هەرێم نیوز
مونا قەهوەچی ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە بڕیارێکی کاغەزی یان بەخشینێکی سیاسی دانەمەزراوە، بەڵکوو ئەم قەوارەیە بە خوێنی شەهیدان، خەباتی پێشمەرگە و قوربانیی گەلی کوردستان هاتووەتە کایەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی 6ـی 2026، مونا قەهوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان جەختی کردەوە، جێگەی داخە کاتێک سەرۆکی حزبێکی کورد دژی قەوارە و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەوەستێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ڕەخنەی بەرپرسانە پێویستە، بەڵام هێرشکردنە سەر قەوارەی هەرێم بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی هەڵە و شکستە سیاسییەکان، خزمەت بە چاکسازی ناکات، بەڵکوو زیان بە بەرژەوەندیی گشتی و متمانەی خەڵک دەگەیەنێت.
قەهوەچی هۆشداری دا، ئەوانەی لە پێناوی دەسکەوتی کاتی و بەرژەوەندیی حیزبیدا هەوڵی لاوازکردنی دامەزراوەکانی هەرێم دەدەن، دەبێت بزانن کە مێژوو هەڵوێستی نیشتمانی و نانیشتمانی لێک جیا دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکانی، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و نابێت بکرێتە بابەتێک بۆ پەردەپۆشکردنی کەموکوڕییە سیاسییەکان.