا داواکارییەکان بۆ گۆڕین و گۆڕانکاری لە ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و دووبارە دابەشکردنەوەی هەیە کە ئەم دابەشکردنەی ئێستا پشتبەستووە بەهەڵبژاردنی ساڵی 2013، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا لایەنی دیکە لە گۆڕەپانەکە هەن و ئەو پرسەش پرسێکی ئاوا ئاسان نییە، لەو باوەڕەدا نیم پەرلەمانی کوردستان بتوانێت لە ماوەی یەک مانگدا دەنگ لەسەر ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بدات و هەموار و دەستکاریی ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بکات و لەسەر ناوەکان رێککەوتن لە پەرلەماندا بەئاسانی بێتە کایەوە، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە لە ماوەی ئەو مانگەی لەبەردەم پەرلەمانی کوردستاندا هەیە تەنیا دەتوانێت بۆ سێ ساڵی دیکە ماوەی کارکردنی ئەو ئەنجوومەنی ئێستا هەیە درێژبکاتەوە".
بەپێی ماددەی یەکەم بڕگەی یەکەم لە یاساى ژماره (2)ى ساڵى 2017ى یاساى دابهشكردنى دهسهڵاتهكانى سهرۆكایهتى ههرێم بهسهر دامهزراوه دهستوورییهكانى ههرێم، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە مەرسوومی ژمارە 1ی ساڵی 2018 رۆژی 30/9/2018 دیاری کرد وەک وادە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.