دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 04/01/2022

ئـەركی خێزان بەرامبەر بە منداڵ

منداڵ ئەو مرۆڤەیە كە تەمەنی لە خوار هەژدە ساڵییەوەیە. هەموو مافێكی تایبەتی خۆی هەیە. بەپێی ڕاگەیاندنی مافەكانی منداڵان، هەموو منداڵێك دەتوانێت ئەو مافانەی هەیەتی پێی شاد بێت، بەبێ‌ جیاوازیی ڕەنگ و ڕەگەز و ئایین و نەتەوە.

كۆمەڵگەی كوردی یەكێكە لەو كۆمەڵگه‌یانەی كە تا ئێستا نەتوانراوە منداڵ بە شێوازێك پەروەردە بكرێت كە هەموو مافەكانی بۆ فەراهەم بكرێت.

ئەمەیش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لەوانە: كەمیی ئاستی ڕۆشنبیریی دایكان و باوكان و نەبوونی پلانێكی تۆكمە و پێشوەختە بۆ پەروەردەكردنی منداڵ لە لایەن دایكان و باوكانەوە؛ هەروەها دایكان و باوكان بەپێی ویست و مەزاجی خۆیان مامەڵە لەگەڵ منداڵ دەكەن نەك بەپێی پلان و بەرنامەی زانستی، بەبێ‌ گوێدانە ئەوەی كە ئەو جۆرە پەروەردە و ڕەفتارە چ كاریگەرییەكی لەسەر بونیاد و كەسایەتیی ئەو منداڵە لە داهاتوودا دەبێت.

لە ئێستادا لە لایەن خێزانەكانەوە بە ئامانجی پێگەیاندنی منداڵێكی سەركەوتوو، پەیڕەوی لە كۆمەڵێك شێوازی پەروەردە دەكرێت وەكوو: پەروەردە بە هێنانەوەی نموونەی بەرز: لەم شێوازەدا پەیڕەوی لە هێنانەوەی نموونەیەكی جوان و سەركەوتوو دەكرێت بۆ ئەوەی منداڵ بیكات بە پێشەنگی خۆی، بۆ نموونە سیفەتی كەسێك كە ناوبانگی هەبێت و خاوەن ڕەفتار و ڕەوشتی بەرز بێت.

پەروەردە بە ئامۆژگاریكردن: لێرەدا لە پەروەردەكردنی منداڵدا، لە لایەن خێزانەوە پەنا بۆ ئامۆژگاریكردنێكی تەندروست دەبردرێت.

پەروەردە بە پاداشت و سزادان: ئەمەیش پەیوەستە بە جۆری وەڵامدانەوە بۆ ئەو ڕەفتارەی منداڵەكە ئەنجامی دەدات، وەكو پاداشتكردنی منداڵ لە كاتی ئەنجامدانی كارێكی دروست و گونجاو، سزادانی لە كاتی ئەنجامدانی ڕەفتاری نادروست بە ئامانجی دووبارەنەكردنەوی ئەو ڕەفتارە.

پەروەردە بە گێڕانەوەی چیرۆك: پەروەردەكردن بە نموونەهێنانەوەی ڕووداوێك، وەك عیبرەتهێنانەوە كە كەسێك چیی بەسەر هاتووە بۆ ئەوەی دەرسی لێ وەربگرێت.

بۆیە گرنگترین ئـەركی خێزان ناسین و زانینی داوا و خواست و مافەكانی منداڵە، كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە چوارچێوەی مافەكانی گەردوونیی منداڵ گەڵاڵەی كردووە.

بە ناسینی مافەكانی منداڵ، ڕاستەوخۆ دەبنە ئـەركی خێزانەكان و، گرنگە خێزان جێبەجێی بكات و لە ئـەستۆی بگرێت.

ئـەو ئـەركانە لەم خاڵانەی خوارەوەدا دیاری دەكەین، وەكو خێزان ده‌ست ده‌كات بە گۆشكردن و، ژیاندنی منداڵ لە ساڵەكانی سەرەتای ژیانیدا تاكوو كاتی گەورەبوون.

خێزان پێداویستییەكانی خۆراك و تەندروستی و جلوبەرگ بۆ منداڵ دابین دەكات و، منداڵ چەندەها ساڵ لەژێر سایەی سەرپەرشتی و پاراستنی خێزاندا دەژی.

منداڵ گەلێ كاری جوان لە خێزانەوە فێر دەبێت وەكوو: پاكوخاوێنی.منداڵ لە خێزانەوە فێری خوڕەوشتی جوان و ڕێنمایییە كۆمەڵایەتییەكان دەبێت.

خێزان منداڵ فێری ڕێزگرتنی خەڵك و چۆنێتیی ئـاخافتن لەگەڵیاندا دەكات.خێزان لە منداڵدا تۆوی خۆشەویستی و یارمەتیدانی خەڵك و ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی دەچێنێت.

منداڵ لە خێزاندا، فێر دەكرێت كە ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرێت و دەستدرێژی نەكاتە سەر مافەكانیان.

ئـەركێكی گرنگی خێزانە كە منداڵ فێری ڕاستگۆیی و لێبووردن و ڕێزگرتنی بیروباوەڕی كەسانی تر و پێكەوەژیان بكات.

منداڵ لە خێزانەوە فێر دەكرێ، لە پاكڕاگرتنی ژینگە و هەموو ئـەو كەلوپەل و دەزگه‌یانەی كە موڵكی گشتین.خێزان دەبێت ژینگەیەكی هێمن و ئـارام دابین بكات تا منداڵ بە شێوەیەكی ئـاسوودەیی و دڵنیایی بژی.منداڵ لە خێزانەوە فێری بنەما ڕێكخراوەیییه‌كانی ژیانی كۆمەڵایەتی بێت.

ئـەركە لەسەر خێزان كە منداڵ بخەنە بەر خوێندن و، هەموو پێدویستییەكانی بەردەوامبوونی لە خوێندن بۆ ئـامادە بكات.

خۆشویستنی منداڵ و دەربڕینی خۆشەویستی كە منداڵ هەست بكات خۆشەویستە، ئـەم هەستە بۆ گەشە و متمانەبەخۆبوونی پێویستە.

دەبێت خێزان منداڵ وەك مرۆڤ و كەسانێكی تایبەت سەرنج بدات و بایەخیان پێ بدات.ڕێزگرتن لە كەسایەتیی منداڵ و ئـازارنەدانیان و گوێلێگرتنیان و گفتوگۆكردن لەگەڵیان.

پەروەردەكردنیان بە هەستی بەرزی نیشتماندۆستی و خۆشویستنی وڵات و كاركردن و پاراستنی نیشتمان.

پێگەیاندن و پەروەردەكردنی لەسەر ڕەوشتی بەرز و باڵا و، دووركەوتنەوە لە ڕەوشتی لادەر و زیانبەخش.

بەشداری لە گەشەپێدانی هەمەلایەنه‌ی فیكری و كۆمەڵایەتی و ئـابووریی منداڵ.

گەشەپێدانی توانای عەقڵی و دەروونی و جەستەیی و چاودێریی تەندروستیی منداڵ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP