د.جەعفەر عومەر - پزیشکی پسپۆری دەروونی
خودی نەخۆشی خەمۆکی بەو ٩ نیشانە سەرەکییە دەستنیشاندەکرێت کە لە پۆستی پێشوودا باسکراوە ، بەڵام چەند نیشانەیەکی تر هەن کە تووشبووان بە نەخۆشی خەمۆکی هەیانە و هەندێکجار نەخۆش هەست بەم نیشانانە دەکات و جاری واش هەیە ئەم نیشانانە هۆکارن بۆ دەرکەوتنی نیشانە سەرەکییەکان، ئەو نیشانانەش ئەمانەن:
نیشانە جەستەییەکان: جگە لە نیشانە جەستەییەکانی کە لە نیشانە سەرەکییەکان باسکروان (خەو, خواردن, جوڵە, بێهێزی) زۆربەی کات نەخۆش هەست بە ئازاری لاشەی دەکات وەکو سەرئێشە و لەشئێشە.
ئەمەش هۆکارەکەی دڵتوندییە کە ناتوانن دەریبرن بۆ چواردەور، لەبەرئەوە دەگۆرێت بۆ نیشانە جەستەییەکان. لە کۆمەڵگەی کوردیدا زۆرجار ئەم نەخۆشییە بە نیشانە جەستییەکانی وەکو ئازار دێنە لای پزیشک و پاش چەندین پشکنینی تاقیگەیی و گۆرینی چەندین دکتۆر نەخۆشییەکەیان دەستنیشان ناکرێت یان چاکنابنەوە!
نیشانە زیهنییەکان یان هەڵە زیهنییەکان: تێکچوونە لە بیرکردنەوە و تێگەیشتنەکانمان بۆ ژیان و چواردەور، بۆ نمونە بیرکردنەوەکانیان زۆربەی سلبیییە.
یان شتی بچوک گەورە دەکەن. ئەم نیشانانەش هەندێکجار بە نیشانە سەرەکییەکانی وەکو هەستی خۆبەکەمزانین و هەستکردن بە تاوان دەردەکەون. ئەم نیشانانە رۆڵی سەرەکییان هەیە لە چارەسەر و چاکبونەوەی نەخۆش و دیاریکردنی جۆری چارەسەر.
نیشانە دەرونییەکانی تر: هەندێکجار نەخۆش نیشانەی دەرونی تری دەبێت بەتایبەت قەلەقی، هەروەها دەگونجێت کە رارایی یان وەهمی هەبێت.