دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 3 هەفتە

بۆ یەکەمجار ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی هاتە دەنگ

هەرێم نیوز
ڕزگار عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گەشبینە بەچارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی لەبەرژەوەندی حزبەکەی.

ڕزگار عەلی، کەیەکێکە لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەربە لاهور شێخ جەنگییە و لە نوسینێکدا بەناونیشانی ئەرکی ئەمڕۆمان دەڵێت،

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە مێژووی خۆیدا زۆر بارودۆخ و قەیران و کێشەی گەورە و سەختی روو بەروو بوەتەوە کە نەیانتوانیوە کاریگەرییان ھەبێت لەسەر  سەنگ و قورسایی یەکێتیی لە ھاوکێشە و گۆڕەپانی سیاسیدا.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە پێویستی دەزانێ کە ھەموو ھەڤاڵانیان لە سەرکردایتی و کادرانی یەکێتیی لە ھەموو ئۆرگانەکان زۆر بە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە کێشەدارەی نێوخۆی یەکێتیی بکەن.

هەروەها دەشڵێت، ھەموومان دەست لە ناو دەست ھەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ کۆتاییھێنان بەم دۆخە و دڵنیاتان دەکەینەوە کە ھەوڵ دەدەین بۆ ئەو ئامانجەی کە لە بەرژەوەندی یەکێتیی بێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە  ڕۆژی 8-7-2021  گرژی و ململانێی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی نزیکبووە لەپێکدادانی سەربازی، بەڵام بەهەوڵ و نێوانگیری ناوخۆیی و دەوڵەتانی ئیقلیمی دۆخەکە هێورکرایەوە.

هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی كێشەی نێوان پافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی زۆرینەی هێزی سەربازی و ئەمنی پشتگیری بافڵ تاڵەبانی بوون و میدیای فەرمی حزبەكەش بافڵ تاڵە بانی وەك سەرۆك ناساند.

هاوكات زۆربەی سەرکردە کۆنەکانی یەکێتی چونەتە پاڵ بافڵ تاڵەبانی، چونکە ئەوان لەکۆنگرەی چواری یەکێتییەوە پەراوێزخراون، پێیانوایە ئەوەی بەرپرسی یەکەم و کۆتاییە لەو پەراوێزخستنە لاهور شێخ جەنگییەو سەرکردایەتی پڕکردوە لە خەڵکانی بێ ئەزمون و خاوەن ئەزمونەکانی خستوەتە دەرەوەی بازنەکان.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردووش 11-7-2021، بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاله‌بانی‌ پۆستی به‌رپرسی هێزی دژه‌ تیرۆر و دەزگای زانیاریان یه‌كلاكرده‌وه‌و له‌بری پۆڵاد شێخ جه‌نگی، برای لاهور شێخ جه‌نگی، وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌ییان كرد به‌ به‌رپرسی ئه‌و هێزه‌ و  ئه‌ژی ئه‌مین، له‌بری محەمەد تەحسین تاڵەبانی كرایە بەرپرسی دەزگای زانیاری.

ڕۆژی 13-4-2021 لەلایەن هێزێکی سکرتارییەتی مام جەلالەوە دەست بەسەر دامەزراوەی میدیای ئای پڵەسی لاهور شێخ جەنگیدا گیرا و دوای سەعاتێک لەدەستبەسەرکردن، دواتر تەواوت کارمەندان ئازادکران.

ڕۆژی 14-7-2021 یەکێک لە ماڵپەڕە چالاکەکانی لاهور شێخ جەنگی بەناوی ژیان داخرا و بڕیار وایە لەسەر سکاڵای یەکێتی تەواوی پەیجەکانی لاهور شێخ جەنگی لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا دابخرێن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP