هەرێم نیوز
بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی ڕایگەیاند، پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئیستیحقاقی کوردە و کوردیش کار بۆ وەرگرتنی دەکات.
ڕەوەند مەلا مەحمود، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند، دەستبەکاربوونی ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک وەکو پەرلەمانتاری عێراق یاخود دەست بەکارنەبوونی بەلای ئەوانەوە گرنگ نیە.
وتیشی،دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق، بەفەرمی داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکەن."
دەشڵێت:"لەگەڵ هەرلایەنێكی سیاسی رێك بكەوین بۆپێكهێنانی حكومەتی داهاتوی عێراق یەکێک لە خاڵەکانمان داواكردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوکە."
ئەوەشی خستەروو،"جگە لە کەرکوک، پۆستی پارێزگار لە هیچ پارێزگایەکی عێراق بە وەکالەت بەڕێوەنابرێت، بۆیە دەبێت ئەم کێشە چارەسەر بکرێت."
سەبارەت بەداوای پارتیش بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك،ڕەوەند مەلا مەحمود، وتی،"پارتی بەفەرمی داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوکی نەکردووە، هەندێک خەڵک لەخۆیەوە لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە داوە، ئێمە و پارتی تا ئێستا یەک تیمین بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانی میللەتەکەمان."
لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەلایەن ڕاکان جبوریەوە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت و كوردیش كە زۆری دانیشتوانی پارێزگاكە پێك دێنێت بەردەوام پێداگری لەوەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكات.