دواین هەواڵ

ئابوری‌

 22/11/2021

یۆرۆ بەردەوامە لەدابەزین

هەرێم نیوز
رۆژی دووشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان، لە کیشوەری ئاسیا بەهای پشکەکان لە بازاڕەکاندا بە دابەزینی کەم کرانەوە، لەکاتێکدا نرخی نەوت و بەهای یۆرۆ دابەزینی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینی.


بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار بەرێژەی 0.2٪ دابەزی بۆ 1.1280 دۆلار کە نزمترین ئاستیەتی لە 16 مانگی رابردوودا.دابەزینی بەهای یۆرۆ لەو ماویەدا بەهۆی ئەوە دروستبووە کە گەشە و جموجۆڵی ئابووریی ئەوروپا پاشکەوتووە بەراورد بە گەشەی ئابووریی ئەمریکا.

دراوەکانی دیکە کە بە سامانی سەلامەت هەژماردەکرێن لەگەڵ زێڕ قازانجیان لەو نیگەرانییە کردووە کە بەم دوایانە لەسەر بازاڕەکانی بۆرسە دروستبوون و نرخەکانیان بەرزبووەتەوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە پشووەکانی سەری ساڵ پێشبینی دەکرێت قەبارەی بازرگانیی ئەمریکا کەمبێتەوە بەڵام هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا لە ئەوروپا، نیگەرانی درووستبووە لەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیانی بەرچاو لە ئابووری ئەوروپا بدات، بەتایبەتی خەڵک بێتاقەت بوون لەوەی کە جارێکی دیکە قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیەنرێت و دژی سنووردارکردنی هاتووچۆش خۆپێشاندان کراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا وەبەرهێنەران و بازرگانان ئەم هەفتەیە چاویان لەسەر وتاری سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەوروپا و بەریتانیایە. نەمسا بۆ چوارەمین جارە قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاندووەو ئەڵمانیای دراوسێشی رایگەیاندووە ئەگەری هەیە وەک نەمسا هاتووچۆ لە ناوچە سنوورییەکان سنوورداربکات.

جەین فووڵی، شرۆڤەکاری رابۆبانک لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نیگەرانییە جیوسیاسییەکان لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتە هۆکار کە پێشبینی دابەزینی بەهای یۆرۆ بکەین، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار دابەزی بۆ خوارەوەی ئاستی 1.15 ".

بەپێچەوانەی مەترسییەکان لەسەر ئابووریی ئەوروپا، ئابووریی ئەمریکا بەپێی ئامارەکانی هەفتەی رابردوو پەیوەست بە وردەفرۆشی هێشتا بەردەوامە لە گەشەکردن، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەهێز مانەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە.

جەین فوولی پێیوایە بەهای یۆرۆ لە بەرامبەر دۆلار تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو لە نزیک ئاستی 1.12 دەمێنێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP