دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11/11/2021

لیژنەیەکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی سنوری بیلا روسیا دەکات

هەرێم نیوز
لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان له‌ چوارچێوه‌ی به‌یاننامه‌یه‌كدا رایده‌گه‌یه‌نێت، دوا ھەوڵی ئێمە بۆ ئەو پرسە نیشتیمانییە بڕیاری سەردانمانە بۆ سنووری ئەو وڵاتانە تا لە نزیکەوە لە ئازاری خەڵکی خۆمان ئاگادار بین و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە قسە بکەین.


ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

ھاووڵاتیانی ئازیز، ماڵبات و کەس و کاری پەنابەرانمان لە وڵاتی بێلاڕووس و وڵاتانی دیکە، لە کاتێکدا کە کۆچی گەنجانمان بۆ دەرەوە و دیمەنەکانی سەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆله‌ندا ھەمووانی نیگەران کردووە، ھەوڵەکانمان بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی هه‌رێمی كوردستان بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیه‌ك و چارەسەر کردنی ھۆکارەکان.

دوا ھەوڵی ئێمە بۆ ئەو پرسە نیشتیمانییە بڕیاری سەردانمانە بۆ سنووری ئەو وڵاتانە تا لە نزیکەوە لە ئازاری خەڵکی خۆمان ئاگادار بین و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە قسە بکەین.

لەو ساتەدا پەرلەمانتار بەڕێز (سیروان بابان) کە ھاوکات ئەندامی لیژنەکەشمانە بێ گوێدان بە ھەست و سۆزی کەسوکاری پەنابەرانمان و دوور لە  ئیتیكی  کاری پەرلەمانتاری لە کەناڵێكی ئاسمانی ھەواڵێکی دوور لە ھەموو ڕاستیەک بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ کە گوایە یەکێتی ئەوروپا بڕیاری داوە سنوورەکانی پۆلۆنیا واڵا بکات تا ئەو کۆچبەرانە بگه‌ن به‌ ئەوروپا.

ئەم لێدوانه‌ی پەرلەمانتاری ناوبراو پێچەوانەی لێدوانەکانی بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا و سیاسەتی ئەم وڵاتانەیە کە جەخت لە سەر توندووتۆڵکردنی زیاتری سنوورەکان دەکەنەوە و داوا دەکەن خەڵک ئەم ڕێگانە نەگرنە بەر تا تووشی ئەو نەھامەتییە نەبن و پارەکانیان لە لایەن قاچاخچییەکانەوە نەدزرێت.

بۆیە ئێمە وەک لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو ھەواڵەی ناوبراو کە دورو نزیك گوزارشت لە ڕای لیژنەکەمان و پەرلەمانی كوردستان ناکات، ھاوکات پێمان وایە ئەو ھەواڵە بەشێوەیەکی خراپ ھانی گەنجی ئێمە دەدات کە ڕێگەی ھاتوونەھات بگرنەبەر و تووشی نەھامەتی و مەرگەسات بن.

لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان

10- 11- 2021



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP