هەرێم نیوز
بافڵ تاڵە بانی، ڕایدەگەیەنێت:"ئەوانەی یەکێتییان بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندی تایبەت بەکاردەهێنا، دووردەخرێنەوە و ڕێگە نادەین حزبی شەهیدان ببێتە لانەی لەیاسا دەرچووان و ئەوانەی لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون".
بافڵ تاڵە بانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەئامادەبونی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی کەمئەندامانی سەنگەر كۆبووە و ڕایگەیاند،"یەکێتی شانازی بە خەبات و تێکۆشانی ئێوەی قارەمانەوە دەکات، ئێوەبوون لە رۆژانی سەختدا لەپێناو سەربەرزی کوردستان و یەکێتیدا بە رۆحێکی شۆڕشگێڕانەوە خەباتتان دەکرد و گڕوتینێکی ترتان بە شۆڕش دەبەخشی، ئێستاش یەکێتی ماڵی ئێوەیە و دەبێت پێش هەموو کەسێک خۆتان بە خاوەنی بزانن".
هاوسەرۆكی یەكێتی لە كۆبونەوەكەدا ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەوانەی یەکێتییان بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندی تایبەت بەکاردەهێنا، دووردەخرێنەوە و ڕێگە نادەین حیزبی شەهیدان ببێتە لانەی لەیاسادەرچووان و ئەوانەی لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون، یەکێتی دەخەینەوە خزمەت خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
وتیشی ،داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکات و ژیانێکی ئارام و شایستە بۆ خەڵک دەستەبەر بکات.
ڕاشیگەیاند،"یەکێتی بەرهەمی خوێنی شەهیدان، کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسییە، ئێمەش وەفادار دەبین و تێکۆشانی ئەوان لەبیرناکەین".