دواین هەواڵ

عێراق‌

 29/10/2021

مالیکى: سەرۆک وەزیرانى داهاتوو بەرەزامەندی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دیاریدەکرێت

هەرێم نیوز
سەرۆکى هاوپەیمانێتى دەوڵەتى یاسا ڕایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیرانى داهاتووى عێراق کەسێکى تەواو عێراقییە و بەرەزامەندی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دیاریدەکرێت.

 نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق نە بەتەوای لایەنگری رەوتی سەدرە و نە لایەنگری مالیکیش، بەڵکو کەسێکی تەواو عێراقیی دیاریدەکرێت.

نوری مالیکی لە لێدوانێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوەکرد، سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق بەپێی دەستور و یاسای عێراق و بەرەزامەندی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دیاریدەکرێت.

مالیکی، دەشڵێت: سەپاندنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق لەلایەن کوتلەیەکی دیاریکراوەوە رەتدەکەینەوە ئەگەر ڕەچاوی تەوافوقی سیاسی تێدا نەکرێت.

لە هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، هاوپەیمانێتى دەوڵەتی یاسا کە مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، توانی ٣٧ کورسی بەدەستبهێنێت، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی ٢٠١٨دا ٢٥ کورسی بەدەستهێنابوو.

رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەچوو، دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەکەش، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "ئەنجامی بەراوردکاری دەنگە دەستیی و ئەلیکترۆنییەکان، هاوتابوون".

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP