ئاکار نامیق
خەمۆکی نەخۆشیەکی دەروونیە کە دەبێتە هۆی خەم و بێزاری بەردەوام و لەدەستدانی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا !
زۆربەی کەسەکان هەندێک کات هەست بەبێزاری و بێ تاقەتی دەکەن بەهۆی کێشەکانی ژیان یان لەدەستدانی کەسێکیانەوە ، ئەمە هەتا ئێرە ئاساییە ، بەڵام ئەگەر هەست کردن بەبێزاری و بێ تاقەتی و بێ ئوومێدی لە چەند ڕۆژ یان چەند هەفتە زیاتری خایاند و تێ پەڕی کرد ئەوا کەواتە ئەو کەسە تووشی خەمۆکی بووە !
نەخۆشی خەمۆکی لەسەر بیرکردنەوەو هەست و ڕەفتاری ئەو کەسە کاریگەری هەیە ، خەمۆکی دەتوانێت ببێتە هۆی تووشبون بە چەندین نەخۆشی دەروونی و جەستەیی ، کەسانی خەمۆک لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی ڕۆژانەیاندا بێ تواناو بێ ئیرادە دەبن ، بۆ تووشبوانی ئەم نەخۆشیە ژیان هیچ بەهایەکی نیە ، خەمۆکی نەخۆشیەکە هیچی کەمتر نیە
لە شەکرەو پەستانی وێن و نەخۆشیەکانی تر ،
لەبەر ئەوە لەکاتی هەستکردن بە نیشانەکانی دا پێویستە بەخێرایی چارەسەر بکرێت ، زۆربەی تووشبوانی خەمۆکی دوای خواردنی چارەسەرە پزیشکیەکان و جێ بەجێکردنی ڕێنماییە پزیشکیە دەروونیەکان چارەسەر دەبن .
نیشانەکانی نەخۆشی خەمۆکی چیە ؟
لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی ئینستیوتی میللی تەندروستی دەروونی ئەمریکا ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی خەمۆکی دەبن نیشانەو دەرکەوتەی یەکسانیان نیە وە ئەمانەی خوارەوەی نیشانەی ئەم نەخۆشیەن :
٭ کێشە لە تەرکیزکردن و یادەوەری و بڕیارداندا.
٭ هیلاکی و کەمبوونەوەی توانای لەش.
٭ هەستکردن بەتاوان و خۆبچووک بینین.
٭ ڕەش بینی و بێ ئوومێد بوون بەرامبەر بە داهاتوو.
٭ نائارامی و شووێن گۆڕینی بەردەوام.
٭ بێ خەویی و ، زوو هەستانی بەیانیان یاخوود زۆر خەوتن.
٭ لە دەستدانی پەیوەندی لەگەڵ ئەو شتانەی کە خۆشی بەمرۆڤ دەبەخشن .
٭ بێزاربوون لە ژیان بەبەردەوامی .
٭ زۆرخۆری و توڕەبوون ، یان کەمبوونەوەی ئیشتیها .
٭ سەرئێشە ، کەشەنگبوونی ماسولکەو کێشەی هەرس.
٭ گریان بەبێ هیچ هۆکارێکی تایبەت .
" نیشانەکانی خەمۆکی لە منداڵان و گەنجاندا دەکرێت کەمێک لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە لە کەسانی گەورەو بەتەمەندا جیاواز بێت.
نیشانەکانی خەمۆکی لە منداڵان و گەنجاندا :
٭ دڵەڕاوکێ ، توڕەبوون و دوور کەوتنەوە لە خێزان و کۆمەڵ .
٭ گۆڕانکاری لە شێوەی بیرکردنەوەو بەرنامەی خەو.
٭ کەمبوونەوەی تێگەیشتن و تێکچوونی چالاکی مێشک.
٭ ئەگەری هەیە منداڵان بەهۆی ئەرکەکانی قووتابخانەوە تووشی ئەم نەخۆشیە بن ،
وە لەگەڵ ئەم نیشانانەشدا هەستکردن بەم نەخۆشیە لە هەندێک کەسدا زۆر قورسە چونکە خۆیان نازانن نیگەرانی و بێزاری ڕۆژانەیان هۆکارەکەی چیە !
هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی خەمۆکی:
بەگشتی هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی پێکهاتەیەکە لە هۆکاری جینەتیکی ، جەستەیی کۆمەڵایەتی دەروونی ،
لێرەدا ئاماژە بە هەندێک هۆکاری ئەم نەخۆشیە دەدەین :
٭ گوێزەرەوە دەماریەکان
ئەمانە کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی سرووشتی مێشکن و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە خەمۆکی و خۆشحاڵی مرۆڤەوە هەیە ،
٭ هۆڕمۆنەکان
گۆڕانکاری لە ڕێژەی هۆڕمۆنەکانی لەشدا دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە خەمۆکی
٭ بۆماوەیی
خەمۆکی لەو کەسانەی کە خێزانەکانیان پێشینەی ئەم نەحۆشیەیان هەیە ئەگەری زیاترە .
٭ ڕووداوەکانی ژیان
ڕوداوە تایبەتەکانی وەک مردن یان لەدەستدانی کەسانێک کە زۆرت خۆش دەوێن ، یان کێشەداراییەکان دەتوانن ببنە هۆکاری خەمۆکی .